Archive

Tuesday, May 12, 2009

به‌نده‌گی!

به‌نده‌گی!
ئه‌گه‌ر مرۆڤ چۆڕێک چاوه‌ڕوانی تێدا مابێ، هه‌ر باشه‌. ئاواش کات له‌سه‌ره‌خۆ ده‌ڕوات، ساته‌کان ئه‌بێته‌ هاوشێوه‌ی ساته‌کانی تێپه‌ڕینی ژنێک که‌ به‌ ده‌م منداڵ بوونه‌وه‌ ژان ده‌یگرێ، هه‌موو گیانی ئازار ده‌کێشێ‌و نازانێ چی ڕوو ده‌دات، منداڵه‌که‌ی ساغه‌، کچه‌، کوڕه‌، نه‌قوستان نیه‌... ئه‌م ساتانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م بیرۆکه‌و تێڕامانه‌دا جوانن، به‌نرخ‌و پڕ بایه‌خن!
ئه‌م ساتانه‌ وه‌کوو دواین دڵۆپه‌کانی باران که‌ به‌ ناخی زه‌ویدا ڕۆده‌چن، یان گزینگی هه‌تاو ده‌یانکاته‌ هه‌ڵم‌وبۆق، په‌له‌قاژه‌یه‌که‌ له‌ نێوان مان‌و نه‌مان‌دا، جوڵه‌و ته‌کانێکه‌ بۆ مانه‌وه‌و به‌رده‌وام بوون...
ئه‌و ساتانه‌ی خه‌ونی ناخۆش به تۆوه‌ ده‌بینم، تێپه‌ڕینی سات وه‌کوو بروسکه‌یه‌ک دێت‌و ده‌چێت، وه‌کوو هه‌ڵ کردن یان کوژاندنه‌وه‌ی گڵۆپی ژوره‌ ته‌نیاکه‌مه‌، ئه‌مه‌ ده‌ره‌تانێکه‌ بۆ ڕووداوێکی گه‌وره‌تر، من سوچی ته‌نیایی هه‌ڵده‌بژێرم، ده‌ستم له‌به‌ر چۆکم ده‌نێم‌، سڕ ده‌بم، کات له‌ لای من ده‌چه‌قێت، چار نیه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ریشم بده‌م به‌ دیواره‌که‌دا. ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌موو هێزو وزه‌م بۆ هاوار کردن به‌کار بێنم، دیسان ئه‌م بارودۆخه‌ تۆف‌و کڕیوه‌یه‌، له‌ رێپێوانی مرۆڤ ده‌چێت له‌ ته‌م‌ومژدا، خولانه‌وه‌یه‌ به‌ ده‌وری خۆت‌دا...
چ بکه‌م جیا له‌وه‌ی په‌یکێک شه‌رابی سوور هه‌ڵده‌م، چی بکه‌م جیا له‌وه‌ی په‌نا بۆ مه‌ی ببه‌م. ئه‌مهه‌وێت کات بکوژم، ئه‌خوازم مه‌ودای هه‌موو سات‌و دووریه‌کان تونا که‌م، هه‌زاران سات ته‌نهام‌و ناتوانم ته‌نانه‌ت ته‌له‌فوونێکت لێ بکه‌م‌و بڵێم ته‌نیام، بڵێم ته‌نیایی بۆته‌ خۆره‌‌و خه‌ریکه‌ هه‌پروون هه‌پروونم ده‌کات، ئێستا ئیدی هه‌موو ژیانی ئێمه‌ بۆته‌ ئه‌وه‌ی که‌نگێ کێ دێت، کێ ده‌ڕوات، ئه‌م رۆژانه‌ له‌ قه‌برغی نامه‌یه‌کی پڕ له‌ گله‌یی‌دا بۆم ده‌نووسی به‌شکوو سڵامه‌ت بم؟
ئێستا که‌ بۆت ده‌نووسم، له‌ تێپه‌ڕ بوون‌و نه‌بوونی کات باکم نیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تۆ هه‌موو ساته‌کانی منت داگیر کردوه‌. ئه‌گه‌ر وابێ، ئیدی کات سه‌روبنی لام دیار نیه‌...
ده‌مهه‌وێ بتبینم، ده‌سته‌ بچووکه‌کانت بخه‌مه‌ نێو ده‌سته‌کانم، ده‌مه‌وێت له‌ به‌رانبه‌ر تۆدا سه‌ر دانه‌وێنم، هێنده‌ که‌ ته‌وێڵم له‌ زه‌وی بکه‌وێت، ئه‌ونده‌ که‌ ته‌ختی نێوچاوانم به‌ عه‌رزه‌وه‌‌ بنووسێ...
که‌ تۆ سۆراغێکم لێ ناگری، من غه‌مگین ده‌بم، کاتێ غه‌مگین ده‌بم، ئیدی کات تێناپه‌ڕێ.... دونیام لێ بۆته‌ چه‌رمی چۆله‌که‌، به‌ڵام چونکه‌ به‌ ته‌مام جارێکی دیکه‌، زۆر که‌ڕه‌تانی تر بتبینمه‌وه‌ کۆڵ ناده‌م‌و خۆم به‌ قه‌ده‌ر ناسپێرم...
وه‌ره‌ گۆ، نامه‌م بۆ بنووسه‌، من ئاماده‌م بۆ وه‌رگرتنی نامه‌کانه‌ت هێنده‌ بڕۆم، ته‌نانه‌ت له‌ پێ بکه‌وم، ناتوانم باسی ئه‌م ڕۆژانه‌ت به‌ وردی بۆ بگێڕمه‌وه‌، نامهه‌وێت کاتت بکه‌وێته‌وه‌ دۆخێکه‌وه‌ که‌ به‌ ئه‌سپایی‌و له‌سه‌ره‌خۆ بڕوات، باشم، ژیان به‌رده‌وامه‌...
به‌نده‌ی تۆم، ڕوومه‌ته‌کانت ماچ ده‌که‌م.

1 comment:

d said...

blen be katzhmerekan bnun"
bihode zhian kerden zhmardeni nawe."
hiwadarem hemishe ewende per le hiwa bit hergiz shti wa nelei.