Archive

Friday, November 24, 2017

چێژنی شوكرانه‌بژێری و قه‌ل خواردن



رەحیم رەشیدی
چێژنی شوکرانەبژێری یەکێک لە دیارترین چێژنە نەتەوەییەکانی وڵاتی ئەمریکایە کە مێژووکەی بۆ  سەدەی شازدەکەم دەگەرێتەوە. لەو سەردەمەدا، خەڵکی ئەمریکا لە کاتی کۆکردنەوەی دەغڵودان دا سپاس و ستایشی خوداوەندیان دەکرد. بۆنەکە لە بنەرەتدا روخسارو ناوەرۆکێکی ئایینی هەبوو.
دواتر جۆرج واشنگتن رێبەری بزاڤی سەربەخۆیی ئەمریکا، بە فەرمیی ئەم چێژنەی وەکوو بۆنەیەکی نەتەوەیی راگەیاند.
دواتر، ئابراهام لینکۆلن سەرۆکی ئەمریکا، لە ساڵی ١٨٦٣دا رۆژیکی دیاریکراوی راگەیاند بۆ ئەوەی خەڵکی سەراسەری ئەمریکا لەو رۆژەدا، چێژن بگرن.

چێژنی تانکسگیڤینگ، ئەو بۆنەیە کە بنەماڵە ئەمریکاییەکان، لە دەوری یەکتر کۆدەکاتەوە، ئەوان بە دیداری یەکتر شاد دەبنەوەو دیاری پێشکەش بە یەکتر دەکەن. خواردنی قەل ناسراوترین چێشتی ئەم بۆنە نەتەوەییە.
هەموو ساڵێک سەرۆکی ئەمریکا و بنەماڵەکەی لە رێورەسمێکی تایبەت دا بەم بۆنەوە ئامادە دەبن، سەۆرکی وڵات وتەیەک لەسەر شکۆو مەزنایەتی ئەمریکا پێشکەش دەکات و وێرای پیرۆزبایی ئەم چێژنە لە خەڵکی وڵات،  دوو عەلۆگ لە سەربرین قوتار دەکات، بۆ ئەوە بگەرێنەوە نێو سروشت.
ایەنێکی دیکەی ئەم چێژنە، یاری کردن بە گشتیی و یاری تۆپی پێی ئەمریکایی بە تایبەتییە کە خەڵکێکی زۆر بە خۆیەوە سەرقال دەکات

لەم بۆنەدا، بازاری کرین و فرۆشنی ئەمریکا، داشکانێکی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێ و ئەمەش وادەکات خەڵکێکی زۆر برژێنە بازارەکان و کەلوپەلی پێویستی خۆیان دابین بکەن. بە تایبەت داشکانەکان لە رۆژی هەینی دا کە بە بلاک فرایدەی واتە هەینی رەش ناسراوە، دەگاتە لووتکە.

لهەموو ساڵێک خەڵکی ئەمریکا لە دوایین پێنجشەممەی مانگی نوامبردا، چیژنی تانکسگیڤینگ یان شوکرانەبژێری بە شێوەیەکی بەرچاو بەرێوە دەبەن، سەدان ساڵە کە نەوە دوای نەوە ئەم کولتوورە دەپارێزن.

No comments: