Archive

Tuesday, February 8, 2022

کۆچی دوایی هونەرمەندێکی کورد لە ئەمریکا



رەحیم رەشیدی\ کوردستان ٢٤، واشنگتن
هونەرمەندی ناسراوی کوردستان، زودهی سەردار، لە شاری لۆس ئەنجلێس لە ولایەتی کالیفۆرنیا، بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد. زوهدی لە بواری شێوەکاری و پیکەرتاشی دا کەسێکی ناسراوو دیار بوو.
ئەم هونەرمەند کوردە، بە تواناو لێهاتوویی خۆی توانی بگاتە هالیوود، بۆ ماوەی دەیان ساڵ لەگەڵ کاناڵی هەواڵدەری NBC دا لە نزیکەوە کاری کرد.
سەرداری هونەرمەند رازێنەرەوەی سەکۆی یەکێک لە بەرنامەکانە بەناوبانگەکان بە ناوی "ستێج دیزاینەر" Stage Designer "بەرنامەی ئەمشەو" Tonight Showی جانی کارسن بوو، جەی لینۆ "شەو مانی" Showman بە ناوبانگی ئەمریکا کە ساڵانی پاشتر هەمان بەرنامەی بە ناوی Tonight Showی بەرێوە دەبرد، هەنووکە خاوەنی زیاتر لە ٥٠ تابلۆی ئەم هونەرمەندە کوردەییە.
زوهدی جیا لە شێوەکاری پەیکەرسازی، خاوەنی چەند پەڕتووک و هۆنراوە بە زمانی ئینگلیزییە. کۆی بەرهەمەکانی سەرداری هونەرمەند بە گشتیی ناوەرۆکی مرۆڤایەتی هەبوو، لەم بەستێنەدا لە رێگای کارەکانیەوە هەوڵی دەدا خەبات بۆ ئازادی و ئێش و ئازارەکانی کوردستان لە رێگای پەڕتووک و کردنەوەی دەیان پیشانگا بە ئەمریکایی و بیانییەکان بناسێنێ.
مانگی ٤ی ساڵی ٢٠١٧، زوهدی سەردار بە گەرمی لەماڵەکەی خۆی لە ولایەتی کالیفۆرنیا، پێشوازی گەرمی لە تیمی کوردستان ٢٤ کرد. لە وتووێژێکی تایبەتییدا، شێلگیرانە داکۆکی لە رێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کردو داوای لە هاوڵاتیانی کوردستان کرد بە هەموو شێوەیەک بۆ سەرخستنی رێفراندۆم تێبکۆشن و هیوای خواست کە بتوانێ سەفەری وڵاتەکەی کوردستان بکات...
زودهی ١٥ی سێپتەمبەری ١٩٣٩، لە شاری سلێمانی لە دایک بوە. دواتر لە بەغدا زانکۆی هونەرە جوانەکانی تەواو کردوە. پاشان ماوەیەک وەکوو مامۆستای هونەر کاری کردوە.
ئەم هونەرمەندە کوردە، ساڵی ١٩٦٤ هاتۆتە ئەمریکا، پاش ٢ ساڵ مانەوە لە ئەمریکا، بۆ درێژەی خوێندن چۆتە فەرانسەو لە ئاکادیمیای هونەری پاریس، بڕوانامەی بەرزی لە بوارەکەی خۆیدا بەدەست هێناوە.
زودهی هونەرمەند، ساڵی ١٩٦٨ دەگەڕەتەوە ئەمریکاو لە بواری سینەماو کاری تی ڤیداو لە بەشی هونەریدا دەست بە کارو چالاکی دەکات.
سەردار دوو جار ژیانی هاوبەشی پێکهێناوەو بەرهەمی ئەو ژیانەش دوو منداڵە بە ناوەکانی کامەران و گیان کە هەنووکە لە شاری لوس ئانجلێس لە ولایەتی کالیفۆرنیا دەژین.
رەوەندی کوردستانی لە ئەمریکا بە گشتیی و کوردستانیانی ولایەتی کالیفۆرنیا بەتایبەتی،، بە تێکڕا بۆ لە دەستدانی ئەم مرۆڤە هونەرمەندو خەمخۆرەی کوردستان بەداخن و کۆچی دوایی ناوبراو بە خەسارێکی گەورە دەزانن.

No comments: