Archive

Wednesday, July 1, 2020

ئینتەرپۆڵ گوێ به‌ داواكه‌ی ئێران نادات


          ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن

رۆژی دووشەممە، عەلی ئەلقاسی مێهر، دائه‌ستێنی گشتیی شاری تاران، رایگەیاند، بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ 36 بەرپرسی سیاسیی و سەربازیی ئەمریکا دەركردوە كه‌ به‌ قسه‌ی ئه‌وان له‌ كوشتنی قاسم سلێمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی سپاسی قودسی پاسدارانی ئێران دا ده‌ستیان هه‌بوه‌. تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، یه‌كێك له‌و 36 كه‌سه‌یه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ داوای ده‌سگیركردنیان كراوه‌. 

دائه‌ستێنی تاران باسی له‌وه‌ش كرد‌ كه‌سی یه‌كه‌می لیسته‌كه‌ واته‌ تره‌مپ، پاش ته‌واوبوونی ده‌وره‌ی سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌شی، ده‌سبه‌رداری ده‌سبه‌سه‌ركردنی نابن. به‌ گوێره‌ی قسه‌كانی دادئه‌سته‌نی تاران، دۆسیه‌كه‌ دراوه‌ته‌‌ پۆلیسی نێونه‌ته‌وه‌یی ئینتەرپۆل.

 پاش داواكه‌ی ئێران له‌ ئینتەرپۆل بۆ ده‌سبه‌سه‌ركردنی ئه‌و 36 كه‌سه‌، ئینته‌رپۆل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەدەم داواكه‌ی ئێرانه‌وه‌ ناچن، ئه‌وان ده‌س له‌ هیچ كارێك وه‌رناده‌ن كه‌ ناوه‌رۆكی سیاسیی، ئایینی، چه‌كداری یان خۆ ره‌گه‌زی هه‌بێ. 

برایان هووک، نوێنه‌ری تایبەتی ئەمریکا بۆ  كاروباری ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە سعودیە رایگەیاند، "ئەو داوایەی ئێران پڕوپاگەندەیەو هیچ کەسێک بە جیددی وەریناگرێت، داواكه‌ی ئێران  گەمژەیی ئه‌وان نیشان ده‌دات." 

قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران، بەهۆی هێرشێكی ئەمریكاوە لە رێگای فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، لە 3ی مانگی یه‌كی 2020 لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا كوژرا. 

سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌ فه‌رمیی رایگه‌یاند كه‌ به‌ فه‌رمانی راسته‌وخۆی ئه‌و قاسم سوله‌یمانی و شانده‌كه‌ی كراونه‌ته‌ ئامانج و كوژراون. هه‌نووكه‌ش تره‌مپ له‌ كێبه‌ڕكێی هه‌ڵبژارندی سه‌رۆكایه‌تی 2020دا، كه‌ بڕیاره‌ مانگی نوڤه‌مبه‌ر به‌رێوه‌ بچێ، بڕیاری كوشتنی قاسم سوله‌یمانی به‌ ده‌سكه‌وتێكی مه‌زن‌ بۆ به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ی ئه‌ژمار ده‌كات.

No comments: