Archive

Wednesday, October 14, 2020

ئه‌ردۆغان له‌ نێوان دۆران و سه‌ركه‌وتن دا

#مسته‌ر_كورد

كوڕی ژێڕ چه‌تره‌كه‌، رۆمانێكی نوێ به‌ زمانێكی ساده




ره‌حیم ره‌شیدی\ كوردستان 24

خانمه‌ نووسه‌رێكی كورد، به‌ناوی رازاو غه‌فوور، رۆمانێكی خۆی چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه‌، كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ ژیان و گوزه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو.

ڕازاو غه‌فور له‌ لێدوانێكی تایبه‌تی دا بۆ كوردستان 24، باسی له‌وه‌ كرد ناوه‌ڕۆكی رۆمانی "کوڕی ژێر چەترەکە"، په‌رژاوه‌ته‌ سه‌ر گرێچنی ژیانی کومەڵایەتی ڕابردوو. ئه‌و وه‌كوو خۆی باسی كرد بارودۆخی ژیان و كولتووری زاڵ له‌ ده‌یه‌كانی 70ی زایینی تاكوو ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی شیكردۆته‌وه‌ و له‌م بازنه‌دا، پێوه‌ندی و سۆزی هاوڕێیه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ كه‌ پتر و قووڵتر ئاوێته‌ی رێز خۆشەویستی، ئه‌ڤین و دڵسۆزی له‌ پێوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دا بووه‌ شه‌نوكه‌و كردووه‌.

نووسه‌ر له‌م باره‌وه‌ ده‌ڵێ: "له‌ ڕابردوودا خزم و ده‌رو دراوسێ به‌ ده‌م یه‌كتره‌وه‌ بوون و پشت په‌نای یه‌كتر بوون. خه‌ڵك هه‌موو وه‌كوو كه‌سوكاری یه‌كتر بوون و هه‌وڵیان ده‌دا برینی یه‌كتر سارێژ بكه‌ن."
ڕازاو هیواخوازه‌ كه خه‌ڵك به‌ گشتیی و‌ توێژی لاوانی كوردستان به‌ تایبه‌تی خوێنه‌ری رۆمانه‌كه‌ی بن تاكوو باشتر له‌ ژیان و گوزه‌رانی رابردوو تێبگه‌ن و به‌راوردی بكه‌ن به‌م سه‌رده‌مه‌ كه‌ پێوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سۆزدارییه‌كان لاواز بوون و متمانه‌ جێگای خۆی داوه‌ به‌ گومان.

‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین به‌رهه‌می نووسه‌ره‌ كه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌ و له‌ ماوه‌ی داهاتووش دا به‌رهه‌می دیكه‌ی به‌ زمانی ئینگلیزی و كوردی ده‌كه‌وێته‌ به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ران.

ڕۆمانی "كوری ژێر چه‌تره‌كه‌" له‌ دووتووێكی قه‌باره‌یه‌كی مامناوه‌ندیدا و له‌ هه‌رێمی كوردستان چاپ و بڵاو بۆته‌وه‌و 536 لاپه‌ڕه‌یه‌.
ڕازاو غه‌فور ساڵی 1963 له‌ شاری سلێمانی و لە گەڕەکی سەرشەقام لە خێزانێکی رۆشنبیر و کوردپەروەردا چاوی به‌ ژیان هه‌ڵێناوه‌ و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی له‌ سلێمانی تەواو کردووە. دواجار بۆ تەواوکردنی خۆێندن چووه‌ته‌ مووسڵ و ماوه‌یه‌ك له‌وێ ماوه‌ته‌وه‌. رازاو ئێستا دایكی سێ منداڵەو پتر له‌ 20 ساڵه‌ له‌ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ده‌ژی.

شنه‌ی چاوه‌ڕوانی!



كزه‌ی پاییزێكی دره‌نگ وه‌خته، به‌ نێو ده‌ماره‌كانی له‌شی ساردوسڕمدا گوزه‌ر ده‌كات. گیڤه‌ گیڤی ڕه‌شه‌بایه‌؛ ده‌گاته‌ گوێ به‌ چه‌شنی ئاوازێكی نابه‌دڵ و ختولكه‌ی رۆحم ده‌دات. كزه‌یه‌كی كۆنه،‌ رووخسارم ده‌ته‌زێنێ و ده‌سته ماندوه‌كانم له‌ گۆ ده‌خات. ده‌نگێك كولوو كلوو له‌ ناخم دا ده‌بارێ، لێ له‌گه‌ڵ له‌رزینی جه‌سته‌م، هه‌موو له‌شم گه‌رم دادێ.
ئێمه‌ به‌ ده‌م تیماركردنی برینه‌كانی رۆحمانه‌وه‌، كه‌ به‌رهه‌می غه‌دری مرۆڤه‌ به‌غیله‌كانه‌، به‌یانی و ئێواره‌مان لێكگرێ ده‌ده‌ین. دۆخێكی پڕ له‌ گومان و دوو دڵییه‌، ترسێكه‌ به‌ نێو ده‌ماره‌كانماندا دێ و ده‌ڕوا، شه‌پۆله‌ كۆن و نوێییه‌كانی ئه‌ڤین تێكه‌ڵ ده‌بنه‌وه‌و سه‌ر له‌نوێ سكڵه‌كانی هه‌ناوم ده‌گه‌شێنه‌وه‌.
بۆم بنووسه‌ خۆشت ده‌وێم، ئه‌مرم پێبكه‌ وڵام نه‌ده‌مه‌وه‌، من زێده‌خواز نیم، ئاواش خۆم به‌ به‌خته‌ورترین پیاوی جیهان ده‌زانم كاتێك به‌ په‌یام یان‌ گۆرانیه‌ك مه‌ودا دووره‌كان نزیك ده‌كه‌یته‌وه‌.
بزانه‌ هیوایه‌كی دووره‌ ده‌ست و دره‌نگ وه‌خت كه‌ ساڵانێكی زۆره‌و له‌ هاوینێكی پڕ تینوتاودا خزاوته‌ ناخمه‌وه‌و ڕه‌گاژو بوه‌و له‌ هه‌موو ساته‌وه‌خته‌كانی ژیانمدا ئاماده‌یه‌، خۆی ده‌رده‌خاته‌وه‌. كۆتری دڵنیایی له‌سه‌ر چڵی دڵی زامدارم ده‌نیشێته‌وه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی هێلانه‌ی كردبێ.
ئاوازێكی دووره‌، ده‌نگی گۆرانییه‌كی كۆنه‌ به‌رده‌وام له‌ كۆڵانه‌كانی بیره‌وه‌ری دا ده‌یبیستمه‌وه‌و ڕاوه‌ستانی بۆ نیه‌، تۆش ئاوێته‌ی بووی، من خووم پێگرتوه‌و لێی ڕاهاتووم و ماندوو نابم، هه‌ر ده‌یڵێم و ده‌یبیستمه‌وه‌‌.
شنه‌ له‌ ده‌مه‌و به‌یانی ئه‌ڤین دا، دیسان به‌ ئارامی هه‌ڵده‌كا، له‌ نێو گه‌نمه‌جاری خۆشه‌ویستی دا كه‌روێشكه‌ ده‌كات و هێدی و هێورو له‌سه‌رخۆ له‌گه‌ڵ ژیان و جوانییه‌كانی ئاشتت ده‌كاته‌وه، لێده‌گه‌رێ له‌گه‌ڵی بڕۆی تاكوو ده‌گه‌یته‌ به‌رزترین لوتكه‌كانی به‌خته‌وه‌ری...
ماندوو شه‌كه‌تم،‌ شنه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بارینی خۆشه‌ویستی داده‌كاو‌ ده‌مباته‌وه‌ كۆنه‌ هه‌واران، هیواو دڵنیاییم تێدا ده‌بوژێنێته‌وه‌، سه‌رله‌نوێ توخمی ئازایه‌تی و جه‌سووریم تێدا ده‌چێنێ.
ئاوایه‌ ژیان، خولیای سه‌فه‌رێكی‌ دوور هه‌ڵیگرتووم، تاكوو گڵۆڵه‌ی ئاڵۆزی بیره‌وه‌رییه‌كان له‌گه‌ڵ كه‌سێك به‌ش بكه‌م و پێكه‌وه‌ بوخچه‌ی نه‌كراوه‌ی ئه‌ڤین له‌ ئازادی دا بكه‌ینه‌وه‌. ده‌خوازم له‌ ئێواریه‌كی پڕ له‌ ته‌نیایی دا ئاوێته‌ی رۆحت ببم و یه‌كه‌م غونچه‌ی ماچی ژیانه‌وه‌ له‌ لێوه‌كانت گرێ بده‌م و به‌ گوێچكه‌تدا بچرپێنێم كه‌ ئاهه‌نگی ده‌نگت دڵنشینه‌و ئارامی ده‌رژێنێته‌ گشت شه‌ورۆژه‌كانمه‌وه‌‌‌...

هه‌نووكه‌ له‌به‌ر خۆمه‌وه‌ به‌رده‌وام ئه‌م ئاوازه‌ ده‌ڵێمه‌وه:

"بیستومه‌ پرسیارت كردوم، پر به‌دڵت یادت كردوم
وێنه‌كانت ده‌رهێناوم، ماچت كردوم، ماچت كردوم!
بیستومه‌ زۆر په‌شیمانى، نوقمى ئازارى ویژدانى
من ئه‌مزانى كه‌ ناتوانى له‌ بیرم كه‌ى به‌ ئاسانى!
پێم ناخۆشه‌ دڵت ته‌نگه‌ دنیا له‌لات شه‌وه‌ زه‌نگه‌
منیش وام و ده‌رى نابڕم، دڵى من گۆمێكى مه‌نگه‌!"

دڵنیاتر له‌ دڵنیا، ئه‌مجاره‌ ته‌نیا بۆ سارێژ بوونی زامه‌كانی دڵ، له‌ پێناو تێكئاڵانێكی سێحراوی، جانتای سه‌فه‌رێكی دوور ده‌پێچمه‌وه‌و هیوادارم كه‌ غونچه‌كانی ماچ زستانی ئه‌ڤین ده‌ڕازێننه‌وه. مادام شنه‌ی ئه‌ڤین هه‌ڵبكا، كێ ده‌ڵێ له‌ وه‌رزی به‌فردا گوڵ ناڕوێ؟‌....
كه‌سه‌كه‌م، شنه‌ی پڕ ده‌نگی گشت وه‌زه ‌جوانه‌كان، چاوه‌ڕوانم پێم بێژی كات ماوه‌‌...

#مسته‌ر_كورد

Monday, October 12, 2020

بایه‌خی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا

بایه‌خی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا


#مسته‌ر_كورد

هاوڕێ به‌زاندنی كۆرۆناتان لێ پیرۆز!


خۆشحاڵم‌ دۆست و هاوڕێی خۆشه‌ویست، كادری دێرینی حیزبی دێموكرات و پێشمه‌رگه‌ی رۆژه‌ سه‌خته‌كانی خه‌باتی سه‌ربه‌رزانه‌و به‌رپرسی پێشووی كۆمیته‌ی حیزب له‌ ئه‌مریكا‌، كاك جه‌ماڵ عه‌بدوڵازاده‌و ده‌ریا خانمی كچی، توانیان به‌ سانایی به‌سه‌ر ڤایرۆسی ژیان تێكده‌ری كۆرۆنادا زاڵ بن و سه‌رله‌نوێ دۆخی ئاسایی ژیانیان ده‌ست پێبكه‌نه‌وه‌.
به‌ هیوای ئه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌ گشتیی، كوردستانیانی ده‌روه‌ست و نیشتمانپه‌روه‌ر به‌ تایبه‌تی له‌م به‌ڵا ره‌زاگرانه‌ به‌ دوور بن.

هه‌ر به‌ شادی و له‌شساخی بتانبینم!


#مسته‌ر_كورد

Sunday, October 11, 2020

ئاوابوونی قه‌ڵه‌مێكی ده‌روه‌ست



سه‌د حه‌یف و مخابن، رێكه‌وتی ٩ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٢٠، ڤایرۆسی كۆڕۆنا، داده‌ مه‌هاباد قه‌ره‌داغی، شاعیر، نووسه‌ر، لێكۆڵه‌ری وردو خاوه‌ن لێكدانه‌وه‌ی قوڵ، له‌ باوشی پڕ له‌ ئازاری نیشتمان ئه‌ستاند.
بو یه‌كه‌مین جار، ساڵی ٢٠٠٤، له‌ وڵاتی سوئێد، له‌ "كۆنفرانسی جیهانی ژنی كورد"دا كه‌ نه‌مر مه‌هاباد قه‌ره‌داغی یه‌كێك له‌ وه‌رێخه‌رانی بوو ناسیاویمان له‌ نزیكه‌وه‌و به‌ نیوه‌ شه‌رێك ده‌ستی پێكرد، ده‌مه‌قاڵه‌كه‌مان ده‌رباره‌ی به‌شداری نوێنه‌رانی نێوخۆی ژنانی رۆژهه‌ڵات له‌و كۆنفرانسه‌دا بوو...
هه‌ر ئه‌و كات هونه‌رمه‌ندی نه‌مر مه‌رزیه‌ فه‌ریقی له‌ دانیشتنێكی دۆستانه‌دا ئاوی كرد به‌ ئاگرداو ئیدی پێوه‌ندی پڕ له‌ رێز له‌ نێوانمان دا پێكهات.
خوالێخۆشبوو مه‌هاباد قه‌ره‌داغی، قه‌ڵه‌مێكی بوێرو چالاكوانێكی به‌ هه‌لوێستی یه‌كسانیخواز بوو كه‌ له‌ ده‌لاقه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بۆ پرس و بابه‌ته‌كانی ده‌ڕوانی و له‌سه‌ر كۆی كێشه‌كانی كوردستان خاوه‌ن هه‌ڵوێست و دیدی سه‌ربه‌خۆ بوو.
بێ گومان كۆچی دوایی ئه‌م مرۆڤه‌ مه‌زنه‌ خه‌سارێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ جیهانی ئه‌ده‌بیاتی كوردی و بزاڤی مافویستانه‌ی ژنانی كوردستان له‌ پێناو دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی دا.
داده‌ مه‌هاباد قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی له‌ پێناو سه‌روه‌ری كوردستان و بۆ ده‌سته‌به‌ری كردنی سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری وه‌گڕ ده‌خست و له‌م مه‌یه‌دانه‌دا به‌ كرده‌وه‌ سنووره‌ ده‌سكرده‌كانی ده‌سڕیه‌وه‌.
له‌ هاوینی ٢٠٠٧دا هاوژینی داده‌ مه‌هاباد، واته‌ كاك مسته‌فا گه‌رمیانی به‌ هۆی ته‌قینه‌وه‌ له‌ كه‌ركووك ژیانی له‌ ده‌ستداو پاش ئه‌م رووداوه‌ تاڵه‌ داده‌ مه‌هاباد رۆڵی باوك و دایكی بۆ جگه‌رگۆشه‌كه‌یان "شاكار" ته‌رخان كرد كه‌ ئه‌و كات ته‌مه‌نی ته‌نیا ٨ ساڵ بوو. به‌ڵام كۆی كێشه‌و ئاسته‌نگ و نامێهره‌بانییه‌كان ‌هه‌نگاوی له‌ مه‌یدانه‌كانی كاری ئه‌ده‌نی، سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی دا پێ شل نه‌كردو تاكوو دواین چركه‌ساتی ژیانی له‌ تێكۆشانی سه‌ربه‌رزانه‌ به‌رده‌وام و به‌ دڵ و گیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان تێكۆشا!

ئێمه‌ له‌ خه‌باتی رۆژانه‌مان دا بۆ سه‌ربه‌رستی وڵات، به‌رده‌وام یادی نه‌مر مه‌هاباد قه‌ره‌داغی به‌رێزه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌.

#مسته‌ر_كورد

رێكه‌وتن له‌سه‌ر شنگال و كاردانه‌وه‌كان

رێكه‌وتن له‌سه‌ر شنگال و كاردانه‌وه‌كان

دیدی واشنگتن ده‌رباره‌ی ڕێكه‌وتنی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ شنگاڵ


#مسته‌ر_كورد