وێنە: نەمر کاک تەها عەتیقی
هەموو شتێک لە نەکاو هاتە گۆڕێ، بە سەفەرێک لە پاریسەوە هاتبومە واشینگتۆن، رۆژێکی ساردو تووش، تفت هەڵخستایەت بە ئاسمانەوە دەیبەست. کۆمەڵێک هاورێ لە ماڵی دۆستێک کۆبووینەوە، دەمان هەویست لێوێک بە بادە تەڕ کەینو خەمێکی غەریبی بە "با" دەین. گەرەکمان بوو کە دەفتەری بیرەوەری پێشمەرگایەتی، ئاوارەیی، پەناخوازیو پەنابەری چەند ساڵەمان لە تورکیە، ئورووپاو ئامریکا، هەڵدەینەوەو ئەو بوخچانەی دڵ بکەینەوە کە ماوەیەکی زۆرە نەکراونەوە، بۆ ئەوەی دەمارەکانی ژیان تەژی لە هیوا کەینەوە.
هەورامیەکی کۆنە ناسیاو هەر خەریکی موبایلەکەیەتی، لە نەکاوو لە نێو ئەو حەشیمەتەدا، ڕوو لە من دەکاتو دەڵێ: "ئەزانی کاک تەها عەتیقی مرد". بێ ئەوەی پرسیاری لێبکەم، کە چی ڕووی داوە، بێ ئەوەی زارم گۆ بکا، لە جێگای خۆم سڕ دەبم.
دونیای منداڵی خۆم وەکوو فیلمێک، بە خێرایی شەمەندەفەر، بە رهێڵەکانی زەینمدا دێتو دەچێت، ئەرێ، من هەمیشە ئۆگری دەنگی بووم. هەموو کات بە دڵ خۆشم ویستوە، هیچ کاتێک سەبارەت بەو پیاوە هەستم بە دووریو غەریبی نەکردبوو. بە تایبەتی ئەو کاتانەی بەو دەنگە نەرمو نیانەی لە بەرنامەی "وڵامی نامەی گوێگرەکان" کە لە رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێراندا، رۆژانی هەینی هەموو حەوتوویەک، وەکوو نەقوڵو نەبات بەسەر کوردستانیان بە گشتییو ڕۆژهەڵاتی وڵات بە تایبەتی دەبەخشرایەوە. دەنگێک کە وەکوو تاڤگە هەر هەستێکی هەڵچووشی هێور دەکردەوە.
ئێستاش کە بیر لە ڕابردوو دەکەمەوەو بە کۆڵانی بیرەوەرییەکانمدا شۆڕدەبمەوە، زانستو قسەی نەستەقی کاک تەها سەرنجم ڕادەکێشن، هەستێکی سەیر دامدەگرێ کە بیری دەسنووسەکانی دەکەومەوە کە کاتی خۆی لە رادیۆ بە حەزو خولیایەکی بی سنوورەوە دەمخوێننەو لێیان فێر دەبووم. ئەوە ماوەی سێ ساڵی ڕەبەقە قورسایی مەرگی کوتوپڕی ئەم مرۆڤە شکۆمەندە بەری نەداوم...
ئێوارەی ٢٩ی مانگ، زۆر لە خۆم دەکەمو لەگەڵ دادە ئەسمەر خێزانی کاک تەها، تەوار شەریفی، هەروەها دەگەڵ دوو هەڤاڵی دێرینو تا سەر بە وەفای کاک تەها، بەرێزان عەلی پوورئامانو ئەحمەد شێربەگی دەدوێمو هاوخەمیان لەگەڵ دەکەم، لە راستیدا خەمیان لەگەڵ بەش دەکەم. کوڵی گریانێکی بە ژان سەرتاپای وجودم دەهەژێنێت، قسەکانی دادە ئەسمەرو لاواندنەوەکەی هەموو مرۆڤێکی بە ویژدانو خودان هەست، سڕ دەکات. کاک عەلی پوورئامان ئەم مرۆڤە بەهستو گەوورەیە، بە وردیو بەو پەڕی خەفەتبارییەوە هەموو ڕووداوەکەم بۆ دەگێرێتەوە کە چی ڕووی داوەو چلۆن کاک تەها لە کاتی وەرزش کردندا شەپڵە لێیداوە...
دەزانم کە دادە ئەسمەر ئەوە دوو جارە هێلانەکەی لێدەشێوێ، دوو جارە ئێشو ژان لە هەناوی رۆ دەچێت، ئەو ئۆفو ئێشی مەرگی سوورو سەربەرزانەی شەهید عەبدوڵا شەریفی سەر لە نوێ بۆ زیندوو بۆتەوە، دەردەکەی زیندوو بۆتەوە؛ لە بەر ئەوەی کاک تەها بەراستی، بە سۆزو مێهرەبانی بێ سنوورەوە، نەبوونو بێ بابی بۆ منداڵەکانی باجە ئەسمەر کاڵ کردبوەوە...
یەکەمین جار کاک "تەها"م لە رێکەوتی ٢٤ی ئاپریلی ساڵی ٢٠٠٤دا، لە بڕلین پێتەختی ئاڵمان لە کاتی دانانی لەوحی بیرەوەری شەهیدانی میکۆنۆس دیت، ئەو کات لە سوئێد دەژیام، ئەویش پێشتر لەوێ دەژیا، دوایە کە ژیانی هاوبەشی پێکهێنا هەواری گواستەوە بۆ سوئیس، لەبەر گرینگی دانانی ئەو لەوحە لەوێ بوو، ئاشنایەتیمان درێژەی کێشاو بە دەست بە کار بوونم لە تەلەویزیۆنی تیشک لە پاریس، دۆستایەتیمان چڕتر بویەوە، لەو ماوەدا کاک تەها بۆ من مامۆستاو رێنوێنکی یەکجار مەزنو گەورە بوو. هەر دەم، رێنوێنی دەکردم، هەڵەو پەڵەی بۆ پینە دەکردمو رێگای دروستی لە پێش دادەنام...
جارێک کاک هادی حوسێنی، بۆی باس کردم کە لە مێژە کاک تەها دەناسێو دواجاریش لەگەڵ کۆمەڵیک بەرپرسی حیزبی لە ماڵیان بوە کە پێیانی وتوە: "...ئاگاتان لە کاک رەحیم بێ، دڵی ڕاگرن..."
پاش ماوەیەکی زۆر، پرسیارم لێکرد کە شتێکی ئاوام بیستوە، سوپاسم لێکرد، یادی هەزاران جار بەخێر بێ، فەرمووی: "...ئەمن دەیانناسمو کارم لەگەڵ کردوون، پێم سەیرە کە ئەوندە خۆت ڕاگرتوە، دەزانم کە چ دەکەیتو چەندەش باشی دەکەیت...". بۆچوونی کەسێکی وەکوو کاک تەها، بەو هەموو لێزانیو زانستەوە لەسەر کارەکانم، بۆ من بایەخو پەیامێکی گەورەی تێدا بوو.
کاک تەها عەتیقی، قوتابخانەیەکی گەورە بوو، بێ گومان ئەدەبیاتی بەرگری کورد قەرزاری قەڵەمو خزمەتە بەرچاوەکانی ئەو مرۆڤەیە، باوەرم وایە کە پێویستە خوێندکارانی کورد تێزی دوکتۆرا لەسەر خزمەتەکانی کاک تەها بنووسن. دەشێ ئەوان سەبارەت بە کارو تێکۆشانی ئەو نەمرەو ئەو خزمەتە مەزنو بەرچاوانەی بە زمانو وێژەی کوردی بە گشتییو ئەدەبیاتی شۆڕشگێرانەو پێشکەوتوانە کە لە سەردەمێکی سەختو دژواردا پێشکەشی کردوە. توێژینەوە بکەن.
بە داخێکی گرانەوە، کاک تەها لە هەلومەرجێکدا گوڵی تەمەنی پڕ لە شانازی هەڵوەڕی کە، بزوتنەروەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە هۆی خۆ خۆریو دووبەرەکیەکی بێزئەستێنو دوژمن شادکەرەوە، تاکوو ئێستاو بەو جۆرەی شیاوی ژیانو ڕابڕدووی پڕشەنگداری ئەو نەمرەیە، یادی نەکراوەتەوە.
یادو ناوی کاک تەهای عەتیقی هەمیشە لە دڵماندا زیندوە.
No comments:
Post a Comment