Archive

Tuesday, June 16, 2020

سه‌رۆكی ده‌نگی ئه‌مریكا گۆڕدرا.

                                                            وێنه‌: مسه‌ر كوردو‌ ئەماندا بێنێت 


                                                           مسته‌ر كورد\ واشنگتن


له‌ ئێستادا ده‌نگی ئه‌مریكا (VOA)، به‌ ٤٧ زمانی جیاوازو له‌ نێویان دا كوردی، به‌رنامه به‌ شێوه‌ی، بینراو، بیسراوو نوسراوو‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌، به‌ میلیۆنان، بیسه‌ر، بینه‌رو خوێنه‌ری له‌ سه‌راسه‌ری جیهان هه‌یه‌.

لە نیوه‌ی دووهه‌می مانگی مای دا، سه‌رۆك تره‌مپ سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری ده‌سنیشانكردنی ماكێڵ په‌ك،  شێلگیرانه‌ ڕەخنەی لە دەنگی ئەمەریکا گرت و گوتی :"دەنگی ئه‌مریکا بە شێوەیەکی زۆر خراپ ئیداره‌ ده‌كرێ. ئەوان دەنگی ئەمەریکا نین، ئەوان به‌ پێچەوانەی دەنگی ئه‌مریکان."

ئه‌م ره‌خنانه‌ی تره‌مپ سه‌باره‌ت به‌ رووماڵی هه‌واڵه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆناو رۆڵی چین له‌م باره‌یه‌وه‌ بوو. له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی كۆشكی سپی دا كه‌ مانگی ٤ دژی ده‌نگی ئه‌مریكا بڵاوكرایه‌وه‌ هاتبوو: "رۆژنامه‌وانه‌كان ده‌بێ راستییه‌كان بگوازنه‌وه‌، لێ ده‌نگی ئه‌مریكا به‌ره‌ به‌ پروپاگه‌ندای پێكن ده‌دات، له‌ ماوه‌ی ئه‌م حه‌وتوه‌دا قه‌ره‌نتینه‌ی شاری ووهان، له ‌چین،   وه‌كوو شێوازێكی سه‌ركه‌وتوو وێنا ده‌كه‌ن و دیمه‌نی چێژن و خۆشی ده‌وڵه‌تی كۆمۆنیستی چین له‌باره‌ی ئه‌م داخوازیانه‌وه‌ له‌ تویته‌ر بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌."

پاش ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ده‌سبه‌جێ ‌ ئەماندا بێنێت، سه‌رۆكی ئه‌و كاتی ده‌نگی ئه‌مریكا، ‌داكۆكی له‌ ناوه‌رۆكی هه‌واڵ و ڕاپۆرتەکانیان كردو  ڕایگه‌یاند: "ئێمە به‌ گوێره‌ی به‌ندی یه‌كه‌می یاسای بنه‌ڕه‌تی، زانیاری راست و باوه‌ڕپێكراو بۆ گشت خه‌ڵكی جیهان ده‌گوازینه‌وه،‌ كه‌ هیچ رێگایه‌كی دیكه‌یان نیه‌ بۆ ده‌ستراگه‌یشتن به‌ زانیاری دروست."

دواترو وه‌كوو ناره‌زایه‌تی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی تره‌مپ بڕیاریدا نابێ "ناوه‌ندی كۆنترۆڵ و پێشگیری له‌ نه‌خۆشییه‌كان"، هاوكاری رۆژنامه‌وانه‌كانی ده‌نگی ئه‌مریكا بكه‌ن.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ كۆشكی سپی به‌ جیددی ره‌خنه‌ی له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی قسه‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران موحه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف، د‌ژی ئه‌مریكا گرت، كه‌ له‌ ده‌نگی ئه‌مریكا بڵاوببوه‌وه‌.

سه‌رۆكی ئه‌مریكا ماوه‌ی دوو ساڵه‌ مایكێڵ په‌ك كه‌ ده‌رهێنه‌ری سینامه‌یه‌و كه‌سێكی كۆنه‌پارێزو نزیك له‌ تره‌مپه‌، بۆ سه‌رۆكایه‌تی ده‌نگی ئه‌مریكا راسپاردوه‌، لێ ئه‌ندامانی دێموكرات له‌ ئه‌نجوومه‌نی پیران، رێگریان له‌وه‌ ده‌كرد به‌ربژێره‌كه‌ی تره‌مپ ده‌نگی پێبدرێ و ده‌ست به‌ كار بێت.

پاش ئه‌وه‌ی مایكێڵ په‌ك سه‌رۆكایه‌تی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئه‌مریكای بۆ ڕاگه‌یاندنی جیهانی وەرگرت کە دەنگی ئه‌مریكاش وه‌كوو مێدیایه‌كی ده‌وڵه‌تی فیدراڵ لە ژێر ڕێبەرایەتی ئەو ئاژانسەدا کار دەکات، ئیدی سەرۆکی دەنگی ئەمەریکا ئەماندا بێنێت و یاریده‌ره‌ سەره‌كییه‌كه‌ی ساندرا سوگاوارا دەستیان لە کارەکانیان کێشایەوە كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٦ تاكوو ئێستا سه‌رۆكایه‌تی ده‌نگی ئه‌مریكایان ده‌كرد.

سه‌رۆكی پێشوو جێگره‌كه‌ی له‌ نامه‌ی ده‌ست له‌ كار كێشانه‌وه‌یان دا وتویانه‌: "مایكێڵ په‌ک لە بەردەم کۆنگرێس سوێندی یاسایی خواردوە، ڕێز لە سەربەخۆیی دەنگی ئەمەریکا بگرێت، ئەو سەربەخۆییەش وای کردوە لە سەرانسەری جیهان متمانه‌ی بینه‌ران و بیسه‌رانمان به‌ دەست بهێنیین."

ئه‌وان هه‌روه‌ها سپاسی هەوڵەکانی سه‌رجه‌م ستافی دەنگی ئه‌مریكایان کردوه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی ٤ ساڵی ڕابردوودا پێكه‌وه‌ ده‌نگی ئه‌مریكایان به‌رێوه‌ بردوه‌. 


كورته‌ك سه‌باره‌ت به‌ دیرۆكی ده‌نگی ئه‌مریكا:


ده‌نگی ئه‌مریكا ساڵی ١٩٤٢ دامه‌زراوه‌و بنكه‌ی سه‌ره‌كی له‌ واشنگتن هه‌ڵكه‌وتوه‌. به‌رنامه‌كانی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكایه‌و بوجه‌ی ساڵانه‌ی له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكاوه‌ دابین ده‌كرێ كه‌ له‌ ئێستادا ساڵانه‌ بری پتر له‌ ٢١٨ میلیۆن دۆلاره‌.

نزیك به‌ ١١٠٠ كارمه‌ندی هه‌یه‌و له‌ سه‌راسه‌ری جیهان دا پتر له‌ ٢٣٦ میلیۆن بینه‌ر، بیسه‌رو خوێنه‌ری هه‌یه‌.


له‌ به‌ره‌به‌ری شه‌ری دووهه‌می جیهانی دا، رادیۆ ده‌نگی ئه‌مریكا رۆژانه‌ بۆ ماوه‌ی ١٥ خوله‌ك به‌رنامه‌ی بڵاو ده‌كرده‌وه‌.  پاشان له‌ ساڵی ١٩٤٧دا، رادیۆ ده‌ستی به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و به‌رنامه‌ به‌ زمانی رووسی كرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی یه‌كیه‌تیی سۆڤیه‌ت و ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆمۆنیزم پێوه‌ندی بگرن.  به‌شتی توركی ساڵی ١٩٤٨ ده‌ستی به‌كار كردوه‌. عه‌ره‌بی ساڵی ١٩٥٠ وه‌شانی كردوه‌. هه‌روه‌ها به‌شی فارسی ساڵی ١٩٧٩ و به‌شی  به‌شی كوردی له‌ ساڵی ١٩٩٢دا ده‌ستیان به‌ تێكۆشان كردوه‌.


ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ ساڵی ۱۹۴۲ تاكوو ۱۹۴۵ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایتی شه‌ڕدا بوه‌. له‌ ۱۹۴۵ بۆ ۱۹۵۳ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌دا بوه‌. ساڵی‌ ۱۹۵۳ تاكوو ۱۹۹۹ له‌ ژێر به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئاژانسی زانیاری ئه‌مریكادا تێكۆشانی كردوه‌. پاش ساڵی ۱۹۹۹ تاكوو ئێستا له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی فیدراڵه كه‌ به‌ (BBG)‌ ناسراوه‌.

 له‌ ئێستادا ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ رێگای ته‌له‌ویزیۆنه‌وه‌ به‌ ٢٥ زمانی جیاواز، له‌ رێگای رادیۆوه‌ به‌ ٤٧ زمان به‌رنامه‌و هه‌واڵ و بابه‌تی هه‌مه‌ره‌نگ بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

No comments: