له لایه‌ن ڕۆژنامه‌ی"کوردستان"ه‌وه، سه‌ره‌تا به‌خێرهاتنتنان ده‌که‌ین بۆ کوردستان.
کاک ڕه‌حیم ڕه‌شیدی، ئه‌و گیر‌و گرفته‌ی که له‌سه‌ر ڕێگای لاوی کورد هه‌ن، لاوان چۆن جێگه‌ی خۆیان له‌و سیستمه نوێیه‌دا که له ئورووپا ده‌دۆزنه‌وه به به‌راوردکردنی جیاوازییه زمانی، ئایینی‌و ڕه‌گه‌زی، ئاستی خوێنه‌واری‌و زانستیه‌کانیانه‌وه، چۆن ده‌بینن؟
ڕه‌حیم:
پێشه‌کی سوپاسی ڕۆژنامه کوردستان ده‌که‌م که ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی ڕه‌خساندوه، ئه‌گه‌ر به کورتیش بێ له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ بارودۆخ‌و تێکۆشان‌و لایه‌نه جۆربه‌جۆره‌کانی ژیان‌و گوزه‌رانی لاوانی کورد له هه‌نده‌ران، بیروڕای ئێمه وه‌ربگرن.
له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ وه‌ڵامدانه‌وه به پرسیاره‌که‌تاندا، ده‌توانم عه‌رزتان بکه‌م، ئێمه ناتوانین فۆرمێکی گشتی‌و گشتگیر‌و تایبه‌ت به لاوی کورد یان ئه‌و که‌ندو کۆسپانه‌ی له‌سه‌ر ڕێگای ئه‌و بۆ چوونه نێو سیستمی ئورووپایی، یان هاوگونجی، یان به مانایه‌کی گشتگیرتر "ئه‌نتگراسیۆن"، به‌ده‌سته‌وه بده‌ین.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه بمانه‌وێ پرسیاره‌که تایبه‌تی‌تر بکه‌ینه‌وه، ئیزن وه‌رده‌گرم، زۆرتر له‌سه‌ر بارودۆخی ژیان‌و گوزه‌رانی لاوانی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ده‌ره‌وه، که من به‌شێوه‌یه‌کی چڕ‌و پڕتر له‌گه‌ڵ ئه‌واندا تێکۆشانم هه‌بوه، ناسیاوییه‌کی زۆرترم له‌سه‌ر ئه‌وان هه‌یه، قسه بکه‌م.
ئه‌وانه دوو به‌شن:
به‌شێکیان له ڕێکخراوه سیاسییه شۆڕشگێڕه‌کانی به‌رهه‌ڵستکاری ده‌وڵه‌تی ئێران‌دا په‌روه‌رده بوون، نه‌شونمایان کردووه، به هه‌ر هۆکارێک؛ ڕێگای هه‌نده‌رانیان گرتوه‌ته به‌رو ئێستا له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژین.
به‌شێکیان، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی به کولتووری دێموکراتیک‌و بنه‌ما دێموکراتیکه‌کان ئاشنان، فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵگای کراوه به‌لایانه‌وه بایه‌خداره، زۆر زوتر ده‌توانن له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌دا خۆیان ببیننه‌وه‌و قۆناخه جۆربه‌جۆره‌کانی پێشکه‌وتن ببڕن.
له‌پاڵ ئه‌وانه‌دا، کۆمه‌ڵێک که‌سی دیکه هه‌ن، به‌هۆی ئه‌و ئیدۆلۆژیه داسه‌پاوه‌ی له کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا حاکمه‌و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌ک به‌شێک له ئێران له قۆناخی ئێستادا، ئیدۆلۆژی ده‌سه‌ڵات که‌مو زۆر کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌وانیش هه‌یه، که‌متر یان دره‌نگتر خۆ ده‌گونجێنن، به‌ڵام ئه‌و کاریگه‌رییه ده‌توانم ڕاشکاوانه بڵێم، به له‌به‌رچاوگرتنی ناسیاوییه‌ی ئێمه له‌سه‌ر لاوی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه هه‌مانه، له‌سه‌ر لاوانی کورد زۆر که‌متره، ئه‌وه جێگای دڵخۆشییه
به‌ڵام هه‌مومان ده‌زانین، پێنانه نێو دنیایه‌کی تازه، به کولتوور‌و روانینێکی تازه‌وه، خۆ ئاماده کردنێکی ده‌وێ، تێڕوانینی تازه‌ی ده‌وێ، کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاری ده‌وێ له ڕوانگه‌دا، له بیرکردنه‌وه‌دا، له هه‌موو بوار‌و ڕه‌هه‌نده‌کاندا، جا بۆیه، له‌و پێوه‌ندیه‌شدا هێندێ پێشوه‌چوون‌و پاشه‌کشه‌ش هه‌یه، به‌ڵام ده‌بینین، به‌شێکیان که زۆرینه‌شن، له ئه‌نتگراسیۆنه جۆراوجۆره‌کاندا، له رێکخراوه کولتووری‌و دێموکراتیکه جۆراوجۆره‌کاندا، بۆ نمونه له یه‌کیه‌تی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌دا، خۆیان سازمان داوه، جیا له‌وه توانیویانه ماهییه‌ت‌و ناوه‌رۆکی کوردی خۆتان بپارێزن، توانیویانه قۆناخی زۆر گه‌وره‌و به‌رچاویش له پێشکه‌وتنی زانستی له کۆمه‌ڵگای ئوروپایی‌دا ببڕن، هه‌ر ئه‌و رێکخراوه‌ش، ئه‌و چه‌مک‌و بایه‌خانه‌ی هه‌وڵی داوه بیانکاته ئامانج‌و ئامانجدارن له لای، وه‌کوو خۆشه‌ویستی خاک‌و نیشتمان، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌لای ئه‌و لاوانه به بایه‌خه، ده‌توانم بڵێم ئه‌م تێڕوانینه که ڕێکخراوه‌کان جێی ده‌خه‌ن جۆرێک له بیر‌و باوه‌ڕ له نێو لاوانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا دروست ده‌کا که له ڕێگای ئه‌و رێکخراوانه‌وه، لاوانی ده‌ره‌وه خۆیان به خاک‌و نیشتمان گرێ ده‌ده‌نه‌وه...
پێم وایه ئه‌و رێکخراوانه ده‌توانن له ڕێکخستن‌و ئیداره‌کردنی ژیانی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیستمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی داهاتووی وڵات، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و په‌روه‌رده دێموکراتیک، لانیک‌و پێشکه‌وتووه‌ی له کۆمه‌ڵگای ئورووپایی‌دا هه‌یه، ده‌سکه‌وتێکی زۆر گه‌وره بن بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری داهاتووی کۆمه‌ڵگای کوردستان.
کاک ڕه‌حیم، چۆنیه‌تی به‌شدارانی لاوانی کورد له حیزب‌و ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان‌و رێژه‌ی به‌شداریکردنی له خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورد‌و چالاکی له ئورووپا، چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
ئه‌وانه دوو توێژن، ئه‌گه‌ر زۆر به کورتی بڵێم، توێژێکیان که زۆر که‌من، نه‌یانتوانیوه ڕه‌هه‌ندێکی ئه‌وتۆ ڕوون‌و به‌رچاو به‌ده‌سته‌وه بگرن یان له پرۆسه‌ی به‌ره‌وپێشچوونی گۆڕانکارییه‌کاندا خۆیان ببیننه‌وه.ئه‌و توێژه زۆرتر توێژێکی ئاکادیمیکه یان ده‌توانم بڵێم نه‌ک ئاکادیمیک، توێژێکی به‌رزه‌فڕه، له ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه، له ڕوانگه‌ی تیۆرییه‌کانی کتێب یان له روانگه‌ی ئه‌و سیستمه ئاکادیمیکه‌ی له زانستگادا فێری ده‌بێ؛ پێی وایه ده‌بێ ڕێبه‌ڕایه‌تی هه‌موو حیزبه‌کان به‌ده‌سته‌وه بگرێ، بۆ هه‌موو شتێک پرس‌و ڕا به‌وان بکرێ، له حاڵێکدا توێژێکی دیکه هه‌یه په‌روه‌رده‌کراوی نێو حیزبه سیاسییه‌کانه، هاتۆته ده‌ره‌وه، ئه‌و توێژه، ڕوانگه‌ی زۆر واقێعبینانه‌تری هه‌یه به نیسبه‌ت ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی‌و ناسیۆنالیستی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌م قۆناخه‌دا تێیدا ده‌ژی، واته به‌رله‌وه‌ی ڕوانگه‌یه‌کی به‌رزه‌فڕانه‌ی هه‌بێ، عه‌تفێکی هه‌یه.
ئه‌و له‌و بارودۆخه‌دا ژیاوه، نه‌شونمای کردوه، زۆر که‌ندو کۆسپ‌و ئا‌سته‌نگو گیروگرفتی دیوه‌و ده‌ست‌و په‌نجه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌رم کردوون.
له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا، توێژێک هه‌یه ته‌نیا به‌مه‌به‌ستی خۆشگوزه‌رانی، به‌مه‌به‌ستی پێکهێنانی سه‌رمایه‌و پوڵ له‌وێ گیرساونه‌ته‌وه.
ئه‌و توێژه، زۆرتر له کۆمه‌ڵگای ئورووپادا، توشی جۆرێک له سه‌رلێشێواوی، بێ‌شوناسی‌و بێ ناسنامه‌یی ده‌بێ.ده‌توانین بڵێین ئه‌م دۆخه تابلۆیه‌کی گشتییه له ڕوانینی لاوی کوردی هه‌نده‌ران، به نیسبه‌ت جوڵانه‌وه.
دوا قسه‌ت بۆ ڕۆژنامه‌ی کوردستان؟
زۆر سپاستان ده‌که‌م، هیوای گه‌شه‌سه‌ندن‌و پێشکه‌وتنی زیاتر بۆ ڕۆژنامه‌ی کوردستان ده‌خوازم
تێبینی:
ئه‌م وتووێژه، له ڕۆژنامه‌ی "کوردستان"، ئۆرگانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حدکا، ژوماره 471، بڵاو کراوه‌ته‌وه.
سوپاس بۆ شنه ره‌زابی که ئه‌رکی تایپ کردنی ئه‌م وتووێژه‌ی گرته ئه‌ستۆ.
که‌مێک ده‌ستکاری کراوه.
پێکهێنه‌ری وتووێژ: فاتێح ساڵحی
Tuesday, May 13, 2008
Subscribe to:
Post Comments (Atom)
No comments:
Post a Comment