Archive

Sunday, January 1, 2012

٢٠١٢

ساڵی ٢٠١١ دوایین هەناسەکانی خۆی دەدات، بە لەقە لەق‌و پشوو سواری جێگای بە هاوچەشنێکی خۆی دەبەخشێ. ساڵی کۆن بارگەو بنەی خۆی تێکەوە پێچاو هیچکاتێک دوور یان نزیک، درەنگ یان زوو ناگەڕێتەوە. هەموو ڕووداوەکان بوونە مێژوو. بە چەشنێکی ئەوتۆ کە شۆڕبوونەوەی درێژە یان پاشماوەی هێندێکیان بۆ نێو ساڵێ نوێ نامهەژێنن‌و من بە خۆیانەوە گرێ نادەنەوە، ئەوەی من بە رۆژگارو مەکانێکی دوورەوە دەبەستێ هەر تۆیی‌و بەس ئەی هەتاوی مەزن!
لە ڕاستی‌دا ئەم شەو بیرەوەرییەکی ئەوتۆم نیە کە شایانی تۆمار کردن بێ، شتێکی ئەوتۆ سۆراغ ناکەم تاکوو وەکوو میداڵی یادوەرییەک بە بەرۆکمەوە هەڵیواسم.
سەرتاپای هەر ٤ وەرزی ساڵ‌و هەر ١٢ مانگەکەی؛ ئارەقەی سەر تەوێڵم دەسرمەوەو بە ئاواتی ئەوەی کە بۆنی مێخەکی بەرۆکت‌، هەناسەی دەروونی تەژی لە ئەوینت تۆزی ماندوویی لەسەر جستەم ڕاماڵێ، پنجەکانت لە پەنجەکانم هەڵپیکیت‌ بۆ ئەوەی هیچ کاتێک‌و لە هیچ دۆخێک‌دا کۆڵەکەی باوەڕ بەخۆبوون لە هەناوم‌دا لەق نەبێ، ئەم هیوایە تەنیا خاڵی وێکچوونی هەموو شەو رۆژەکانی ساڵ‌ دەبێ.
دەزانی، سەرتاپای ئەمساڵ دڵە کوتەم بوو بۆ ئەوەی نیگام بە روخسارتەوە هەڵپێکم، دەستەکانم بەسەر مەمکۆڵەکانت‌دا ئاوێزان کەم‌و لە ئامێزت‌دا هێور ببمەوە.
موژدەکەم، گوڵە شلێرەم، لە هاوێنێکی نە چەندان دووردا کە ئێمە نوقمی ماندوویی ببوین، باران بە خوڕی لە داوێنی ئاسمانەوە بەرەو سینگی زەوی دەخووشا، وەها بۆنی تۆ سەرمەست‌و شەیدای خەوێکی ئەفسووناویم دەکات کە بە سەرسوڕمانەوە لێم بپرسی: "...بەراست ئاگات لە بارانی ئەم شەو نەبوو؟"
هاوینەکانی مە چەند جیاوازن، جارێک لە ژێر سێبەری ترس‌دا خۆمان گرمۆڵە دەکەین، کاتمان هێندە تەنگەبەرە کە تەنانەت ناتوانیین "شامپاین" بنۆشین‌و ئەیکەینە دیاری بۆ ئازیزێک. بە هۆی خواردنەوەی شەرابی یاقووتی، باری لەش ساغیمان لە گەرمایەکی تاقەت پروکێن‌دا لە کزی دەدات‌، من هێندە دڵە ڕاوکەمە کە خەون ناچێتە چاوەکانمەوە، هێشتا ترسی ئەوەی کە تۆ چۆن بە مەیدانەکانی "مین"دا دەرباز بوویت‌و پاش ئەو هەموو ساڵە منت دیتەوە. کە گەڕایتەوە پێم وتیت: نابێ بگری بۆ ئەوەی زوو بتبینمەوە.
کەچی هاوینی ساڵێکی دیکە وەها ئاسودە سەر دەنێم بە سینگتەوە، وەها ساکارو سادە ئەرژێمە ڕۆحتەوە کە ئاگام لە بارینی بارانی پشت پەنجەرەی ژوورەکەمان نامینێ.
هاوینێک هەموو رێگاکان بە سواری ماشێن‌ یان بە پێ دەگەنەوە یەک، هاوینێکی دیکە فرۆکە، شەمەندەفەر، میترۆ، تاکسی‌و پاس رێگاکان بە یەکەوە گرێ دەدەن‌. پاییزی ساڵێک ژن‌و پیاوێکی کانادایی فەرانسەوەی زمان دڵخۆشیت ئەدەنەوە، ئەو ساتەی ئەبێ من بەر لە تۆ بگەڕێمەوە، فرۆکەی تۆ وەپاش کەوتوە، من زووتر جانتای سەفەر تێک دەنێم‌و دەفڕم‌ بەرەو مەڵبەندێکی دوور. لەو پاییزییەداو لە نێو فرۆکەدا فیلمی دوایین شێو "شام آخر" چاو لێدەکەم. ئەمەوێ بڵێم کە ناهیدەکەم، گوڵاڵەی نێو گوڵزاری ئەوینم، لەیلای تاقانەی من، کوێستانی پڕ لە مێرگ‌و نزارم، گوڵەباغەکەم، ئەفسانەی ڕاستی ژیانم، هەمیشە تۆم بە ئەوینەوە دەوێ، ئەمە تەنیا خاڵێکە کە بەردەوام پێوەندیمان نۆژەن‌ دەکاتەوەو بەهاری عەشقمان پڕ گوڵ‌و گوڵزار دەێڵێتەوە، دەنا بێ ئەوین ژیان گەرانە لە نێو بیابانێکی بەرەهووت‌دا بە هیوای بۆن کردنی گوڵ.
ئەمەوێ لە ساڵی نوێ‌دا هەموو یادەکانت لە حەوزی ئەوین هەڵکێشمەوەو لە تەشتی بەخەوری‌دا بیانخوسێنم بۆ ئەوەی یادت هەر دەم لە دڵ‌و هەناوم‌دا سەوزو ئاوەدان بێ.
ئەگەر ئەمساڵ نەتبینم‌و بۆن بە پرچەکانتەوە نەکەم، ئەگەر نەتبینم‌و دەستم لە نێو دەستەکانت‌دا نەقونجێنم، ئەگەر خۆم لە ئامێزت‌دا گرمۆڵە نەکەم‌ ژیان زۆر بە دژواری هەنگاو دەنێ‌و من قەرارم نامێنێ، بڵێ کە دەمبینی، بۆم بنووسە کە پێکەوە شیرو قاوە دەخۆینەوە...
ناخوازم تۆ بە تەنیا ماسییەکی ڕەنگ سووری نێو ئاکاریۆمی ماڵی دڵم بیت. ئەمەوێ لە دەریای پڕ لە هاژەو تەکان‌دا، لە نێو شەپۆلە بە خورەکانی تێکئاڵان‌دا ئاوێزانت بم‌و بچمە نێو پێستەوە. ئەمەوێ خوو نەگرم بە نەبوونت‌و بەردەوام لە ساتەکانم‌دا پاتە ببیتەوە. ئەبێ هیوای دیتنت گەرم‌و بەتین ڕاگرم تاکوو ماوەو مەوداکان ساردی نەخاتە نێوانمانەوە. ئەمەوێ سەرتاپای ژیانم هەر بە رەنگی یادوەری لەگەڵ تۆ بنەخشێنم‌. گومانەکان تووڕ هەڵدە، درگای ئەوین بخە سەر پشت با پێکەوە چیرۆکی عەشقێکی ئەبەدی بنووسینەوە...
ساڵی نوێ بە خۆشی‌و بە ئاواتی گەشتریین ساتەکان. سوپاس بۆ هەموو ئەو خۆشیانەی بە یەکترمان بەخشیوەو دەبەخشین. ئەمەیە مانای راستەقینەی ژیان. نابێ هیچ شتێک رەنگی ئەم حەزو خولیا کاڵ کاتەوە، چاوەڕێم کەو بە "شێت"ی بە مەیدانی "مین‌"دا بە بێ دەستەکانی من تێمەپەڕە.
لێرەم، لە تەنیشتت، گەرمایی من هەست پێبکە...

No comments: