Archive

Thursday, February 12, 2009

مامه‌ قاله‌ ده‌باغی له‌ ئاوێنه‌ی مێژوودا

هه‌ر گه‌ل‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ک خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی‌ سیاسیی، رووناکبیری‌، زانستی‌و کۆمه‌ڵایه‌تیی تایبه‌ت به‌ خۆیانن که‌ به‌ تێپه‌ڕ بوونی کات‌ ‌پتر جێ په‌نجه‌یان ده‌رده‌که‌وێت‌‌، هرچی کاتژمێری ده‌وران پتر خول بخوات‌و به‌ ده‌وری خۆی‌دا بسوورێته‌وه‌، ئه‌ستێره‌ی بایه‌خ‌و نرخی ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌ پتر ده‌دروشێته‌وه‌و بریسکه‌ ده‌دات.
ئه‌م بواره‌ بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی خێر له‌ خۆ نه‌دیتوو که‌ له‌ خه‌باتێکی سه‌خت‌و دژواردا بێ بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌کانی، ڕۆڵ‌و جێگاو پێگه‌ی که‌سایه‌تییه‌ مه‌زنه‌کان له‌ سه‌رده‌می خۆیان‌دا که‌متر، له‌ درێژ ماوه‌دا به‌ گشتیی، ته‌نانه‌ت به‌ نه‌مانیان گه‌لێک باشتر بایه‌خ‌‌و ڕۆڵیان له‌ ڕه‌وتی ئاڵوگۆڕه‌کان‌و ئاوێنه‌ی دیرۆکی ڕووداوه‌کان‌دا ده‌رده‌که‌وێ‌.
خه‌باتی ماف ویستانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد بۆ گه‌یشتن به‌ ئازادی، دێموکڕاسی، سه‌ربه‌ستی‌‌و یه‌کسانی، زۆر ژ‌ن‌و پیاوی به‌بڕشت، شێلگیرو شوێندانه‌ری له‌ هه‌ناوی خۆی‌دا په‌روه‌رده‌ کردوه‌و ده‌کات.
ئه‌و ژن‌و پیاوانه‌ی به‌ کرده‌وه‌ له‌ مه‌یدانی خه‌باتی سه‌ربه‌رزانه‌دان، خولقێنه‌رانی ڕووداوه‌کانی ئه‌مرۆو پێکهینه‌ری مێژووی سبه‌ینێی بزوتنه‌وه‌ی رزگاری خوازانه‌ی گه‌لێکی بنده‌ستن، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و خه‌باتگێرانه‌ ئیدی هینی بنه‌ماڵه‌، گوند، گه‌ره‌ک، شار یان باژێڕێک نین‌، ئه‌وان به‌هۆی تێکۆشانی ماندوویی نه‌ناسانه‌ی خۆیان ئی هه‌موو ڕۆڵه نیشتمانپه‌روه‌ره‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌ن.
له‌م سۆنگه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌، مامه‌ قاله‌ ده‌باغی که‌سایه‌تی سیاسیی‌و ڕۆشنبیری کورد که‌ سه‌رتاپای ته‌مه‌نی پڕ شکۆی خۆی بۆ خزمه‌ت به‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد ته‌رخان کرد، بۆ ئه‌وه‌ ده‌شێ هه‌مووان شانازی به‌ ڕێگاو رێبازه‌که‌یه‌وه‌ بکه‌ین‌و مه‌رگی پڕ له‌ ژانی ئه‌و له‌ هه‌نده‌ران‌و دوور له‌ دایکی نیشتمان، هانده‌رمان بێ بۆ درێژه‌دان به‌ خه‌بات تاکوو وه‌دیهاتنی ئاوات‌و ئامانجه‌کانی ئه‌و نه‌مرانه‌ی که‌ هه‌موو ژیانی خۆیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بوونی ته‌رخان کرد‌.
مامه‌ قاله ده‌باغی،‌ نموونه‌ی مرۆڤێکی به‌ وه‌فا بوو که‌ به‌ر له‌ دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان‌، به‌ ئه‌ندامه‌تی له‌ کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد، ژێکاف، پێی نایه‌ مه‌یدانی خه‌باتی پڕ له‌ سه‌روه‌ری کوردایه‌تی‌، بۆ ساتێکیش له‌ تێکۆشان هه‌دای نه‌دا، هه‌موو ته‌نگ‌و چه‌ڵه‌مه‌کان، گرتووخانه‌و ژیانی دژوارو دووری له‌ که‌س‌وکار چۆکی پێ دانه‌داو وره‌ی لاواز نه‌کرد. ئه‌مه‌ش باشترین ئاماژه‌یه‌ بۆ وه‌فاداری مامه‌ قاله‌ به‌ رێگاو رێبازه‌ پڕ له‌ شانازیه‌که‌ی که‌ رێگاو رێبازی به‌ هه‌زاران هه‌زار تێکۆشه‌ری کورده‌‌.
مامه‌ قاله‌ی تێکۆشه‌رو ماندووی نه‌ناس، له‌ رێکه‌وتی 1ی 1ی 1921ی زایینی، به‌رانبه‌ر به‌ 12ی به‌فرانباری 1299ی هه‌تاوی، له‌ شاره‌ سه‌ر سه‌وزو سه‌ربه‌رزه‌که‌ی بانه‌ له‌ دایک بوه‌، پاشان له‌ سه‌قز نیشته‌جێ ده‌بن، مامه‌ی ده‌م به‌ بزه‌و ره‌زا شیرین له‌ هه‌ڕه‌تی لاوی‌دا پێ ناوه‌ته‌ مه‌یدانی نه‌به‌ردیه‌وه‌‌، ئه‌و که له‌ ساڵی 1324ی هه‌تاوی‌دا ‌هێشاتا ته‌مه‌نی نه‌گه‌یشتۆته‌ 20 ساڵ، بۆ بڵاوکراوه‌کانی گڕوگاڵی منداڵان، کوردستان‌و هاواری نیشتمان وتاری ده‌نووسی، بیری مرۆڤ دۆستی‌و نیشتمان ویستی ئه‌و‌ له‌و کاته‌وه‌ شکۆفه‌ ده‌کات‌، ئیدی به‌ هه‌ڵکشانی داری ته‌مه‌نی ئه‌و جوامێره‌ ده‌م به‌ بزه‌یه‌، ئه‌بێته‌ که‌سایه‌تێکی ڕووناکبیری به‌ بیروباوه‌ڕی پێشه‌نگ‌ که‌ به‌ هزروبیر، به‌ قه‌ڵه‌م‌و کرده‌وه‌ هه‌موو ژیانی داکۆکی له‌ کوردو کوردستان کرد.
مامه‌ قاله‌ سوارچاکی هه‌تا سه‌ری رێبازی پێشه‌وا قازی مه‌حه‌ممه‌دو کۆماری کوردستان، ساڵی 1327ی هه‌تاوی وێرای 11 هاورێی دیکه‌ی له‌ شاری سه‌قز، ده‌که‌وێته‌ گرتووخانه‌ی حکومه‌تی ملهوڕی پاشایه‌تی‌، پاشان ماوه‌ی سێ ساڵ دوور خرانه‌وه‌ی بۆ بورازجان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێ، به‌ڵام به‌ هۆی دانی به‌رتیل‌و پاره‌وپولێکی زۆر به‌ کاربه‌ده‌ستانی چاوچنۆکی ئه‌و کاتی شا له‌ کوردستان، بڕیاری سێ ساڵ گیرانه‌که‌ی بۆ یه‌ک ساڵ‌‌و شوێنی دوور خرانه‌وه‌که‌ی له‌ بورازجانه‌وه‌ بۆ بۆکان ده‌گۆڕدرێ‌.
مامه‌ قاله که‌سایه‌تی‌ ڕچه‌شکێن‌و پێشه‌نگ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ گرتووخانه‌ تاریک‌وتنووکه‌کانی شای دیکتاتۆڕدا گه‌لێک ئازارو جه‌زره‌به‌ی دیبوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌یزانی خه‌بات‌و تێکۆشان بۆ ئازادی هاسان‌و بێ گرێ‌وگۆل نیه، مرۆڤ ئه‌بێ له‌ پێناوی سه‌ربه‌رستی‌دا خۆی بۆ زۆر تاڵی‌وتفتی ئاماده‌ بکات‌، له‌گه‌ڵ سه‌رکه‌وتنی شۆرشی گه‌لانی ئێران له‌ ساڵی 1357ی هه‌تاوی‌دا، بۆ جارێکی دیکه‌ پێ نایه‌وه‌ مه‌یدانی خه‌باتی به‌ کرده‌وه‌، به‌ هۆی ڕابردووی پڕ له‌ شانازی‌ خۆیه‌وه‌ له‌ کۆنگره‌ی 4ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان‌دا له‌ ساڵی 1358ی هه‌تاوی، به‌ ئه‌ندامی ڕاوێژکاری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حدکا هه‌ڵده‌بژێردرێ.
مامه‌ قاله‌ له‌گه‌ڵ ڕاپه‌ڕاندنی کارو ئه‌رکی رێکخراوه‌یی که‌ پتر نووسین‌و وه‌رگێران بۆ رادیۆ ده‌نگی کوردستان‌و رۆژنامه‌ی کۆردستان بوو، له‌ کاری ئه‌ده‌بی‌و ڕووناکبیری له‌ ئاستێکی به‌رینتردا غافڵ نه‌بو.
کاتێ دوکتۆر قاسملووی رێبه‌ر مامه‌ قاله‌ی له‌به‌ر دڵان شیرین، ڕاده‌سپێرێ چی له‌سه‌ر ژێکاف ده‌زانێ بینووسێته‌وه‌، له‌ ژێر سێبه‌ری داربه‌ڕوه‌کانی کوردستان‌دا به‌ ئه‌مگدارییه‌وه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ ده‌ست پێ ده‌کات‌و پاشان به‌رهه‌می حه‌وله‌کانی له‌و بواره‌دا چاپ‌و بڵاوکردنه‌وه‌ی په‌رتووکی پڕ نێوه‌رۆکی ڕاپه‌ڕینی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف بو.
هاورێ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌، مامه‌ قاله‌ کتێبی "حاجی آقا"ی سادقی هیدایه‌تی کردوه‌ به‌ کوردی‌، کۆمه‌لیک به‌رهه‌می دیکه‌شی ئاماده‌ی چاپ‌و بڵاوکردنه‌وه‌ن.
ئه‌م پیره‌ به‌ته‌دبیرو ڕه‌زا شیرینه‌، ئه‌م مرۆڤه‌ به‌ساڵداچوه‌ به‌ ئیمانه‌، جوان ویست‌و ئه‌وینداری ژیان بو، دڵته‌ڕو هه‌ست ناسک‌، دادپه‌روه‌رو ژیان خۆشه‌ویست، لایه‌نگری به‌ کرده‌وه‌ی مافی یه‌کسانی‌و پڕ له‌ سۆزو به‌زه‌یی بو.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ رێگای ئازادی نه‌ته‌وه‌ی کورددا، زۆر چه‌رمه‌سه‌ری‌و نه‌هامه‌تی دیتبوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تامی تاڵی دووری له‌ خێزانه‌ وه‌فادارو جگه‌رگۆشه‌کانی چێشتبوو، به‌سه‌روماڵ له‌ خزمه‌تی حیزبه‌که‌ی‌دا بو، قه‌ت بۆ ساتێکیش منه‌تی له‌سه‌ر که‌س دانه‌نا، ئه‌و هه‌موو ڕابردوه‌ پڕ شکۆیه‌ی به‌ چاوی که‌س‌دا نه‌داوه‌و نه‌یکرده‌‌ به‌ستێنێک بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ هاوسه‌نگه‌رانی جیا کاته‌وه، یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی پێوانه‌و یاساورێسا رێکخراوه‌یه‌کان داوایه‌کی هه‌بێ‌...
بۆ جارێکیش که‌س نه‌یدی بزه‌ له‌ سه‌ر لێوه‌کانی بتورێ‌و بێ هیوای دایگرێ، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ک بو به‌ هۆی نه‌خۆشی جه‌سته‌ نه‌رم‌ونیانه‌که‌ی ئێش‌و ژانی تێزابو، ئه‌و کاتانه‌ی هه‌ڤاڵ، دۆست‌و ناسیاوان له‌ ده‌وری کۆده‌بونه‌وه‌‌و سه‌رێکیان لێ هه‌ڵدێنا، ئه‌م مرۆڤه‌ ئێسک سووک‌و خۆشمه‌شره‌فه‌ چاوه‌ گه‌ش‌و پڕ هیواکانی وردو له‌سه‌ره‌خۆ ده‌تروکاند، چه‌ند دێر شێعری ده‌خوێنده‌وه‌، هیوای دوارۆژیکی خۆشی به‌ لاوان‌و هاوسه‌نگه‌رانی ده‌داو ئه‌وانی بۆ یه‌گرتن‌و رێز له‌ یه‌کتر گرتن هان ده‌داو پێکه‌وه‌بوونی به‌ دیارترین نیشانه‌ی سه‌رکه‌وتن ده‌زانی.
مامه‌ قاله‌‌ له‌ ساڵی 1997وه‌، به‌رانبه‌ر به‌ 1376ی هه‌وتاوی له‌سه‌ر داوای هاوسه‌نگه‌رانی هاتبوه‌ له‌نده‌ن، به‌ڵام قه‌ت به‌ دڵ‌و به‌ بیر کردنه‌وه‌ بۆ تاوێکیش له‌ خه‌باتگێرانی دێموکڕات‌و خه‌ڵکی کوردستان دانه‌بڕا، قه‌ڵه‌مه‌ به‌بڕشته‌که‌ی له‌ نووسین‌و هۆنینه‌وه‌ نه‌که‌وت‌، دڵه‌ ده‌ریا ئاساکه‌ی که‌ پڕ له‌ هیواو خۆشه‌ویستی بو به‌ هیوای ئازادی‌و شه‌کانه‌وه‌ی ئاڵای کوردستان ترپه‌ی ده‌هات.
به‌داخه‌وه‌، پاش ماوه‌یه‌ک به‌ربه‌ره‌کانێ بۆ درێژه‌دان به‌ ژیان، رێکه‌وتی 18ی رێبه‌ندانی 1387ی هه‌تاوی، له‌ یه‌کێک له‌ نه‌خۆشخانه‌کانی شاری له‌نده‌ن مه‌رگی بێ ئه‌مان رێگای نه‌دا مامه‌ قاله‌ رزگاری کوردستان‌و وه‌دیهاتنه‌وه‌ی ئاواته‌کانی کۆماری کوردستان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ چاو ببینێ، وه‌کوو سه‌رده‌می کۆمار‌ بۆ ڕاپه‌ڕاندنی کاره‌کانی ئه‌رکردارو له‌ شایی‌‌و گۆڤه‌ندی سه‌رکه‌وتن‌دا چۆپی کێش بێ.
مانگی رێبه‌ندان مانگی دامه‌زراندنی کۆمار، مانگی مه‌رگی مامه‌ قاله‌، مانگی له‌ سێداره‌ دانی 11 که‌سایه‌تی هۆزی کوردپه‌روه‌ری فه‌یزوڵابه‌گی سه‌قز که‌ له‌ 25ی رێبه‌ندانی 1325دا له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی شاوه‌ به‌ تاوانی کوردپه‌روه‌ری له‌و شاره‌ له ‌سێداره‌ دران.
بێ گومان هاوسه‌نگه‌رانی‌ مامه‌ قاله‌‌و ئه‌و 11 سه‌رداره‌ که‌ سه‌ردارانه‌ چوونه‌ سه‌ردار، ‌ له‌ دورو نزیک تاکوو وه‌دی هاتنی ئاواتی ئه‌وان ساتێک له‌ خه‌بات هه‌دا ناده‌ن‌، ڕۆژیک دێت ته‌رمی پیرۆزی ئه‌م که‌سایه‌تیانه‌ له‌ گۆڕ غه‌ریبی قوتارو له‌سه‌ر شان‌وباهۆی کچان‌و کوڕانی نیشتمان له‌ ته‌نیشت یه‌ک به‌ خاکی هه‌میشه‌ خۆشه‌ویستی کوردستان بسپێردرێ‌و گڵکۆکه‌یان بکرێته‌ قوتابخانه‌ بۆ وتنه‌وه‌ی وانه‌ی ئه‌وین‌و خۆشه‌ویستی خاک‌و وڵات.
تیشک تی‌ڤی به‌و په‌‌ڕی رێزه‌وه‌ له‌ ڕابردووی پڕشنگداری مامه‌ قاله‌ ده‌باغی ده‌ڕوانێ‌، ‌ناوو یادی به‌رزو به‌رێز ده‌نرخێنێ.
یادی به‌خێرو ڕۆحی شاد بێ.

No comments: