لە ڕۆژانی 22/ 23 ئادار، زانكۆی سۆران و زانكۆی ناوەڕاستی فلۆریدا (The University of Central Florida) دوو دیداریان لە پایتەختی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەست. دیداری یەكەمیان لە یەكێك لە بەناوبانگترین رێستوڕانەتەكانی پایتەخت (Old Abbitt Grill) بوو، ئەو شوێنەی بۆتە جێگای چەندین كۆبوونەوەی گرنگ و ستراتیژی بە درێژایی مێژووی مۆدێرنی ڕامیاری لە ئەمەریكا. دووەمین دیداریش لە كۆنگرێسی ئەمەریكا، لە هۆڵی پەیوەندی نێودەوڵەتی، بەڕێوەچوو.
ئەوەی جێگای سەرنج و تێبیینیەكانمان بوو ئەوەبوو كە چۆن ڕوانینی ئەندامانی كۆنگرێس و خەڵكی ئەمەریكا بەرامبەر بە سەربەخۆیی كوردستان گۆڕانكاریان بەرسەردا هاتووە. ساڵیك بەر لە ئێستا، زانكۆی سۆران كۆنفڕانسێكی ناوازەی دیكەی لە فلۆریدا ڕێكخست، كە چەند ڕاوێژكارێكی بەناوبانگی ئەمەریكا تێیدا بەژداربوون. لەو كۆنفڕانەسدا تەواوی ڕاوێژكارەكان و ئەوانەی لە سیاسەتی ئەمەریكا تێگەیشتبوون، پرسی (سەربەخۆیی كوردستان)یان بە هەڵەیەكی ستراتیژی دادەنا و هیوایان دەخواست كە سەركردایەتی كورد بیر لە چارەسەری گشتی لەگەڵ دەوڵەتی عێڕاق بكاتە. ئەوكاتە پێیان وابوو كە شكاندنی سنوورەكانی دەوڵەتی عێڕاق هێڵی سووری ئەمەریكا و وڵاتە هاوپەیمانەكانە. تەنانەت لەسەر پرسی ئابووری و سامانی سروشتیش، ئەوان (دەسەڵاتی بەغدا)یان بەلاوە شایستەتر و گرنگتربوو.
كەچی لە دیداری كۆنگرێس لە 23 ئاداری ئەمساڵ، یەكێك لەو ڕاوێژكارانەی ساڵی پار، سیڤن كووك (Steven Cook)، كە لە فلۆریدا پرسی سەربەخۆیی كوردستانی پێ هەڵەبوو، دانی بەوە دانا كە ئەگەر سەركردایەتی كورد و خەڵكی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی بڕۆن، ئەوا نە ئەمەریكا و نە هاوپەیمانەكانی ڕێگر دەبن لەو هەنگاوە. هەر ئەم بەڕێزە، لە وتارێكی لە گۆڤاری پەیوەندییەكانی دەرەوە (Foreign Affairs)، لە 14 ئاداری ئەمساڵدا، نووسینێكی بە پێزی نووسیووە و دەڵێت: ”ئەگەر كورد لە سوریا و عێڕاق بیانەوێك وڵاتێكی یەكگرتوو دروست بكەن، ئەوا كەس ناتوانێت ڕێگایان لێبگرێت، تەنانەت پێویستە واشینگتن پشتگیری ئەو هەنگاوە بكات و دانی پێدابنێت“.
هەموو چاودێرانی ڕامیاری لە ئەمەریكا درك بەو گۆڕانكارییە دەكەن كە نەك هەر لەسەر ئاستی ڕاگەیاندن، بەڵكو لەسەر ئاستی بیروبۆچوونی ڕاوێژكار و ئەكادیمییست و تەنانەت بەشێكی زۆر لە (كۆنگرێسمان)ەكانیش، پرسی سەربەخۆیی كوردستان و بڕیاری چارەنووسی خەڵكی كوردستان بۆتە بابەتێكی گرنگ و چاوەڕوانكراو. هەست بەو راستییە كراوە، كە عێڕاق هەرەسی هێناوە و بەرەو چارەنووسی پارچە پارچەبوون هەنگاو دەنێت. لەو پارچە پارچەبوونەشدا، كوردستان لە هەموو بەشەكانی دیكە بەهێزترە و جێگای متمانەی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانە.
دیسانە تێبینیی ئەوەمان كرد كە چۆن خەباتی پێشمەرگە بۆتە پرسێكی سەرنجڕاكێش لە ئەمەریكا، بە ئەندازەیەك كە ئێستا كاندیدانی سەرۆكایەتی بۆ كۆشكی سپی لە كەمپەینەكانیاندا باسی لێوە دەكەن. بۆ نموونە، تێد كروز (Ted Cruz)، كە یەكێكە لە كاندیدەكانی كۆمارییەكان، لە وتارەكانییدا باس لە كورد و سەربەخۆیی كوردستان و پێشمەرگە دەكات. لە دواین وتاری لەبەردەم هەوادارەكانی لە ویلایەتی تێكاس (Texas)، هەر كاتێك ناوی ئیسڕائیل یان كوردستان یان پێشمەرگەی بهێنابا، ئەوا دەبوو بە چەپڵە ڕێزان. هەروەها لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەنووس و پەیامنێر (ڕەحیم ڕەشیدی)یدا، دوناڵد تڕەمپ (Donald Trump)ی كانیدی بەهێزی كۆمارییەكان، بە ڕاشكاوانە دەڵێت كە پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان دەكات.
ئەو دەرفەتەی لە ئەمریكا بۆ پێگەی كوردستان ڕەخساوە، ڕێگا خۆشكارێكە بۆ پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان. ئەمەریكا و هاوپەیمانەكان لەو ڕاستییە تێگەیشتوون كە عێڕاق نەك هەر هەرەسی هێناوە، بەڵكو سەرلەبەری كایە و سنوور و دامەزراوەكانی تێكشكاون. هێچ هێزێك لە دونیا ناتوانێت جارێكی دیكە ئەو وڵاتە دروستبكاتەوە. بۆیە لە سەد ساڵەی پەیمانی (سایكس پێكۆ)دا، باشتروایە گرەو لەسەر دروستكردنەوەی عێڕاق نەكرێت، بەڵكو دەرفەت لەبەردەم پێكهاتەكانی عێڕاق بڕەخسێندرێت تا خۆیان بڕیاری چارەنووسی خۆیان بدەن.
ئەمەریكایەك كە هەر لە ساتەوەختی شەڕی عێڕاق لە 2003 تاوەكو ئەم دواییانە پێداگری لەسەر یەكگرتوویی خاكی عێڕاق دەكردەوە، ئێستا دووچاری ئەوە هاتووە كە دەبێت دان بە مافی چارەنووسی خەڵكەكەی بهێنێت. هەر لەم گۆشە نیگایەوە، سەربەخۆیی كوردستان وەكو چارەسەر سەیردەكرێت نەوەك گرفت. سەربەخۆیی كوردستان، هەروەك چۆن بەشێك لە كۆنگرێسمانەكان لەم دیدارانەماندا بۆ ئێمە دووپاتیان كردەوە، دەبێتە نەك هەر پێگەیەكی دیموكراسی بەهێز بۆ ئەمەریكا و هاوپەیمانەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵكو دەبێتە مایەی سەقامگیری و تەبایی و پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایینەكانیش لە ناوچەكەدا.
سەرچاوە: کوردستان ٢٤
No comments:
Post a Comment