Archive

Friday, January 5, 2018

هەوڵی ئێران بۆ لە داوخستنی "رەحیم رەشیدی"




با ئاگامان لە خۆمان بێ:
زۆر جار دەبینین لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کەسانێک بە ناو و وێنەی نەناسراو، بە ڕواڵەتێکی کوردانە، دەست دەکەن بە هێرش بۆ سەر فڵان حیزب و فیسار کەس، هەندێ پرسی چەواشەکراوی مێژوویی دەخەنە ڕوو، یان خۆیان بە لایەنگری حیزبێک و کەسێک پیشان دەدەن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕوون نیە کێن و چ کارەن، گومانی ناوێ کە ئەوانە سەر بە ڕژیمن و تەنیا لە ئاژاوە دەگەڕێن و ئەرکیان ئەوەیە و بۆ ئەو کارە پووڵ وەردەگرن.
ئەوە هەر کێشەیەک نیە کە بەرەوڕووی ئێمەی کورد بووبێتەوە. ڕێکخراوی ئاسایشی ئاڵمان (BfV) ، چین بەوە تاوانبار دەکات کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی لینکد ئین ـدا، زیاتر لە ١٠ هەزار پرۆفایلی ساختەی هەیە و زانیاری لەسەر کەسایەتییەکان، سیاسیەکان و ..تادی ئەو وڵاتە کۆدەکاتەوە.
ئەو پرۆفایلانە، زیاتر بە ناوی ژنانە و بە وێنەی ژنانی ڕووت یان خۆش ئەندامەوە دێنە پێش و بە باس کردن لەسەر حەزی تاکەکەسی و خووی تاکەکەسی و هێنانە ئارای باسی ئەوین و سێکس، لە کەس و کەسایەتیەکان دەچنە پێش.
باش لەبیرمە، ٤ ساڵ لەوەی پێش، کارمان لەسەر گرووپێکی سەربە کۆماری ئیسلامی دەکرد کە لە باشوور نیشتەجێ بوون، بەرپرسەکەیان لاوێکی سنەیی بوو کە شەش یان حەوت کچی سنەیی و کرماشانیشی لەبەر دەست بوون و هاوکاریان بوو، بە هۆی ئەوەی کە ئیزنی گوتنی ناوەکانم نیە و باسێکی جیایە، ناویان ناهێنم. بەڵام ئەوان کاریان ئەوە بوو لە ڕێگای ئیمەیلەوە، پەیوەندی بە کەس و کەسایەتیە سیاسی و ...تاد، کوردەکانەوە بگرن، یەکێک لە ئامانجەکانیان کاک ڕەحیم ڕەشیدی بوو کە ئەوەندەی بزانم قەت نەکەوتە تەڵەیانەوە و واشبزانم ئاگاداریش کرابۆوە. جارێک کە کاک ڕەحیم هاتبۆوە باشوور، ئەو تیمە، هەنگاو بە هەنگاو، شوێن پێیان هەڵدەگرت. ئێستا تیمەکە چی بەسەر هاتۆتەوە من نازانم بەڵام ئاگام لە هەندێ کەس هەبوو کە کەوتبوونە داویان و بە بیری ئەوەی کە بەڵێ کچێکە، کەمێکیش کەوتنە سەر تەڵە بەڵام زوو ڕزگاریان بوو و بە هانایانەوە چووین.
دونیای مەجازی، ناوی بە خۆیەوەیە، مەجازیە، شتەکان ناڕوونن، ناڕاستن، وێنەی خۆت فتۆشاپ بکە و داینێ، خۆت بکە کارناسی سیاسی و ئابووری و کوردپەروەر و ...تاد.
کەس دەناسم لە شارەکەی خۆی، فیلمی لەسەر هەیە، فیلمی تایبەتم مەبەستە، لەسەر دزی و کاری نایاسایی چۆتە بەندیخانە، ئێستا بە ڕووی خەڵکیدا دەداتەوە کە ئەو کات کە من بەندکراوی سیاسی بووم، ئێوە لە زگی دایکتاندا بوون. خۆ ناشکرێ هەموو ڕۆژ بە دەمیاندا بدەیەوە و ناچاری بێدەنگ بی.
بەشێک لەو کەسانە کە پەتەیان خراوەتە سەر ئاو، لەو ماوەیەدا زۆر بە گژ من و کاک جەماڵ و رۆژی کوردیشدا هاتن، بەڵام ئێمە کە دەراومان دیارە و ئاسۆمان دیاریکراو، کاری خۆمان دەکەین، مەبەستم لە ئێمە، خۆم و کاک جەماڵ و دەیان کەس لە دەرەوە و ناوخۆن، کە بەردەوام و خۆنەویست کار دەکەن و نایانهەوێ ناویشیان هەبێ. کەسی وەها دڵسۆزیان تێدایە کە دەبێ مێنۆمێنتی لێ ساز بکەین.
ویستم بڵێم، هاوڕێیان، هەر کەس لە فەیسبووک، وێنەی دوو شەهیدی دانا، هەر کەس دو هەواڵی دانا، هەر کەس دوو قسەی کوردانەی کرد، بڕوای پێمەکەن. ئەوەتا کاکی سەر بە سپا، نەک هەر ئەندامانی حیزبەکانی کردووە بە ئەدمینی کاناڵەکەی، بگرە زانیاریی وردی لەسەر حیزبەکان لێوەرگرتوون و ئیستاش هەڕەشەی بلاوکردنەوەیان دەکا و ئەوەش فیدای چاوی ئێوە بێ، لەو ڕێگایەوە تا ئاستی ڕێبەریی حیزبەکان چۆتە پێش و پەیوەندی لەگەڵ گرتوون. قانعی فەردەکان هەر دووبارە دەبنەوە.


No comments: