Archive

Saturday, November 17, 2018

"مستەر کورد" دەبێتەوە باسی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا



هێزه‌ر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باس لە رۆڵی کورد وەک هاوبەشێکی ئەمەریکا دەکات و جارێکی دیکەش نازناوی "مستەر کورد" بەکار دەهێنێت.

پەیامنێری کوردستان24 پرسیاری ئەوە لە ناوێرت دەکات کە ئایا هێشتا ئەمەریکا وەک هاوبەشی خۆی تەماشای کورد دەکات، ناوێرت گوتی: "تێڕوانینمان نەگۆڕاوە. کوردەکان هاوبەشێکی گەورەی ئێمەن، تۆ لەبیرتە کاتێک سەرۆک (ترەمپ)، بانگی یەکێکی كردو به‌ مسته‌ر كورد ناوی هێنا‌؟، ئایا ئەو لێرەیە ئەمڕۆ؟"
لە وەڵامدا پەیامنێری کوردستان24 دەڵێت: "ئەوە راستە، مستەر کورد پێزانینی زۆری بۆ ئەوە هەبوو و سوپاسی سەرۆک دەکات لەو بارەیەوە".
ناوێرت بە پێکەنینەوە دەڵێت، جارێکی دیکە بانگهێشتی ئەو بکەنەوە، ئێمە پێمان خۆشە ئەو لێرە بێت و كه‌یفمان پێی دێت..

لەبارەی ئەوەی کە عێراق چەند جارێک ئەمەریکای بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی تۆمەتبارە کردووە، وتەبیژ ناوێرت گووتی: "من وانازانم کە دەستێوەردانمان کردبێت، ئێمە رێز لە سەروەریی عێراق دەگرین. پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ خەڵکی عێراق هەیە، بەڵام بڕوامان وایە کە عێراق خاوەن سەروەریی خۆیەتی".

پێشتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ره‌حیم ره‌شیدی به‌ "مستەر کورد" ناوبرد و هەستی خۆشی بەرامبەر بە کورد نەشاردەوە کە کوردەکان وەک هاوبەش و هاوپەیمان تەماشا دەکات و فیداكاریان له‌ بیر ناكات.

No comments: