Archive

Saturday, December 29, 2012

لێرەو لەوێ!


رەحیم رەشیدی
کە جانتای سەفەرم پێچایەوەو بە دڵە ڕاوکەیەکی زۆرەوە رێگام گرتەبەر، تۆ تەنیا بیانوی ئەم کردارە بوویت. لە هەموو دێرەکانی ئەو پەڕتووکانەدا سیمات دەردەکەوت کە بۆ کورت کردنەوەی ئەم رێگا دوورە لە نێو چەمەدانە بچووکەکەم ئاخنی بوون‌و لەو مەودا بەرینەدا سەرقاڵی خوێندنەوەیان بووم.
شێعرەکان هەر لە خۆت دەچووون، دەنگت هەر دەم ئاوێتەی موسیقی دەبویەوەو بۆم دەبوە هۆنراوەو ئاواز، هەموو ئەو ماوەیە پێم وابوو کە دەگەمە ئاستانەی دیدارت، چ روو دەدا، بیرم لە ماچ کردنی دەستەکانت دەکردەوە، لەوەی کە لە ئامێزی پڕ مێهرەبانیت‌دا ئۆقرە دەگرم‌و تۆ پەنجەکانت لە پرچەکانم دەژەنی. پێم وابوو کە لەم ساتە وەختەدا، تۆ نوێترین شێعرەکانت بە هەوێنی ئەوین دەخولقێنی‌و ئیدی روخسارم بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر سەمای پرچەکانی تۆدا دەمێنێتەوەو گەرم دادێت.
ئێستا بە خۆم دەڵێم، هیچ کەس لەم گەردوونەدا، بە رادەی من تۆی ناوێت، تۆ کە ئەزانم ئیدی ناتوانی  هاوکات دوو کەست خۆش بوێ؟! من هەموو دەریاکان دەپێوم، دووری هەموو شتێکی لە من‌دا سەبارەت بە تۆ پاراستوە بۆ ئەوەی بگەمەوە تۆ، هەر چەندە ئەتۆ بەو بێ مەیلیە تێبکۆشی قەڵەمەکەم کول بکەیت من هەدا نادەم...
حەزی دیداری چاوەکانت، بۆتە هەتاوی ژێر باران، سەد بریا هاتبایت بۆ لام، سەد بریا هێشتبات سەر بکەمە سەر شانەکانت، دوای ئەوەی چەند کاتژمێر لە سەر تەختەکەم ئەملاوو لام کرد، نەهاتی، ئەو ساتانە زۆر بە لەسەرە خۆیی‌و قورس تێدەپەڕین، وەکوو ئەوەی کە گیراوێک پاش ماوەیەکی زۆر بیهەوی کەسێکی ئازیزی ببینی. خۆزگە دەتزانی کە نەهاتیت، چەندە دڵتەنگانە بە خۆمم دەوت،  منت نەویست‌و فرێت دامە کۆشی فەرامۆشی‌و بێ کەس تر لە هەمیشە بە تاریکیت سپاردم...
گەرەکمە لەوە دڵنیا بیت کە نفرەتێکم نیە لە تۆی بکەم، هەموو هەوڵم ئەوە بوو کە مەودای نێوانمان کورت کەمەوە، دیوارەکان بروخێنم‌و تۆ بە کەسێکی ئاسایم ببینی. قسەیەکم نەکردوە بۆ ئەوەی بترەنجێنم، کە کورتە نامەیەکم بۆ ناردیت‌و باسم لە دوو ڕوویت کرد تەنیا مەبەستم ئەوە بوو کە بێژم روویەکت هەتاوەو ڕوویەکت مانگ، سەرم سووڕمابوو کە چلۆن شەو ڕۆژ وێکراو پێکەوە دەرکەوتوون...
من کاتی ئەوەم نیە کە نفرەتت بۆ بنێرم، ماومەوە بۆ جموجوڵەکانی ئەم رێگا بێ بڕانەوەیە، ئێستا تەنیا دەمهەوێ بێیتە گۆ، شتێک بکەی، بنووسی، تشتێک وەکوو باران‌و لە جنسی هەتاو...
هەرگیز بۆم مەنووسە، "باشه گیان ئارام به، چیت ئه‌وێ به‌رانبه‌ر من بیکه، حه‌ز ئه‌که‌ی بمکوژه، ئاماده‌م، به‌ڵام ئاگات له دڵت بێ".
ئاگام لە دڵمە، لەبەر ئەوەی کە تەنیا تۆی تێدایت، هەرگیز ناتوانم ئەو دڵە ژاراوی بکەم کە خۆشەویستی تۆی لە ناخی‌دا هەڵگرتوەو ئەم خۆشەویستییە بەردەوام گەرا دەخاتەوە.
ئێستاش یادەکانت کە لە ئێوارەیەکی حەزین‌دا، کە لە تەنیشتەوە دانیشتبووم‌و تەمەنام کردیت بێیتە ژورەکەمەوە، چرۆیان کردۆتەوەو سەرتاپام دەخوسێنن.
بە خولیایەکی سەیرەوە بیرت لێدەکەمەوە، هەر بۆیە حەزی چلێسم لێت تێر نابێت. هیوام بدەیە کە ئەم جارە وەکوو جاری دیکە نابێ، بۆم بنووسە کە دەتوانم سەر لە ماڵەکەت بدەم‌و پێکەوە قاوەیەک دەخۆینەوە. من کە دەتوانم بیر لە بڕینی ئەم رێگا بکەمەوە، خولیایی دیداری چاوەکانتم لە سەردا پاراستوە...
کەسم، ئەمەوێ تۆ هەر دەم شەکری قاوەی ژیانم بیت.

No comments: