رەحیم رەشیدی/ واشنگتن
ناوەندی هونەری میترۆ ی فینلەند، بە بۆنەی جەژنی حەفتا ساڵەی بەگەڕ كەوتنی هێڵی میترۆ لەو وڵاتە، داوای کرد کە هونەرمەندانی بەرهەمەکانی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی لە پێشانگەیەکی هونەری دا پێشکەش بکەن. ٢٠٠ هونەرمەند بەدەم ئەم بانگەوازەوە چوون و بەرهەمەکانی خۆیان پێشکەش کرد و لە ئاکام دا، ناوەندی هونەری میترۆی فینلەند تەنیا کارەکانی ٢٠ کەسی بۆ پیشان دا لەو پیشانگایەدا هەڵبژارد.
رەسووڵ خورەم هونەرمەندی کورد وەکوو تانیا پەنابەر، یەکێک لەو بیست هونەرمەندە بوو کە کارەکانی بۆ نیشاندان لە پیشانگای رۆژی نەتەوەیی هیلسینکی دا، هەڵبژێردران.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە هاندەری لێژنەی هەڵبژاردن بوو بۆ ئەوەی بەرهەمەکانی خورەم پیشان بدرێن بریتی بوو لەوەی کە ئەو هونەرمەند کوردە، توانیبوو بەرهەمەکانی خۆی لە چوارچێوەی ئەو تابلۆیانەدا بگونجێنێ كە بریتی بوون لە كەلوپەلی بێ كەڵك و فڕێدراوەكان.
شیاوی باسە زۆربەی تابلۆ فۆتۆگرافییەكان، وێنەی ئەو هونەرمەندانەی سەر شەقامن كە بۆ بژێوی ژیان لە سوچێكی شەقامدا گۆرانی دەڵێن یان مۆسیقا لێدەدەن و بە جۆرێك لە جۆرەكان هونەری خۆیان دەنوێنن و لە كوڵان و شەقامەكانی چەند وڵاتێكی ئەوروپی وەك سوید، چیك، نەمسا، یۆنان و ئیتالیا وێنەیان گیراوە.
هونەرمەند خوڕەم بۆ بەشداری لەو پیشانگایەدا رووبەرووی ئاستەنگ بۆتەوە، لێ ئەم گرفتانە کۆڵیان پێنەداوەو ئەوەی ئەو پێوەی ماندوە بەشداری نەکردنی کوردستانیانە وەکوو پێویست لەو پیشانگایەدا، ناوبراو لەم بارەوە وتی:
"هەر لەیەكەم رۆژەكانی كردنەوەی پیشانگا هونەرییەكەیدا، جانتاكەم بە هەموو كەلوپەلەكانی نێویەوە دزرا، ئیدی ئەمە كاری هونەرییەو ئەم گرفتانە و زۆر گرفتی دیكەش روو دەدەن، من بۆ ئەوە بەداخ نیم؛ بەڵامی داخی گرانم لەوەیە كە هاوڵاتی و هاوزمانانم كە لە هەندەران گیرساونەتەوە و لێرە دەژین، ئەو پێشوازییەی دەبێ بكرێت لە پێیشانگاكە، تاکوو ئێستا وەك پێویست نەیان كردوە، ئەم گلەییەم ساڵانی رابردووش هەبوو کاتێک بەشداری پێیشانگایەكدا بووم کە تایبەت بوو بە سروشتی كوردستان، ئەوکاتیش کوردەکان وەکوو پێویست بەشداریان نەکرد.
شیاوی باسە کە ئەم پیشانگایە لە رێکەوتی ١٢ی مانگی شەش کراوەتەوە تاکوو کۆتایی مانگی حەوتی ٢٠١٥، بەردەوام دەبێ.
کورتەیەک لەسەر هونەرمەند رەسووڵ خورەم:
رەسول خورەم خەڵكی شاری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستانە و ئێستاكە لە وڵاتی فینلاند گیرساوەتەوە. یەكێكە لە دەرهێنەرە سەركەوتووەكانی بواری فیلمی دوكیۆمێنتاری و چەندین فیلمی دوكیۆمێنتی لە تەلەڤزیۆنە كوردییەكان بڵاوكرددۆتەوە، یەكەمین فیلمی دوكیۆمنێتی بەناوی (ئاهی شمشاڵ) لەسەر هونەرمەندی نەمر، قاڵەمەڕەی شمشاڵ ژن لە ساڵی ٢٠٠٣ بڵاوكردتەوە.
No comments:
Post a Comment