Archive

Thursday, April 14, 2022

بە پاڵپێوەنانێک 10 ملیۆن دۆلاری بردەوە

 




K24 رەحیم رەشیدی\ کوردستان

وێبسایتی یانسیبی ویلایەتی کالیفۆرنیا ئاشکرای کرد، خانمێکی ئەمەریکی لە شاری لۆس ئانجلوس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، بە مەبەستی کڕینی لۆتەری (یانسیب) دەچێتە دووکانێك و 40 دۆلار دەخاتە دەزگای لۆتەریەکەوە، لەو کاتەدا کەسێك خۆی لێ دەدات بە هەڵە پەنجەی بەر دوگمەیەک دەکەوێت.

''لاکێیدرا ئێدواردز'' ئەو خانمە ئەمەریکیەیە کە بەهۆی پاڵێکەوە بە بڕی 30 دۆلار بلیتێکی جیاواز بە ناوی ''200X''  دەکڕێت، لەکاتێکدا پێشتر هیچ نیازی نەبووە یانسیبێکی لەوجۆرە بکڕێت.

دواتر لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا تەماشای بلیتە 30 دۆلارییەکەی دەکات، بۆی دەردەکەوێت بەرزترین خەڵاتی یانسیبی ''200X''  بردووەتەوە کە 10 ملیۆن دۆلارە.

''لاکێیدرا ئێدواردز'' لەم بارەوە دەڵێت: ''سەرەتا باوەڕم نەدەکرد و لە شۆکدا بووم، سەیری بلیتەکەم دەکرد و بە خێرای ئۆتۆمبێلەکەم لێدەخوڕی، خەریک بوو تووشی ڕووداوی هاتووچۆ ببم. ماشێنەکەم ڕاگرت و چەند جارێک سەیری بلیتەکەم کردەوە، هەروەها لە ڕێگەی بەرنامەی مۆبایلی یانسیبەوە دیسان چاوم لێکردووە، بەم خۆمم دەگوت شتی وا نابێت."

لەبارەی چۆنێتی خەرجکردن و مامەڵەکردن بەو برە پارەیەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە پلانی کڕینی خانوویەکی هەیە لەگەڵ دامەزراندنی رێکخراوێکی قازانج نەویست.

لە پاڵ ئەودا کە ''لاکێیدرا ئێدواردز'' 10 ملیۆن دۆلاری بردووەتەوە، ئەو دووکانەش کە بلیتەکەی فرۆشتووە، بڕی 50 هەزار دۆلار وەک دیاری وەردەگرێت.

تەنیا یەک کەس لە نێو 3 ملیۆن کەسدا، چانسی بردنەوەی 10 ملیۆن دۆلاری یانسیبی ''200X'' هەیە

No comments: