Archive

Sunday, October 11, 2020

ئاوابوونی قه‌ڵه‌مێكی ده‌روه‌ست



سه‌د حه‌یف و مخابن، رێكه‌وتی ٩ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٢٠، ڤایرۆسی كۆڕۆنا، داده‌ مه‌هاباد قه‌ره‌داغی، شاعیر، نووسه‌ر، لێكۆڵه‌ری وردو خاوه‌ن لێكدانه‌وه‌ی قوڵ، له‌ باوشی پڕ له‌ ئازاری نیشتمان ئه‌ستاند.
بو یه‌كه‌مین جار، ساڵی ٢٠٠٤، له‌ وڵاتی سوئێد، له‌ "كۆنفرانسی جیهانی ژنی كورد"دا كه‌ نه‌مر مه‌هاباد قه‌ره‌داغی یه‌كێك له‌ وه‌رێخه‌رانی بوو ناسیاویمان له‌ نزیكه‌وه‌و به‌ نیوه‌ شه‌رێك ده‌ستی پێكرد، ده‌مه‌قاڵه‌كه‌مان ده‌رباره‌ی به‌شداری نوێنه‌رانی نێوخۆی ژنانی رۆژهه‌ڵات له‌و كۆنفرانسه‌دا بوو...
هه‌ر ئه‌و كات هونه‌رمه‌ندی نه‌مر مه‌رزیه‌ فه‌ریقی له‌ دانیشتنێكی دۆستانه‌دا ئاوی كرد به‌ ئاگرداو ئیدی پێوه‌ندی پڕ له‌ رێز له‌ نێوانمان دا پێكهات.
خوالێخۆشبوو مه‌هاباد قه‌ره‌داغی، قه‌ڵه‌مێكی بوێرو چالاكوانێكی به‌ هه‌لوێستی یه‌كسانیخواز بوو كه‌ له‌ ده‌لاقه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بۆ پرس و بابه‌ته‌كانی ده‌ڕوانی و له‌سه‌ر كۆی كێشه‌كانی كوردستان خاوه‌ن هه‌ڵوێست و دیدی سه‌ربه‌خۆ بوو.
بێ گومان كۆچی دوایی ئه‌م مرۆڤه‌ مه‌زنه‌ خه‌سارێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ جیهانی ئه‌ده‌بیاتی كوردی و بزاڤی مافویستانه‌ی ژنانی كوردستان له‌ پێناو دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی دا.
داده‌ مه‌هاباد قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی له‌ پێناو سه‌روه‌ری كوردستان و بۆ ده‌سته‌به‌ری كردنی سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری وه‌گڕ ده‌خست و له‌م مه‌یه‌دانه‌دا به‌ كرده‌وه‌ سنووره‌ ده‌سكرده‌كانی ده‌سڕیه‌وه‌.
له‌ هاوینی ٢٠٠٧دا هاوژینی داده‌ مه‌هاباد، واته‌ كاك مسته‌فا گه‌رمیانی به‌ هۆی ته‌قینه‌وه‌ له‌ كه‌ركووك ژیانی له‌ ده‌ستداو پاش ئه‌م رووداوه‌ تاڵه‌ داده‌ مه‌هاباد رۆڵی باوك و دایكی بۆ جگه‌رگۆشه‌كه‌یان "شاكار" ته‌رخان كرد كه‌ ئه‌و كات ته‌مه‌نی ته‌نیا ٨ ساڵ بوو. به‌ڵام كۆی كێشه‌و ئاسته‌نگ و نامێهره‌بانییه‌كان ‌هه‌نگاوی له‌ مه‌یدانه‌كانی كاری ئه‌ده‌نی، سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی دا پێ شل نه‌كردو تاكوو دواین چركه‌ساتی ژیانی له‌ تێكۆشانی سه‌ربه‌رزانه‌ به‌رده‌وام و به‌ دڵ و گیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان تێكۆشا!

ئێمه‌ له‌ خه‌باتی رۆژانه‌مان دا بۆ سه‌ربه‌رستی وڵات، به‌رده‌وام یادی نه‌مر مه‌هاباد قه‌ره‌داغی به‌رێزه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌.

#مسته‌ر_كورد

No comments: