Archive

Wednesday, July 1, 2020

به‌رپرسانی ئه‌مریكا داوا ده‌كه‌ن خه‌ڵك ڕه‌چاوی خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا بكه‌ن.



ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن

مایك پێنس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا، له‌ سه‌ردانێك دا بۆ ولایه‌تی ته‌كساس، كه‌ هه‌نووكه‌ رێژه‌ی تووشبوان تێدا زۆر په‌ره‌ی گرتوه‌، داوای كرد كه‌ هاوڵاتیانی ئه‌مریكایی بۆ خۆپارێزی ده‌مامك ببه‌ستن.
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، کێڤن مککارسی، كه‌سایه‌تی دیارو نوێنه‌ری كۆمارییه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، له‌ لێدوانێك دا بۆ كه‌ناڵی هه‌واڵده‌ری سی ئێن بی سی وتی: " پێویستە سه‌رجه‌م دانیشوانی وڵات پابەندی ڕێنماییه‌كانی خۆپارێزی بن تاكوو به‌م جۆره‌ هاوكارو یارمه‌تیده‌ر بن له‌ هێواشكردنه‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا. بۆ ئه‌مه‌ش پێویستە دەمامک ببەستن، ئەگەر ناتوانن پابەندی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی بن، ئەوا دەبێت ماسك بەکاربهێنن و ڕێز له‌ یه‌كتری بگرن."
هه‌نووكه‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌ رێگای تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ داوا ده‌كه‌ن‌ هاووڵاتیان رێنماییه‌كانی خۆپارێزی ڕه‌چاو بكه‌ن و له‌م پێوه‌ندییه‌دا یه‌كێك له‌ رێگا باشه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌مامك ببه‌ستن.
هه‌ر په‌یوه‌ست به‌م باسه‌وه‌، ئاندرو کومۆ، حاكمی ولایه‌تی نیۆیۆرك، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی دا رایگه‌یاند: "پێویستە سەرۆك تره‌مپ بڕیار بدات بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ناچار بن لە شوێنە گشتییەکاندا ده‌مامك ببەستن، باشتریشه‌ كه‌ سه‌رۆك خۆشی ماسك به‌كار بێنێ تاكوو خه‌ڵك چاوی لێبكه‌ن."
دوا به‌ دوای ئه‌م قسه‌و باسانه‌ بۆ پێویستی ده‌ركردنی یاسایه‌ك له‌ لایه‌ن سه‌رۆكه‌ تاكوو ‌ خه‌ڵكی ئه‌مریكا ناچار بكات ماسك بكاربێنن، که‌یڵی مه‌ك ئه‌نانی وته‌بێژی كۆشكی سپی له‌ زمان تره‌مپه‌وه‌ رایگه‌یاند سه‌رۆك پێی وایه‌ خۆپارێزی بابه‌تێكی تاكه‌ كه‌سییه‌و خه‌ڵك ده‌بێ خۆیان ئه‌و بڕیاره‌ بده‌ن كه‌ به‌ باشترین شێوه‌ ته‌ندروستی خۆیان بپارێزن. هه‌روه‌ها سه‌رۆك رێز له‌ بڕیاری ولایه‌ته‌كان ده‌گرێ بۆ ئه‌و رێوشوێنانه‌ی كه‌ به‌ مه‌به‌ستی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌یگرنه‌ به‌ر.
پێشتر له‌ مانگی پێنج دا، كاتێكدا ده‌ركه‌وت كه‌ ده‌ستیاره‌كی تره‌مپ و هه‌روه‌ها هاوكارێكی جێگری سه‌رۆك مایك پێنس تووشی كۆرۆنا بوون، تره‌مپ بڕیاریدا كه‌ ده‌بێ گشت ستافی كۆشكی سپی دوره‌په‌رێزی ڕه‌چاو بكه‌ن و ده‌مامك به‌كار بێنن. لێ تره‌مپ رۆژێك پاش بڕیاره‌كه‌ بۆ خۆی له‌ حه‌وشه‌ی كۆشكی سپی و له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دا بێ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ماسك ده‌ركه‌وت و قسه‌ی بۆ مێدیاكان كرد. پاش ئه‌مه‌ سه‌رۆك رووبه‌رووی ره‌خنه‌یه‌كی زۆر بویه‌وه‌.
له‌ ئه‌مریكا، به‌‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا، تا راده‌یه‌ك بازاڕ و شوێنە گشتییەکان كرانه‌وه‌‌، رێژه‌ی تووشبووان به‌ كۆرۆنا زۆر به‌ خێرایی په‌ره‌ی گرت و ئه‌مه‌ش پسپۆران و كه‌رتی ته‌ندروستی وڵاتی توشكی دڵه‌راوكێ و نیگه‌رانی كرد. هه‌ر بۆیه‌ بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پتری ڤایرۆسەکە، سه‌ر له‌نوێ لە چەند ویلایەتێکی ئەمەریکا قەدەغەی هاتووچۆ راگەیێندراوەتەوە.
د. ئانتۆنی فاوچی، راوێژکاری ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا و سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ی نیشتمانی بۆ نه‌خۆشیه‌ گوازراوه‌كان رایگەیاند، وڵاتەکەیان رووبەرووی کێشەیەکی جددی بووەتەوە.
هه‌ر بۆیه‌ د. ڤاوچی هۆشداریی داوه‌ته‌‌ سەرکردایەتیی وڵات و پێی وتوون، کردنەوەی خێرای دووكان و بازاڕەکان زۆر زووە، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش پابەند نه‌بوونی خه‌ڵك به‌ رێنماییەکانی خۆپارێزیی وای كردووه‌ رێژه‌ی تووشبووان زۆرتر بێ.
تاكو ئێستا له‌ ئەمه‌ریکا، رێژه‌ی تووشبووان له‌ 2 ملیۆن و 695 هەزار کەس تێپه‌ڕیوه‌، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ 129 هه‌زار كه‌سیش بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە.

No comments: