Archive

Thursday, August 1, 2013

سەبارەت بە قەلاچۆ کردنی کوردەکان زانیاری نیە!

رەحیم رەشیدی
لە ئەنجوومەنی پیرانی ئامریکا، باسێک لە بارەی تورکیە لە گۆڕێ دا بوو کە بڕیار بوو لەوێ ئامادە بم و سەبارەت بە مژارەکانی پەیوەندیدار بە کوردەوە راپۆرتێک ئامادە بکەم. هەمان رۆژ لە ئەنستیتۆی رۆژهەلاتی ناڤین باسێک لەسەر روووداوەکانی میسر لە گۆرێ دا بوو، کاتی بەرێوەچوونی هەر دوو کۆڕەکە بە جۆرێک بوو کە دەمتوانی بەشداری هەر دووکیان بکەم و بریارم دابوو کە پاش کۆبوونەوەکەی سەنا برۆمە ئەو باسەی گرێدراوی رووداوەکانی میسرە.
دۆستێکی بەرێزم هەیە کە لە بەشی ئینگلیزی "ئەلجەزیرە" کار دەکات، چەند کاتژمێر بەر لە دەسپێکردنی کۆڕەکان، تەلەفوونی لێکردم و پرسی کە ئەمڕۆ چ دەکەم؟ بۆم باس کرد کە بەرنامەم ئەوەیەو لەو دوو شوێنە دەبم، بە پێکەنیینەوە وتی: " دڵنیام بۆ هیچکامیان ناچی"!. وتم نەکا پەیامی مەرگی منت پێ بێ؟ لە وڵام دا وتی، نا. بەر لەوەی قسە بکەم، وتی، ئاغای رەشیدی ئەمرۆ لە "ناوەندی نێونەتەوەیی وودرۆ ویلسۆن"، کۆبوونەوەیەک لە هەمبەر بەشداری حیزبوڵای لوبنان لە شەڕی سووریەداو دەوری ئێران لەو پرۆسەدا، بەرێوە دەچێ. رۆژنامەوانێکی بە ناوبانگی لوبنانی بۆ قسە لەسەر ئەو بابەتە لە بەیروتەوە بانگهێشت کراوە.
بێ یەک و دوو لێکردن بەرنامەکەم گۆڕی و خۆم بۆ بەشداری لەو کۆبوونەوەدا ئامادە کرد.
"هانین قەدار/ سەرۆکی بەشی ئینگلیزی تۆری “دەنگوباسی ئێستا”ی لوبنان، باسێکی گرینگی سەبارەت بە بەشداری گروپ و تاقمە ئیسلامییەکانی شیعەو سوننە، لە شەری سووریەدا باس کردو زۆر زانیاری وردو بە سوودی لە هەمبەر دەوری تێکدەرانەی ئێران لە قەیرانی ئەو وڵاتەدا خستە ڕوو...
لە بەشی وڵام و پرسیاردا تێگەیشتم کە چەند راگەیاندن، بۆ وێنە بەشی کوردی و تورکی دەنگی ئامریکا، وێرای چەند راگەیاندنی ئامریکایی و عەرەبی، لەوێ ئامادەن.
کاک بەڵێن ساڵح لە بەشی کوردی دەنگی ئامریکا، سەبارەت بە کوشتاری کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان لە لایەن تاقمە تیرۆریستییەکانەوە، پرسیاری لە کۆرگێر کرد، کەچی ئەو خانمە بەرێزە، بە ڕاشکاوی باسی لەوە کرد کە سەبارەت بەو مژارە زانیاری نیە، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە بۆ تاوتوێ کردنی قەیرانی سوریە، مووی لە ماست جیا دەکردوەو زانیارییەکانیشی وردو شێلگیر بوون!
نەدەکرا کە هەمان پرسیار دووپات بکەمەوە، لە کۆتایی دا بڕیارم دا کە سەبارەت بەو باسە لە دوای تەواو بوونی کۆڕەکەدا، بیدوێنم. کاک بەڵێن ساڵح داوای لێکردم کە هەمان پرسیاری رووبەڕوو بکەمەوە کە ئەو لێی کردوە. لەو خاتوونەم پرسی، رات سەبارەت بە کوشتاری خەڵکی مەدەنی کوردستان لە لایەن "جبهەتولنەسرەوە"، چییە؟، لە وڵام دا وتی، ئیوە خۆتان لەوە بارەوە شارەزاترن و من ئاگاداریم نیە و لەسەر ئەو بابەتە لێدوان نادەم!.
هەرچی بێ، ماوەی پتر لە دوو کاتژمێر، پاش تەواو بوونی کۆڕەکە مامەوە، لە کاتی خواردنی نانی نیوەرۆدا، پێم وت من پرسیارەکەم دەگۆڕم، هەرچی هێنام و بردم، کەچی هەر ئامادە نەبوو سەبارەت بە پرسی کورد قسە بکات.
لە کۆتایی دا رازیم کرد کە لە هەمبەر کاریگەری خراپی رووخانی ئەسەد لەسەر کۆماری ئیسلامی قسە بکات و ئەوەش بڵێ کە حیزبوڵای لوبنان دەست پەروەردەی تارانەو زیانی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە نێوچەکەدا هەیەو گروپێکی میلیشیاو مەترسیدارە، بە هەر حاڵ گرینگ ئەوەیە، زانیبێتی یان نا، لێدوانەکەی لۆ من هەر بە قازانجی کورد بوو...

No comments: