Archive

Tuesday, January 26, 2016

جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا: دایک و بابم یەک وشە تورکیان نەدەزانی!

رەحیم رەشیدی و مێهمەت شیمشک


هەڤپەیڤین: رەحیم رەشیدی

پرسیار: رات لەسەر پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەراست چیەو چ جیاوازیەک هەیە لە نێوان یارمەتی کردنی کورد لە هەرێمی کوردستان یان رۆژئاوای کوردستان؟
مێهمەت شیمشک: خودات لێ رازی بێ. کرمانجی تێدەگەی؟ 
رەحیم رەشیدی: بەڵێ، لێ ئەز کوردی ئێرانم.
شیمشک: ەزیش کوردی تورکیام. کوردە تورکامە.
رەحیم رەشیدی: کەرەمکە:


مێهمەت شیمشک: ئەمن کوردم و بێ گومان هاووڵاتی تورکیاشم. پرسیارەکەت گرینگە. ئورووپاییەکان بە سەدان ساڵ شەریان کرد. لە دوو جەنگی جیهانی دا، بە میلیۆنان مرۆڤ کوژران.  ئێستا ئێمە باسی ٢٨ نەتەوە و زۆر گروپی ئیتنیکی و ئاینی جیاواز دەکەین. ئەوان پاش ئەم هەموو کوشتارە یەکیان گرت. لەگەڵ ئەوەی سنوورەکان دیارن و هەر وڵاتێک ئاڵاو پاڕڵمان و دراوی خۆی هەیە، لێ بانکی یەکگرتووشیان هەیە. 
ئەوە لە ئێستادا بۆ مە دژوارەو دەیبینین. بەڵام باشترین داهاتوو بۆ کورد لە تورکیاو بۆ من، گەشەی دێموکراسی و یەکتر قبوڵکردنە کە هەر ئەوەش بەشێک لە بناغەی سازکردنی ئورووپای یەکگرتوو بوو. ئەمە بۆ کورد و تورک و هەمووان باشترینە. لێگەرێ با نموونەیەک بێنمەوە. ئەگەر بتهەوێ بچی بۆ عێراق،- زۆر دەربارەی ئێران نازانم-، ئەگەر لە خوارەوەی مووسڵ و کەرکووک هێڵێک بکێشی کوردی لێنیە. بەڵام بۆ سوریا جیاوازە، جیا لە هێڵێکی هاوبەشی سنووری نێوان تورکیا و سووریا، یان وەکوو ئێوە وتان "رۆژئاوا" ئیدی خۆ تۆ کورد لە دیمشق نابینی.
لە تورکیا، مەزنترین شاری کوردنشین دیاربەکر نیەو تەنانەت پرحەشیمەترین شاری دونیا بۆ کورد ئیستانبوڵە، ئانکاراو ئەزمیریش هەروەها. خێزانی من تورکە، ناکرێ لە تورکیا کوردو تورک لێک جیا بکرێنەوە.  باشترین رێگا بۆ داهاتوو دێموکراسی و مافی هاووڵاتی بوونەو ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە نرخەکەی دەدەین. 
ئەو کاتەی من گوندەکەی خۆمانم جێهێشت، لەبەر خوێندن چوومە ئانکاراو دواتر چوومە بریتانیاو بۆ کار هاتمە ئەمریکاش، کەسێک پێی وتم کە تورکیا زۆر دەگۆردرێ و یاساورێسا کۆنەکان جێگای خۆیان دەدەن بە چاکسازی و ئازادی بە قازانجی کەمایەتیەکان و بە تایبەتی کوردەکان. لەوانەیە ئەوە روانگەی من نەبێ. بۆ وێنە ئەو بابەتانەی کە بۆ هەلی کارو ئازادی کولتووری و سیاسیی بۆ سپانییەکانی ئەمریکا بایەخدارەو بە بیرمان دا دێ، دەبێ کوردیش لە تورکیا چێژ لە هەمان بابەتگەل ببینن. لێ توندوتیژی بەر بە جێبەجێ بوونی ئەم خواستانە دەگرێ.
ئێمە چەند ساڵە پرۆسەیەکمان دەست پێکردوە، لەو شوێنەی من لە دایک بووم لە باتمان کە نوێنەری ئەوێ بووم، لەو دەورانەدا، هیوا خولقا، کارگە ساز کران و هەناردەکردنسەروو  ٨٠٪  تپەراند. لێ کە توندوتیژی دەستی پێکردەوە هەموو شت گۆردرا. ئێمە دەبێ ژیرانە کار بکەین و نابێ پێمان وابێ تەنیا بە کوشتنی تیرۆریستان هەموو شت چارەسەر دەبێ، پێویسە سیاسەتی گشتیی پەرە پێبدەین بۆ دێموکراسی و فراونکردنی ئازادی و هەر وەکوو وتم، پێم وایە بۆ کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەراست، لانیکەم ئەگەر قەیرانەکانی سوریا تاکوو ئەو رادە قوڵ نەبوایەن، دەکرا بابەتەکان جۆرێکی دیکە ببیندرێن.
ئێستا ئێمە هیچ رێگایەکمان نیە جیا لە روو بە روو بوونەوەی توندوتیژی، هیچ دێموکراسیەک بەرگەی توندوتیژی ناگرێ، کە توندوتژی هەبوو تۆ ناتوانی کەڵک لە مافە رەواکانی خۆشت وەرگری. کەوایە دەبێ سەبرمان هەبێ بۆ ئەوەی یاسای بنەرەتی تورکیا لە پێناو وڵاتێکی باشتردا بێ بۆ هەمووان.
ئەمن پێم وایە داهاتوو بۆ کورد زۆر روونە ئەگەر بە باشی سیاسەت بکرێ بە دوور لە توندوتیژی. لە عێراق هەمووان باسی یەکپارچەیی دەکەن، خۆ لە ئێران و سوریاو عێراق، کەس باسی پارچە پارچە کردن ناکات کە هەرێمەکە رووبەرووی توندوتیژی بۆتەوەو ئەمەش رێگا چارە نیەو تەنیا دانوستاندن و چاکسازی رێگا چارەیە. 
لەگەڵ ئەوەی پێکاکا لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا بوو، مخابن دەرفەتەکانی چارەسەریان لە دەستدا. ئەوەتا ئەوان بە خۆ پرچەک کردن و خەندەق لێدان لە نێوەراستی شارەکان، وەزعەکەیان ئاڵۆزتر کردوە.
بۆ ئەوەی هەمووان مافی هاووڵاتی بوونی خۆمان لە تورکیا بەکار بهێنین، دەبێ لەسەر هاوبەشییەکان و بەرانبەری کار بکەین. ئەمن وەکوو کوردێک کە دایک و باوکم نەخوێندەوار بوون و تەنانەت یەک وشە ترکیشیان نەدەزانی و جووتیار بوون، ئەوەتا بوومە جێگری سەرۆک وەزیران و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو گۆرانەی کە پێکهاتوەو کەس ناتوانێ بێژێ وانیەو رێگاچارەی کێشەکانیش تەنیا دێموکراسی و دیالۆگە... 

No comments: