Archive

Friday, August 10, 2012

به‌هارستان


له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌مزانی شه‌ش کاتژمێر له‌سه‌ر کار ده‌مێنێته‌وه‌، ده‌توانێ له‌و ماوه‌دا به‌ ته‌له‌فوون قسه‌ بکات‌و وڵامی هه‌موو پرسیارێک بداته‌وه‌، خۆم خافڵاندو کامپیوتێره‌که‌م کوژانده‌وه‌، شیرو قاوه‌م خوارده‌وه‌و چاوێکم به‌ کتێبخانه‌که‌م‌دا خشاند. ته‌له‌ویزیۆنه‌که‌م هه‌ڵکردو له‌ ماوه‌یه‌کی کورت‌دا کوژاندمه‌وه‌. خۆم پێ نه‌ده‌گیراو وه‌کوو ئه‌وه‌ی شتێک خزابێته‌ خوێنمه‌وه‌، هه‌ر به‌ چه‌شنی هه‌ڵکردنی باهۆزو تۆفان که‌ ده‌ریا ده‌شله‌قێنێ‌و سه‌رشێتی ده‌کات، هه‌راسان بووم‌و ئۆقره‌م لێبڕاوه‌.
ویستم خۆم به‌ دوور بگرم‌و هه‌ر وه‌کوو مانگ‌و حه‌وتوه‌کا‌نی ڕابردوو به‌سه‌ر ئه‌و هه‌سته‌دا زاڵ بم که‌ سه‌رتاپای هه‌ناومی ته‌نیوه‌. کوڵەپشتییەکەم ده‌ست دایه‌، ئه‌و کتێبانه‌ی که‌ حه‌وتووی پێشوو له‌گه‌ڵ خۆم بردبوومنه‌ شاخ، ده‌رهێناو لە شوێنی خۆیان داناوە. به‌ بێ ئه‌وه‌ی شوێن‌و مه‌کانێک بۆ خۆم ده‌ست نیشان بکه‌م، ملی رێگام گرت‌و خۆم خزانده‌ نێو دارستانێکی چڕه‌وه‌.
ماندوویەتی له‌گه‌ڵ یه‌که‌م هه‌نگاوه‌کانم‌و شان به‌ شانی خۆم، ملی ڕێی گرتبوو. له‌ ته‌نیشک ئاوێکی ڕوون‌و ساف، سووک‌و ساده‌ به‌ بێ ئامانج پاڵم دایه‌وه‌، بیرێکی قوڵ، هه‌ستێکی ته‌ژی له‌ سه‌رمه‌ستی‌ له‌ به‌رده‌مم‌داو ڕێک لە پێستم سه‌ری وه‌ده‌ر‌ناو له‌ پێشم قووت بوویه‌وه.
ورده‌ ورده‌، هه‌وره‌کان نێو چاویان تێکده‌نێن‌و مرومۆچ ده‌بن، پاش تاوێک نمه‌ نمه‌ باران دەبارێ، به‌ بێ ئه‌وه‌ی هه‌وا سارد بێ، ره‌نگ‌و ڕووی هاوین به‌سه‌ر هه‌موو مه‌ڵبه‌ندێکه‌وه‌ خۆ ده‌نوینێ، که‌جی من له‌ قوڵایی "به‌هار"دام.
لە خۆم ده‌پرسم بۆ له‌ ژورێ ئارامم نه‌گرت، من که‌ سه‌رتاپای دوێ شه‌و چاوه‌کانم له‌سه‌ر یه‌ک نه‌ناوه‌، ماندووم، لێ بۆ هەدادانم نییە. دڵم ده‌خوازێ که‌ له‌گه‌ڵ که‌سێک تاکوو دوورترین مه‌کانه‌کانی دونیا بڕۆم، یان پێکه‌وه‌و به‌ ده‌م پیاسه‌ کردنه‌وه‌ ڕوو له‌ مه‌یخانه‌یه‌ک بکه‌ین‌و په‌یکێ شه‌رابی یاقووتی هه‌ڵده‌ین‌و خه‌مێک به‌ با بکه‌ین. یان له‌سه‌ر لێواری ئاوێک شان به‌ شانی یه‌که‌وه‌ ده‌ین‌و به‌ نێو لاپه‌ڕه‌کانی ژیان‌دا بچینه‌وه‌ یان ئه‌وه‌تا له‌سه‌ر مێزی پارک یان سه‌یرانگه‌یه‌ک پال ده‌ینه‌وه‌و بدوێین.
هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی وه‌کوو به‌ن‌و داوێک له‌ کڵافه‌ی ئاڵۆزی بیره‌کانمی ده‌ئاڵێنم بۆ ئه‌وه‌یه خۆم له‌ راستیه‌ک بدزمه‌وه‌و‌ بیانویه‌ک بۆ قسه‌ کردن له‌گه‌ڵ تۆ به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌ده‌م.‌
به‌ڵام خۆ به‌ری رۆژ به‌ بێژه‌نگ ناگیری‌و مانگ هه‌ر ده‌م له‌ ژێر هه‌وره‌وه‌ نیه‌. له‌ ئاستی ئه‌م هێزه‌ ده‌رونیه‌دا بێ ده‌سه‌ڵات‌و ده‌سته‌ وه‌ستانم، هه‌ر بۆیه‌ ته‌له‌فوونه‌که‌م ده‌ست ده‌ده‌مێ‌و ده‌دوێم، ئه‌وه‌ی نابێ ڕوو بدات ده‌قه‌ومێ، من سه‌ر له‌ نوێ مچۆرک به‌ له‌شم‌دا دێت‌و بێ ده‌نگی گه‌مارۆم ده‌دات، به‌ ده‌م قسه‌ کردنه‌وه‌ به‌ره‌و ماڵه‌که‌م ده‌گه‌رێمه‌وه‌و ئاواتی ئه‌وه‌ ده‌خوازم دره‌نگ‌ یان زوو لێره‌ یان له‌وێ، له‌ هه‌ر وه‌رزێکی ساڵ‌دا بێ، به‌هار بێ یان هاوین، ده‌ست له‌ نێو ده‌سته‌کانی بنێم‌و نیگام له‌ رووخساری‌دا به‌جێ بێڵم‌و تاکوو کۆتایی خواو زه‌وی شان به‌ شانیه‌وه‌ بنێم.
به‌ خۆم ئێژم، ئێمه‌ به‌ گوناحه‌وه‌ چه‌ن جوانین. ده‌ستم بگره‌ با پێکه‌وه‌ له‌م تاریکایه‌دا گوزه‌ر بکه‌ین. من قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌که‌م‌و گوێم له‌ ده‌نگت نیه‌، ئه‌وه‌تا پاریس‌ چاوه‌ڕوانمانه‌و ده‌نگی باران هه‌ر ده‌م بیری تۆم ده‌خاته‌وه‌. حه‌ز ده‌که‌م تووشی فه‌رامۆشی بم، بۆ ئه‌وه‌ نا که‌ تۆ له‌ ڕابردوودا ون که‌م، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ سه‌ر له‌ نوێ له‌گه‌ل تۆدا هه‌موو شتێک ده‌ست پێ بکه‌مه‌وه‌.

ئێستا، من وه‌کوو سه‌ربازێکی مه‌یدانی جه‌نگ وام که‌ حه‌ولی زیندوو مانه‌وه‌ ده‌ده‌م، له‌ حاڵیک‌دا هه‌موو هه‌ڤاله‌کانم کوژراون، به‌رده‌وام بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆکی هه‌موو جه‌نگه‌کانت بۆ بگێرمه‌وه‌و پێت بێژم که‌ له‌ به‌ر چاوه‌کانت هه‌موو دژواریه‌کانم پشت سه‌ر ناوه‌و زیندوم.
که‌سه‌که‌م بیرت ده‌که‌م، ئاگات له‌ چاوه‌کانت بێت.

No comments: