Archive

Friday, April 8, 2022

پێشمەرگە نەبایە نەدەبوومە پزیشک

رەحیم رەشیدی

لە نێوجەرگەی شاری نیۆیۆرک، لە یەکێک لە هۆڵە رازاوەکانی هوتێل هیلتۆن، لە نێو ئاپۆری پتر لە 3000 هەزار پزیشک و پسپۆری بواری لەشساغی، کە لە 100 وڵاتی جیهانەوە هاتوون، کوردێک بە هۆی داهێنانی پزیشکی و خزمەت بە مرۆڤایەتی خەڵاتێکی نێودەوڵەتی پێشکەش کراو ئامادبووان بۆ چەند ساتێک بە پێوەو بە چەپڵەرێزان سپاس و ستایشی خۆیان بۆ خزمەت و داهێنانەکانی ئەو پزیکە کوردە دەربڕی.

لێرە لە نێو چەپڵەرێزانی ئامادەبوواندا، دوکتۆر غازی زێباری، خەڵاتێکی نێودەولەتی لە بواری خزمەت بە مرۆڤایەتی و داهێنانی پزیشکی وەرگرت. د. زێباری روو بە ئامادە بووان باسی لە رۆڵی پێشمەرگەو شەری دژە تیرۆر کرد. زێباری پێی وایە ئەگەر خەبات و فیداکاری پێشمەرگە نەبایە، ئەوان زیندوو نەدەمانەوە.

خەڵاتەکە، لە کۆنگرەی هاوپشک و لە لایەن رێکخراوی میلاک - پەنکریاسی نێودەوڵەتی پێشکەش بە د. غازی زێباری کرا . ناوبراو ساڵی 1976 بە ئاوارەیی پەریوەی ئەمریکا بوە، یەکەمین جار لە شاری نیۆیۆرک گیرساوەتەوە. ناوبراو هەنووکە لە ولایەتی لوزیانا دەژی و خەریکی نەشتەرگەری و چاندنی چەند بەشێکی لەشی مرۆڤە.

د. زێباری لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەی دا، وتارێکی کورتی پێشکەش کردو تێتدا باسی لە خەبات و قارەمانەتی پێشمەرگە کرد کە بە هاوکاری جیهانی داعشیان تێکشکاندوە.

د. زێباری لەم بارەوە راگەیاند: ''لە بیرم دێت ساڵی 1975 لە ئەشکەوتەکاندا وانەمان دەخوێند، پاش نسکۆی شۆرش، ئاوارەی ئێران بووین و لەوێش رژیمی ئێرانی ئیزنی خوێندنی پێنەدەداین. بێ گومان ئەگەر خەبات و فیداکاری پێشمەرگە نەبوایە من و هەزاران کەسی دیکە زیندوو نەدەماین، هەر بۆیە دەبێ لە هەموو کاتوساتێکدا لە ئاست شەهیدان و قارەمانەتی پێشمەرگەدا وەفادار بین، ئەگەر خەباتی پێشمەرگەکان لە پێناوی ئازادیدا نەبوایە زیندوو نەدەبووم و ئەمرۆ لێرە ئەو خەڵاتەکەم وەنەدەگرت.''

د. زێباری لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا لە بەردەم ئامادەبوواندا، جنۆسایدو رەشەکوژی خەڵکی کوردستانی لە لایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە، گرێدایەوە بە رووداوەکانی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکرایناو لەم بارەوە وتی: ''خەڵکی ئەمریکا زۆر زوو شت لەبیر دەکەن، رەنگە چەند مانگی دیکە نەزانن لە ئۆکراینا چی رووی داوە، هەر بۆیە ئەرکی ئێمەیە لە هەموو جێگایەک فیداکاری و قوربانیدانی خەڵکی کوردستانیان بە بیر بهێنینەوە؛ بەم جۆرە وەفاو سۆزی خۆمان بۆ خاک و خەڵکی کوردستان لەبیر نەکەین.''

پروفیسۆر زێباری لە دەییەکانی 90ی زایینیدا، هاوکار بوە بۆ ئەوەی دەرمان و تیمی پزیشکی لە ئەمریکاوە بگاتە کوردستان، ئێستاش لەبەرنامەیدایە کە بە هاوکاری هاوپیشەکانی و بە پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەند کەرەستەی پێشکەوتووی پزیشکی، هاورێ لەگەڵ چەند تیمی پزیشکی بهێنە کوردستان لە پێناو پێشخستن و خزمەت بە کەرتی تەندروستی کوردستان...

#مستەر_کورد

No comments: