Archive

Sunday, July 5, 2020

كتێبێكی تایبه‌ت به‌ ژیان و مه‌رگی د. قاسملو له‌ ئه‌مه‌ریكا بڵاوكرایه‌وه‌



ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن. Kurdistan24

له‌ واشنتنی پایته‌ختی ئه‌مه‌ریكا، كتێبێكی تایبه‌ت به‌ ژیان و مه‌رگی عه‌بدولڕه‌حمان قاسملو، به‌ زمانی ئینگلیزی و به‌ قه‌باره‌ی 540 لاپه‌ڕه‌ بڵاوكرایه‌وه‌.

کارۆل پرۆنهۆبێر، رۆژنامه‌ڤان و نووسه‌رێکی ڤه‌نزوێلاییه‌ و دۆستی نزیكی (قاسملو) بووه‌، له‌ دووتوێی كتێبێكدا، باس له‌ ژیان و به‌سه‌رهاتی شه‌هید قاسملو و خه‌باتی رزگاریخوازى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان ده‌كات.

سه‌ره‌تا له‌ ساڵی 2008 نووسه‌ر کتێبێکی له‌سه‌ر به‌شێک له ژیانی سیاسی و به‌سه‌رهاتی قاسملو به زمانی ئیسپانی نووسیوه‌ و له کاراکاس چاپی کردووه، ساڵی دواتر نووسه‌ر بۆ خۆی ئه‌و کتێبه‌ی کردووه به ئینگلیزیی و له 2019 له‌ ئه‌مریکا چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌، دواتر كتێبه‌كه كراوه‌ته‌ كوردی و ‌له‌ 2019دا له‌ هه‌ولێر چاپ كراوه و وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر چه‌ند زمانێكى تریش.

نووسه‌ر، له‌ باره‌ی چۆنیه‌تی ئاشنابوون به‌ خه‌باتی شه‌هید قاسملو، وتارێكی پێشكه‌ش كرد و گوتی: "ئاشنابوونم له‌گه‌ڵ دۆزی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناسینی فیلمسازی به‌ناوبانگی كورد یه‌ڵماز گونه‌ی له‌ فێستیڤاڵی فیلمی كان كه‌ وه‌ك رۆژنامه‌وانێك تێیدا به‌شدار ببووم، له‌ سه‌ر داوای گونه‌ی زیاتر هه‌وڵمدا خۆم له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت تێكه‌ڵ بكه‌م و پتر له‌ سه‌ر زێدی خۆم و ئه‌مریكای لاتین لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌م‌ و شوێن پرسه‌ سیاسییه‌كان بكه‌وم. هه‌ر له‌ رێگه‌ی ئه‌ویشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌ سیاسیه‌كانی‌ دیكه‌ی كورد، وه‌ك كه‌نداڵ نه‌زان ئاشنا بووم، كه‌ ئه‌ویش منی به‌ قاسملو ناساند. ئاشنابوونم له‌گه‌ڵ دوكتور قاسملو تایبه‌ت بوو، چونكه‌ به‌ هۆی شاره‌زابوونی به‌ زمانی جیاجیا، قسه‌كردن له‌گه‌ڵی‌ ئاسان بوو، دواتر له‌ رێگه‌ی ئه‌و، گه‌شتی كوردستانم كرد و پتر له‌گه‌ڵ خه‌باتی كورد بۆ ئازادی ئاشنا بووم".

كارۆڵ باسی له‌وه‌ كرد، كتێبه‌كه‌ له‌ ئاكامی په‌یوه‌ندى قووڵ و دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ د. قاسملو و تێكه‌ڵاوبوونی له‌گه‌ڵ جووڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازى كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌رهه‌مهاتووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مووی گرنگتر "داوای كه‌سی و تایبه‌تی قاسملو بوو، كه‌ داوای كرد پاش مه‌رگی بۆ ناساندنی دۆزی كورد، كتێبێك له‌سه‌ر ژیانی بنووسرێته‌وه‌".

له‌ دوا بڕگه‌ى سیمیناركه‌دا، نووسه‌ر كتێبه‌كه‌ی بۆ ئاماده‌بووان واژۆ كرد.

#مسته‌ر_كورد

Wednesday, July 1, 2020

به‌ره‌و سپای نه‌ته‌وه‌یی كوردستان

ب

به‌‌ڕێز عەبدوڵڵا موهتەدی: "دەبێ بڕۆین بەرەو پێکهێنانی ئەرتەش و سپایەکی نەتەوەیی."

سه‌رچاوه‌، ئاسۆی رۆژ‌هه‌ڵات.

#مسته‌ر_كورد

ئینتەرپۆڵ گوێ به‌ داواكه‌ی ئێران نادات


          ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن

رۆژی دووشەممە، عەلی ئەلقاسی مێهر، دائه‌ستێنی گشتیی شاری تاران، رایگەیاند، بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ 36 بەرپرسی سیاسیی و سەربازیی ئەمریکا دەركردوە كه‌ به‌ قسه‌ی ئه‌وان له‌ كوشتنی قاسم سلێمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی سپاسی قودسی پاسدارانی ئێران دا ده‌ستیان هه‌بوه‌. تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، یه‌كێك له‌و 36 كه‌سه‌یه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ داوای ده‌سگیركردنیان كراوه‌. 

دائه‌ستێنی تاران باسی له‌وه‌ش كرد‌ كه‌سی یه‌كه‌می لیسته‌كه‌ واته‌ تره‌مپ، پاش ته‌واوبوونی ده‌وره‌ی سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌شی، ده‌سبه‌رداری ده‌سبه‌سه‌ركردنی نابن. به‌ گوێره‌ی قسه‌كانی دادئه‌سته‌نی تاران، دۆسیه‌كه‌ دراوه‌ته‌‌ پۆلیسی نێونه‌ته‌وه‌یی ئینتەرپۆل.

 پاش داواكه‌ی ئێران له‌ ئینتەرپۆل بۆ ده‌سبه‌سه‌ركردنی ئه‌و 36 كه‌سه‌، ئینته‌رپۆل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەدەم داواكه‌ی ئێرانه‌وه‌ ناچن، ئه‌وان ده‌س له‌ هیچ كارێك وه‌رناده‌ن كه‌ ناوه‌رۆكی سیاسیی، ئایینی، چه‌كداری یان خۆ ره‌گه‌زی هه‌بێ. 

برایان هووک، نوێنه‌ری تایبەتی ئەمریکا بۆ  كاروباری ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە سعودیە رایگەیاند، "ئەو داوایەی ئێران پڕوپاگەندەیەو هیچ کەسێک بە جیددی وەریناگرێت، داواكه‌ی ئێران  گەمژەیی ئه‌وان نیشان ده‌دات." 

قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران، بەهۆی هێرشێكی ئەمریكاوە لە رێگای فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، لە 3ی مانگی یه‌كی 2020 لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا كوژرا. 

سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌ فه‌رمیی رایگه‌یاند كه‌ به‌ فه‌رمانی راسته‌وخۆی ئه‌و قاسم سوله‌یمانی و شانده‌كه‌ی كراونه‌ته‌ ئامانج و كوژراون. هه‌نووكه‌ش تره‌مپ له‌ كێبه‌ڕكێی هه‌ڵبژارندی سه‌رۆكایه‌تی 2020دا، كه‌ بڕیاره‌ مانگی نوڤه‌مبه‌ر به‌رێوه‌ بچێ، بڕیاری كوشتنی قاسم سوله‌یمانی به‌ ده‌سكه‌وتێكی مه‌زن‌ بۆ به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ی ئه‌ژمار ده‌كات.

به‌رپرسانی ئه‌مریكا داوا ده‌كه‌ن خه‌ڵك ڕه‌چاوی خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا بكه‌ن.



ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن

مایك پێنس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا، له‌ سه‌ردانێك دا بۆ ولایه‌تی ته‌كساس، كه‌ هه‌نووكه‌ رێژه‌ی تووشبوان تێدا زۆر په‌ره‌ی گرتوه‌، داوای كرد كه‌ هاوڵاتیانی ئه‌مریكایی بۆ خۆپارێزی ده‌مامك ببه‌ستن.
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، کێڤن مککارسی، كه‌سایه‌تی دیارو نوێنه‌ری كۆمارییه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، له‌ لێدوانێك دا بۆ كه‌ناڵی هه‌واڵده‌ری سی ئێن بی سی وتی: " پێویستە سه‌رجه‌م دانیشوانی وڵات پابەندی ڕێنماییه‌كانی خۆپارێزی بن تاكوو به‌م جۆره‌ هاوكارو یارمه‌تیده‌ر بن له‌ هێواشكردنه‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا. بۆ ئه‌مه‌ش پێویستە دەمامک ببەستن، ئەگەر ناتوانن پابەندی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی بن، ئەوا دەبێت ماسك بەکاربهێنن و ڕێز له‌ یه‌كتری بگرن."
هه‌نووكه‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌ رێگای تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ داوا ده‌كه‌ن‌ هاووڵاتیان رێنماییه‌كانی خۆپارێزی ڕه‌چاو بكه‌ن و له‌م پێوه‌ندییه‌دا یه‌كێك له‌ رێگا باشه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌مامك ببه‌ستن.
هه‌ر په‌یوه‌ست به‌م باسه‌وه‌، ئاندرو کومۆ، حاكمی ولایه‌تی نیۆیۆرك، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی دا رایگه‌یاند: "پێویستە سەرۆك تره‌مپ بڕیار بدات بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ناچار بن لە شوێنە گشتییەکاندا ده‌مامك ببەستن، باشتریشه‌ كه‌ سه‌رۆك خۆشی ماسك به‌كار بێنێ تاكوو خه‌ڵك چاوی لێبكه‌ن."
دوا به‌ دوای ئه‌م قسه‌و باسانه‌ بۆ پێویستی ده‌ركردنی یاسایه‌ك له‌ لایه‌ن سه‌رۆكه‌ تاكوو ‌ خه‌ڵكی ئه‌مریكا ناچار بكات ماسك بكاربێنن، که‌یڵی مه‌ك ئه‌نانی وته‌بێژی كۆشكی سپی له‌ زمان تره‌مپه‌وه‌ رایگه‌یاند سه‌رۆك پێی وایه‌ خۆپارێزی بابه‌تێكی تاكه‌ كه‌سییه‌و خه‌ڵك ده‌بێ خۆیان ئه‌و بڕیاره‌ بده‌ن كه‌ به‌ باشترین شێوه‌ ته‌ندروستی خۆیان بپارێزن. هه‌روه‌ها سه‌رۆك رێز له‌ بڕیاری ولایه‌ته‌كان ده‌گرێ بۆ ئه‌و رێوشوێنانه‌ی كه‌ به‌ مه‌به‌ستی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌یگرنه‌ به‌ر.
پێشتر له‌ مانگی پێنج دا، كاتێكدا ده‌ركه‌وت كه‌ ده‌ستیاره‌كی تره‌مپ و هه‌روه‌ها هاوكارێكی جێگری سه‌رۆك مایك پێنس تووشی كۆرۆنا بوون، تره‌مپ بڕیاریدا كه‌ ده‌بێ گشت ستافی كۆشكی سپی دوره‌په‌رێزی ڕه‌چاو بكه‌ن و ده‌مامك به‌كار بێنن. لێ تره‌مپ رۆژێك پاش بڕیاره‌كه‌ بۆ خۆی له‌ حه‌وشه‌ی كۆشكی سپی و له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دا بێ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ماسك ده‌ركه‌وت و قسه‌ی بۆ مێدیاكان كرد. پاش ئه‌مه‌ سه‌رۆك رووبه‌رووی ره‌خنه‌یه‌كی زۆر بویه‌وه‌.
له‌ ئه‌مریكا، به‌‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا، تا راده‌یه‌ك بازاڕ و شوێنە گشتییەکان كرانه‌وه‌‌، رێژه‌ی تووشبووان به‌ كۆرۆنا زۆر به‌ خێرایی په‌ره‌ی گرت و ئه‌مه‌ش پسپۆران و كه‌رتی ته‌ندروستی وڵاتی توشكی دڵه‌راوكێ و نیگه‌رانی كرد. هه‌ر بۆیه‌ بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پتری ڤایرۆسەکە، سه‌ر له‌نوێ لە چەند ویلایەتێکی ئەمەریکا قەدەغەی هاتووچۆ راگەیێندراوەتەوە.
د. ئانتۆنی فاوچی، راوێژکاری ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا و سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ی نیشتمانی بۆ نه‌خۆشیه‌ گوازراوه‌كان رایگەیاند، وڵاتەکەیان رووبەرووی کێشەیەکی جددی بووەتەوە.
هه‌ر بۆیه‌ د. ڤاوچی هۆشداریی داوه‌ته‌‌ سەرکردایەتیی وڵات و پێی وتوون، کردنەوەی خێرای دووكان و بازاڕەکان زۆر زووە، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش پابەند نه‌بوونی خه‌ڵك به‌ رێنماییەکانی خۆپارێزیی وای كردووه‌ رێژه‌ی تووشبووان زۆرتر بێ.
تاكو ئێستا له‌ ئەمه‌ریکا، رێژه‌ی تووشبووان له‌ 2 ملیۆن و 695 هەزار کەس تێپه‌ڕیوه‌، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 129 هه‌زار كه‌سیش بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە.