Archive

Sunday, August 22, 2021

"شه‌ڕ ناتوانێت خۆشه‌ویستی رابگرێت"


 

ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن K24

"شه‌ڕ ناتوانێت خۆشه‌ویستی رابگرێت"، به‌رهه‌مێكی نوێی نووسه‌ری كورد "نه‌وزاد بریفكی"یه،‌ كه‌ ساڵی 1992 له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی هاتووه‌ته‌ ئه‌مه‌ریكا و ئێستا‌ له‌ شاری داڵاس له‌ ولایه‌تی ته‌كساس نیشته‌جێییه‌.

نه‌وزاد هه‌وڵی داوه‌ له‌ ناوه‌ڕۆكی ئه‌و كتێبه‌‌دا، باس له‌ دیرۆك، كۆچ، شه‌ڕ، خه‌بات بۆ ئازادی و ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ بكات،‌ كه‌ به‌رده‌وام به‌رۆكی كوردستانی گرتووه‌. نووسه‌ر له‌م به‌سێنه‌دا‌ به‌ وردی شۆربووه‌ته‌وه‌ بۆ ناو رووداوه‌كانی ده‌ییه‌ی هه‌شتای سه‌ده‌ی رابردوو و تا سه‌ره‌تای ساڵی 2003 به‌ وردی باس له‌و سته‌مگه‌رییه‌‌ ده‌كات، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌عس به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ دژی كوردستان په‌یڕه‌وی كردووه‌.

قاره‌مانی كتێبه‌‌كه‌، كوڕێكی لادێنشینی ده‌ڤه‌ری دهۆكه‌ به‌ ناوی "شوان"، كه به‌ هۆی دژواری ژیان‌ له‌ ته‌مه‌نی 13 ساڵیدا واز له‌ خوێندن دێنێت. شوان ئه‌ڤینداری كچێك به‌ ناوی "بێریڤان" ده‌بێت، به‌ڵام له‌ ئاكامدا ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ و هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه‌، ماڵباته‌كه‌ی تووشی ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری ده‌بنه‌وه‌.

شوان له‌ پێشمه‌رگایه‌تیدا وه‌كو گه‌نجێكی قاره‌مان و به‌ وره‌ تێده‌كۆشێت و له‌م ره‌وته‌دا پتر ده‌ناسرێ و ناوبانگ ده‌رده‌كات. ئه‌مه‌ش وا له‌ شوان ده‌كات كه‌ باشتر له‌ پێناو كوردستاندا خه‌بات بكات و بۆ پاراستنی شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی له‌ خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌ تاكو سه‌ركه‌وتن به‌رده‌وام بێ.

ماڵباتی شوان ئاواره‌ی وڵاتانی توركیا و ئه‌مه‌ریكا ده‌بن و پاش رووخانی سه‌دام له‌ ساڵی 2003، به‌‌ ئه‌ڤینه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان و به‌ دیداری خزم و كه‌سوكار و وڵاته‌كه‌یان شاد ده‌بنه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌م په‌رتووكه‌ نه‌وزاد بریفكانی به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، خۆشه‌ویستی و رێزی زۆرم بۆ كوردستان و پێشمه‌رگه‌ هانده‌رم بوو، كه‌ ئه‌و په‌ڕتووكه‌ بنووسم و ماوه‌ی دوو ساڵ كاتی بۆ ته‌رخان بكه‌م. كۆی به‌سه‌رهاته‌كانی په‌رتووكه‌كه‌ راسته‌قینه‌ن و له‌م باره‌وه‌ هه‌وڵمداوه‌ خوێنه‌ری ئینگلیزی زمان له‌ خه‌بات و قوربانیدانی خه‌ڵكی كوردستان بۆ گه‌یشتن به‌ ئازادی باشتر ئاگادار بن.

په‌رتووكه‌كه‌ 315 لاپه‌ره‌یه‌و له‌ قه‌باره‌یه‌كی مامناوه‌نیدا ماوه‌ی دوو رۆژه‌ چاپ و بڵاوبووه‌ته‌وه ‌و به‌ شێوه‌ی ئۆنڵاین و هه‌روه‌ها‌ له‌ ماڵپه‌ری ئامازۆن بۆ خوێنه‌ران به‌رده‌سته‌.

نووسه‌ر پێشتر په‌رتووێكی دیكه‌ی به‌ زمانی ئینگلیزی و به‌ ناوی "كۆچی من بۆ ئه‌مه‌ریكا" له مانگی مارسی ساڵی 2017‌ چاپ و بڵاوكردووه‌ته‌وه،‌ كه‌ تێیدا باسی ژیان و به‌سه‌رهاتی خۆی و مێژووی خه‌باتی خه‌ڵكی كوردستان بۆ ئازادی ده‌كات.

 

No comments: