Archive

Wednesday, July 25, 2012

له‌ ده‌ڤه‌ری واشینگتۆن، سه‌باره‌ت به‌ فیدرالیزم سمینارێک به‌رێوه‌ چوو.

رۆژی دووشه‌ممه‌، رێکه‌وتی 23ی جولای 2012ی زایینی، به‌رانبه‌ر  به‌ 3ی گه‌لاوێژی 1391ی هه‌تاوی، "کانون دوستداران فرهنگ ایران"، به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی 30 سال به‌سه‌ر دامه‌زراندنی‌دا، دانیشتنی ئه‌و جاره‌ی خۆی ته‌رخان کردبوو بۆ باس‌و بیروڕا گۆڕینه‌وه‌ له‌سه‌ر داهاتووی ئێران‌و چه‌مکی فیدرالیزم وه‌کوو یه‌کێک له‌ رێگا چاره‌کان بۆ پێکهاته‌ی حکومه‌تی داهاتوو، له‌ پاش نه‌مانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
کۆڕه‌که‌ کاتژمێر 7:30ی سه‌ر له‌ ئێوارێ به‌ قسه‌کانی خاتوو شۆهره‌ عاسمی به‌رپرسی ته‌له‌ویزیۆنی "ایران ما"و  ئه‌ندامی "کانون" ده‌ستی پێکرد. ناوبراو سه‌ره‌تا وێرای به‌خێرهاتن کردنی کۆڕگێران‌و ئاماده‌ بووان، ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ ماوه‌ی 30 ساڵه‌ "کانون" هه‌موو حه‌وتوویه‌ک کۆرێکی بۆ باس له‌سه‌ر  بابه‌ته‌ جیاوازه‌کان پێکهێناوه‌و خۆشحاڵه‌ له‌وه‌ی که‌ بابه‌تی ئه‌ورۆ بۆ باسێکی گرینگی وه‌کوو فیدرالیزم ته‌رخان کراوه‌.
ئه‌وجار داوای له‌ کۆڕگێران کرد که‌ باسه‌که‌یان پێشکه‌ش بکه‌ن.

 سه‌ره‌تا ئه‌حمه‌د ته‌قوایی لێکۆڵه‌رو یه‌کێک له‌ به‌رپرسانی ماڵپه‌ری "اینده‌ نگر"، قسه‌کانی خۆی ده‌ست پێکردو سه‌باره‌ت به‌ مێژووی فیدرالیزم‌و جۆره‌کانی فیدرالیزم باسیکی پێشکه‌ش کردو له‌سه‌ر یه‌ک پێی وابوو که‌ فیدرالیزم بۆ ئێران گونجاو نیه‌و لایه‌نگری له مافی شارۆمه‌ندی‌و‌ مانه‌وه‌ی حکومه‌تی ناوه‌ندی کرد.
دواتر ره‌حیم ره‌شیدی رۆژنامه‌وان‌و ئه‌ندامی "حدکا" وێرای به‌خێرهاتن کردنی ئاماده‌بووان‌ به‌ زمانی کوردی‌و فارسی، باسێکی تێرو ته‌سه‌لی له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ فیدرالیزم‌دا پێشکه‌ش کردو ڕایگه‌یاند که‌ ده‌وڵه‌تانی ناوه‌ندی به‌ درێژایی مێژوو بونه‌ته‌ هۆکاری سه‌رکوت‌و هه‌ژاری‌ له‌ کۆمه‌ڵگای ئێران‌و بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر به‌ دووپات بوونه‌وه‌ی دیکتاتۆری بگرین، پێویسته‌ که‌ هه‌وڵی دابه‌ش کردنی ده‌سه‌ڵات‌و سامان له‌ ئێرانی داهاتوودا بدرێ‌‌و له‌م رێگاوه‌ وێرای پاراستنی جیاوازیه‌کانمان، هاوپێوه‌ندی‌و پێکه‌وه‌ بوونی دڵخوازنه‌شمان بپارێزین.

 ناوبراو له‌ درێژه‌ی قسه‌کانی‌دا زۆر به‌ڵگه‌ی مێژوویی له‌ وڵاتانی فیدراڵی وه‌کوو، ئامریکا، سوئیس‌، کاناداو بلژیک‌و ئیسپانیاو ئالمان‌‌و ئی دیکه‌، هێنایه‌وه‌و به‌ ڕوونی داکۆکی له‌وه‌ کرد که‌ فیدرالیزم ده‌توانێ تاکوو ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو هه‌ڵاواردن‌و په‌راوێز خستنی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران، وه‌لا بنێت‌.
شایانی باسه‌ که‌ دواتر ئاماده‌ بووان به‌ شێوه‌یه‌کی چالاکانه‌ پرسیاره‌کانی خۆیان هێنایه‌گۆڕێ‌و کۆڕگێران وڵامی پرسیاری به‌شدارانیان دایه‌وه‌.

پێویسته‌ ئه‌وه‌ بگوترێ که‌ سه‌دان که‌س له‌ کوردو ئێرانییه‌کان له‌و سیمیناره‌دا به‌شدران بوون‌و زۆربه‌ی نزیک به‌ ته‌واویشیان که‌ فارس‌ یان سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ بوون، داکۆکی‌و پشتیوانیان له‌ قسه‌و لێدوانه‌کانی ره‌حیم ره‌شیدی کردو پێیان وابوو که‌ ئه‌و باسه‌ی ناوبراو پێشکه‌شی کردوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی واقعیه‌ته‌ سیاسی، مێژوویی، ئابوری‌، کۆمه‌ڵایه‌تی‌، نه‌ته‌وه‌یی‌، ئایینی‌، کولتوری‌و جوغرافیایی ئێرانی له‌به‌ر چاو گرتوه‌، هاوکات به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌شی بۆ  گونجان‌و سازگار بوونی فیدرالیزم بۆ ئێرانی پاش روخانی کۆماری ئیسلامی به‌هێزو به‌رچاوتر بوه‌.
له‌و کۆڕه‌دا، ئه‌ندامانی حیزبی دێموکرات‌و کورده‌ ئێرانییه‌کان به‌ رێژه‌یه‌کی به‌رچاو به‌شداریان کردبو.
کۆڕه‌که‌ کاتژمێر 10:30 خوله‌کی شه‌و کۆتایی هات‌.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران_ ئامریکا

No comments: