Archive

Tuesday, February 1, 2022

ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە "ئامریکا" بەڕێوە چو




ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، بەبۆنەی دووی  ڕێبەندان، ٧٦ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی لە شاری "شانتێل" لە ویلایەتی "ڤێرجینیا"ی ئامریکا بە بەشداریی پتر لە ١٥٠ کەس بەڕێوە برد.

بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە شێوەیەکی کەم خەڵک بۆ جێژنەکە بانگهێشت کرابوون.

ڕێوڕەسمەکە بە  سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

 پاشان "خالید خورینجی" بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمیتەی حیزب لە ئامریکا ڕیزبەندی بەرنامەکەی خوێندەوە.

دواتر وتاری کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە ئامریکا، لەلایەن "ڕەحیم ڕەشیدی"، بەرپرسی کۆمیتە پێشکەش کرا.

بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئامریکا،  لەمەڕ گرینگیی دامەزرانی کۆماری کوردستان و کەسایەتی بەرزی "پێشەوا"ی نەمر و کاریگەری و دەوری مێژوویی کۆماری کوردستان بۆ ئامادەبووان قسەی کرد.

"ڕەشیدی" لە ناورۆکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە لەپێناو خوڵقاندن و قۆستنەوەی دەرفەتەکاندا، حیزبی پێشەوا و دامەزرێنەری کۆماری کوردستان، پتەوتر و یەکڕیز بێ.

لەو پەیوەندییەدا داوا لە ئامادەبووان کرا کە هاندەر و پاڵپشتی تێکۆشەرانی دێموکرات بکەن.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات لەلایەن "نائیب مەشایەخی" پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەلایەن "ڕێبوار سەلیمی" خوێندرایەوە.

پاشان پەیامی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئامریکا لەلایەن "بارزان ئەردەڵان" خوێندرایەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا "محەممەد داستان" تێکۆشەری دێرینی دێموکرات، پەخشانە شێعرێکی لە وەسفی "پێشەوا" و بایەخی کۆماری کوردستان پێشکەش کرد.

 سروودی "بژی دێموکرات" و چەند گۆرانی و هەڵبەستی شۆڕشگێڕی کە لەلایەن "فایەق عەبدوڵڵاهی" پێشکەش کران زیاتر ڕێوڕەسمەکەی ڕازاندەوە.

بۆ ئەم ڕێوڕەسمە چەندین پەیامی پیرۆزبایی نێردرابوون کە بریتین لە:

ـ پارتی دێموکراتی کوردستان

ـ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

- ئەنستیتۆی کورد لە ئامریکا

- کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە باکووری ئامریکا

- حیزبی تەزامۆنی دێموکراتیکی ئەحواز

- کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ

- پەیامی پارێزەر "سەمیرا قادری"

لەو ڕێوڕەسمەدا داوا کرا ڕۆژی پێنجشەممە، بۆ پشتیوانی لە "زارا محەممەدی"، مامۆستای زمانی کوردی کە بە تۆمەتی وتنەوەی زمانی کوردی بە منداڵانی نیشتمان لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێراندایە، بەشداریی ڕێپێوانێکی مەدەنی بکەن کە بڕیارە لەبەردەم وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بەڕێوە بچێت.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.

No comments: