Archive

Sunday, January 15, 2012

پێداگری کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە سەر فیدرالیزە کردنی ئێران لە " همایش همبستگی ایران"

خوێنەری بەرێز، لە رۆژانی 7و 8ی ژانویه‌ی 2012 لە شاری کۆڵنی ئاڵمان کۆبوونەوەیە لە ژێر ناوی "همبستگی برای دموکراسی و حقوق بشر" بەرێوە چوەو هەمووان دوورو نزیک لە ئاکامەکانی ئەم کۆبوونەوەیە ئاگاداریین‌، تەنیا بۆ بەرچاو ڕوونی ئێوە بەرێز سەرنجتان بۆ کۆبوونەوەی هاوچەشنی هاوینی ٢٠٠٧ ڕادەکێشم، ئەکرێ ناوەرۆکی ئەم ڕاپۆرتە کە ماوەی پێنج ساڵ بەر لە ئیستا ئامادە کراوە، تەنیا بە گۆڕینی کات‌و شوێن هەمان دووپات بوونەوەی تاڵ‌و تفت بێ کە بەرۆکی ئێمەی کوردی گرتوە. ڕاستی کێ لەم نێوەدا بەرپرسیارە؟

پێداگری کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە سەر فیدرالیزە کردنی ئێران لە " همایش همبستگی ایران"

ڕاپۆرت : ره‌حیم ره‌شیدی
رۆژی هه‌ینی 15ی ژوئه‌نی 2007ی زایینی، به‌رانبه‌ر به 25ی جۆزه‌ردانی 1386ی هه‌تاوی
، کاتژمێر 9:45 سه‌ر له به‌یانی کۆبوونه‌وه‌ی به‌‌شێک له هێزه‌کانی به‌رهه‌ڵستکاری ده‌وڵه‌تی ئێران له شاری پاریس پێته‌ختی وڵاتی فه‌رانسه له ژێر ناوی " همایش همبستگی ایران" به‌رێوه‌چو. ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه تاکوو رۆژی یه‌کشه‌ممه کاتژمێر 15:30 سه‌رله ئێوارێ بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ درێژه‌ی کێشا.
له‌‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا پتر له 80 که‌س به‌شدار بوون. کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدرال، حیزبی دێمکڕاتی کوردستانی ئێران، کۆمه‌ڵه‌ی شۆرشگێری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی ئێران‌و زۆر که‌سایه‌تی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی که وه‌کوو خۆیان نه‌ک نوێنه‌ری رێکخراوو یان ڕه‌وتێکی سیاسیی، به‌شداری ئه‌م دانیشتنه بوون‌و وتاریان پێشکه‌ش کرد.
پێکهێنه‌رانی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه زۆربه‌یان پێشتر سه‌ر به ڕه‌وتی سه‌ڵته‌نه‌تخوازی له ئێران بوون که ئێستا له بیرو بۆچوونیان‌دا ئاڵوگۆر پێکهاتووه‌و باوه‌ڕیان وایه که ده‌بێ شێوه‌ی سیسته‌م‌و ده‌سه‌ڵاتی داهاتووی ئێران له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه، به گوێره‌ی هه‌ڵبژاردنێکی ئازادو دێموکراتیک‌ دیاری بکرێت.
ئامانجی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م جاره له بنه‌‌ڕه‌ته‌وه ئه‌وه بوو که به‌ به‌شداری لایه‌نه‌کانی دیکه به تایبه‌تی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدراڵ‌و هێزه کوردییه‌کان، پلاتفۆرمێکی جێگای متمانه‌ی‌ خۆیان بچه‌سپێنن‌و له‌م رێگایه‌وه شه‌رعیه‌تێک بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن. به‌ڵام به هۆی نه‌بوونی گه‌لاڵه‌یه‌کی ئه‌وتۆ له‌م باره‌وه سه‌رکه‌وتنێکیان ده‌سته‌به‌ر نه‌کرد.
شیاوی وتنه نوێنه‌ری حدکا له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، یه‌که‌م وتاری ئه‌م دانیشتنه‌ی پێشکه‌ش‌ کرد، ناوبراو خۆشحالی خۆی له بانگهێشت کردنی فه‌رمیی نوێنه‌ری کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدراڵ بۆ کۆبوونه‌‌وه‌ی پاریس ده‌ربڕی‌و له‌سه‌ر دابین بوونی مافی نه‌ته‌وایه‌تی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی به جیددی پێداگری کرد، پاشان نوێنه‌ری کۆمه‌ڵه قسه‌ی کرد، ئه‌وجار وتاری کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدڕاڵ که تێیدا له‌سه‌ر فیدڕاڵیزه کردنی ئێرانی داهاتوو پێداگری کرابوو پێشکه‌ش کرا.
وتاری کۆنگره هه‌موو باسه‌کانی کۆبونه‌وه‌ی خسته ژێر شوێنه‌واری خۆی‌و زۆربه‌ی به‌شداران به ئه‌رێنی‌و نه‌رێنی بیروڕایان له‌باره‌وه ده‌گۆریه‌وه‌.
کاریگه‌ری وتاری کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدراڵ به‌راده‌یه‌ک بوو، پێکهێنه‌ران‌و به‌رێوه‌به‌رانی کۆبوونه‌وه‌که به فه‌رمیی داوایان له به‌رێز شاهۆ حوسه‌ینی نوێنه‌ری حدکا کرد که به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی رێگا چاره‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له ئێران کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تی به‌رێوه‌به‌رن.
نوێنه‌ری حدکا وێرای پێشوازی له‌م داوایه، ڕایگه‌یاند که به بێ به‌شداری نوێنه‌ری کۆنگر‌ه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدڕاڵ‌و کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشان به‌شداری هیچ کۆبوونه‌‌وه‌یه‌کی تایبه‌تی‌و داخراو ناکات. له ئاکام‌دا به‌رێزان: هه‌مزه بایه‌زیدی به نوێنه‌ری کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانیی فیدرال، شاهۆ حوسه‌ینی‌، دوکتور مێرو عه‌لیار، ئه‌بوو که‌ریمی به نوێنه‌رایه‌تی حدکا، ناهید به‌همه‌نی‌‌و زاگروس خوسره‌وی به نوێنه‌ری کۆمه‌له‌، کامبیز روستاو شهریار ئاهی‌و ماشه‌ڵلا سه‌لیمی له لایه‌ن "همایش پاریس"وە به‌‌‌شداری ئەو کۆبوونه‌وه‌‌ بوون.

له‌م کۆبوونه‌وه تایبه‌تی‌یه‌دا وێرای ره‌خنه گرتن‌ له روانگه‌ی مه‌زنی خوازانه‌ی هێزه سه‌‌راسه‌رییه‌کان‌و کۆبوونه‌وه‌ی پاریس له په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ نه‌بوونی هه‌ڵوێستی روون‌و شیاو له ئاست چاره‌سه‌ری کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له ئێران، له‌سه‌ر درێژه‌دان به وتووێژ‌و دانوستاندن پێداگری کرا.
پێویسته بگوترێ به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی رێگای چاره‌‌یه‌کی ئه‌وتۆ که جێگای په‌سه‌ندی هه‌موو لایه‌ک بێت بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی نه‌‌ته‌وایه‌تی له ئێران، بڕیار درا کۆمیسیۆنێک پێک بێت که تا سێ مانگی داهاتوو گه‌لاڵه‌یه‌ک بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئاماده بکات، دوایه ئه‌م گه‌لاڵه‌یه‌ له لایه‌ن شۆرای رێبه‌رایه‌تی هه‌ڵبژێردراوی کۆبوونه‌وه‌ی پاریس که 15 که‌سن په‌سه‌ند بکرێ. پێویسته بگوترێ زییا سه‌درولئه‌شرافی له کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدڕاڵ، ئه‌بوو که‌ریمی له حدکا، ناهید به‌همه‌نی له کۆمه‌له، کامبیز روستا‌و شه‌‌هریار ئاهی به نوێنه‌رایه‌تی کۆبوونه‌وه‌ی پاریس، ئه‌ندامانی کۆمیسیۆنی ناوبراو پێک دێنن.
شیاوی وتنه کۆنگره‌ی نه‌‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدراڵ، وێرای حدکا‌و کۆمه‌ڵه رایانگه‌یاند تاکوو ساخبوونه‌وه‌ی ڕوون‌و بێ گرێ‌و گۆڵی شۆرای رێبه‌ری کۆبوونه‌وه‌ی پاریس له باره‌ی چۆنیه‌تی رێگا چاره‌ی کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له ئێران، ناچنه هیچ هاوپه‌یمانه‌تیک‌، هه‌ر بۆیه له خۆ پاڵاوتن بۆ به‌شداری کردن له شۆرای رێبه‌رایه‌تی‌دا خۆیان پاراست.
پێویسته بگوترێ خاڵی هه‌ره به‌رچاوی ئه‌م دانیشتنه له‌وه دابوو که کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدرال لێبڕاوانه له‌سه‌ر فیدرالیزه کردنی ئێرانی داهاتوو پێداگری ده‌کرد‌و هه‌لوێست‌و ڕوانگه‌کانی به گرینگ‌و جێگای سه‌رنج وه‌رده‌گیرا.
خاڵی لاواز‌ی ئه‌م دانیشتنه ئه‌وه بوو که هه‌وڵ ده‌درا که‌سایه‌تی‌یه‌کان‌و رێکخراوه‌کان له هه‌ڵبژاردنی شۆرای رێبه‌ری‌دا خاوه‌نی یه‌ک ده‌نگ بن،‌ ئه‌م بابه‌ته له ‌لایه‌ن نوێنه‌رانی کۆنگره‌، دێموکرات‌و کۆمه‌له‌وه ده‌نگی نه‌رێنی پێدرا.
به‌لام هێندێک تاقم هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ناویان له نێو ناوان‌دا بێت، بێ گوێ دانه زیانه‌کانی ئه‌م بابه‌تانه‌، هاوکات به بێ هه‌بوونی هه‌ڵوێست‌و به‌رنامه‌ی شیاو له‌ لایه‌ن کۆبوونه‌وه‌ی پاریس بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی، له جیاتی ده‌نگ هه‌ڵبرین، سیاسه‌تی هه‌ماهه‌نگی‌و خۆ رێخستنیان له‌گه‌ل به‌رێوه‌به‌رانی کۆبوونه‌وه‌ی پاریس ڕچاو کرد به بێ ئه‌وه‌ی بتوانن فه‌رمییه‌تێک بۆ خۆیان وه‌ده‌ست بێنن، ئه‌م بابه‌ته‌ش نیشانده‌ری ئه‌و راستییە‌ کە ئه‌و تاقمانه له هه‌موو لاێکه‌وه ته‌ریک که‌وتوونه‌ته‌وه.

No comments: