Archive

Sunday, January 24, 2016

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی بریتانی کوردەکان لە ئێران دا چالاکترن




رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢١ی ژانویەی ٢٠١٦ی زایینی، رێکخراوی “سماڵمێدیا” کە ناوەندەکەی لە شاری لەندەنە و سەبارەت بە بابەتگەلی ئینترنێت و پرسی مافی مرۆڤ و رێکخراوە مەدەنییەکان چالاکی دەکات، راپۆرتێکی سەبارەت بە بارودۆخی رێکخراوەکانی مەدەنی و هەلومەرجی ژیانی کرێکاران و پێگەی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئائینیەکان بڵاوکردەوەو لە هەمان کاتدا بۆ باس لەسەر دۆخی نەتەوەکانی ئێرانی و تاوتوێکردنی ئەو راپۆرتانە کۆبوونەوەیەکی لە واشنگتن پێکهێنا
شیاوی باسە، کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ـ ژنێڤ، بەشداری ئەو کۆبوونەوە بوو.
پێویستە بگوترێ کە رەحیم رەشیدی بە نوێنەرایەتی گەلانی ئێران یەکێک لە  وتاربێژانی ئەو کۆبوونە بوو کە سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ئێعدامی کەمایەتییەکان و کوشتاری کۆڵبەرانی کورد قسەی کرد.
رەشیدی لەو بارەوە وتی: تەنیا لە دەورانی رۆحانی دا ٩٢٧ کەس لە دار دراون کە زۆرینەکان سەر بە نەتەوەکانی ژێرستەمن و هەروەها ٦٨ کەس لە ماوەی حەوتوەکانی رابردوودا و لە بەرەبەرەی کێبەرکێی هەڵبژاردنی مەجلیس دا ئێعدام کراون. هاوکات ١٦ کەس لەو ئێعدام کراوانە منداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بوون.
ناوبراو لە هەمبەر کۆڵبەران ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا لە ساڵی ٢٠١٥دا، ٧١ کۆڵبەر کوژراوو بریندار بوون و لە پاڵ ئەمەش بوونی پتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە کوردستان بە بەردەوامی ژیان و گوزارانی خەڵکی خستۆتە مەترسییەوە.
رەشیدی لە هەمبەر پرسی لابردنی گەمارۆکان ئاماژەی بەوە کرد بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییە کە ئابوری ئێران لە دەستی دەوڵەت و سپای پاستداران دایە، چاوەڕوان ناکرێ کە ژیان و گوزەرانی خەڵک باشتر بێ. جاران نرخی یەک بەرمل نەوت پتر لە ١٠٠ دۆلار بو، کەچی ئێستا بۆتە ٢٥ دۆلارو لە پاڵ ئەمانەش دا، ئێران بە کردەوە لە عێراق و  بەحرین و لوبنان و سوریە هێزی هەیەو دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتانە دەکات و ئەوەش تێچووی زۆری بۆ هەڵدەگرێ.
ئەم بەشدار بوە کوردە ئاماژەی بەوەکرد کە ئێران هەموو کاتێک کە دیالۆگ لەگەڵ رۆژاواییەکان دەکات، ئەوە رەوتی سەرکوت و کوشتار لە نێوخۆ توندتر دەکاتەوەو ئاماژەی بەوە کرد کە سیاسەتی چاکسازیخوازەکان و کۆنەپارێزەکان لە هەمبەر پرسی نەتەوەکان لە ئێران وەکوو یەکە.
شیاوی باسە کە کۆرگێران لەسەر ئەو باوەر بوون کە سەرەرای هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکان کوردەکان لە ئێران دا لە نەتەوەکانی دیکە چالاکترو رێکخراوترن و رەشیدی ئەم بابەتەی بۆ ژیانی سیاسیی و حیزبی و خەباتی ئازادیخوازانە لە کوردستان گەراندەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە کۆرەکە لە ٧٠هەمین ساڵیادی کۆماری کوردستان دا بەرێوەدەچێ کە بۆ کوردەکان گرینگەیەکی بەرچاوی هەیە.
شیاوی باسە کە چڤینەکە لە بنکەی سەرەکی ایکس بەرێوە چوو کە ناوەنێکی توژێنیەوەی مافی مرۆڤە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانی دەکرێ. .هاوکات وەڤدێکی وەزارەتی دەرەوە ئامادەی دانیشتنەکە بوون.

No comments: