Archive

Friday, October 16, 2009

بیــرەوەریی بەربووکێک

زارا حەیران: "ئێستا كه بەربووكیی نەماوه، خەڵك بۆخۆیان كاروباری خۆیان
دەكەن. لەو ڕۆژەوه كه ئەو تەلێفوون و ئەو كتێبه پەیدا بووه، منیان بەدبەخت و سەرگەردان كردووه و بێ پووڵیان هێشتوومەتەوه."
وتووێژ لەگەڵ زارا حەیران
ئامادەكردنی: قەرەنی قادری
پێشەکی: " زارا قداره" ناسراو به " زارا حەیران" تەمەنێكه له شاری شنۆیه حەیرانه. "حەیران" هەر له كۆنەوه تێكەڵاوی داب و نەریتی نەتەوەكەی بووه. حەیران له نێو كچه جوانەكان، كوڕه گەنجەكان و بەساڵاچووەكانی شنۆ و دەوروبەردا، گەلێ خۆشەویست و بەناوبانگه.
زارا حەیران نزیك به چل ساڵه، بەربووكیی پیشەیەتی. حەیرانیان بۆیه خۆشدەوێ، به زمانێكی گەلێك ئاشكرا، ڕووت و ڕەوان، وەكوو زمانی شێخەكەی تاڵەبان دەدوێ. ئەو "بابان وێرانه" له گیروگرفتی ئاڵۆزی كۆمەڵایەتییەوه بگره تا دەگاته سێكس و ئامۆژگارییەكانی تر، دەپەیڤێ و چ بوێرانەش.
له لایەكی ترەوه بۆیه به ناوبانگه، چوونكه تاقانەیە. مامۆستایی و لێوەشاوەیی له ئیش و كاری بەربووكیدا، حەیرانی له ناوچەی شنۆ و سنوورەكانی سەر به دەشتی مەرگەوەڕ، لاجان و سندووسدا كردۆته تاقانه.
تۆ بڵێی كەسێ هەبێ لەوێندەرێ، نەكەوتبێته بەر لاتاوی حەیران و به دەیان جار "بابان كڵۆڵ نەبووبێ، سەری بەتاشین و كەپۆی بەبڕین نەچووبێ، قڕانی له منداڵان نەكەوتبێ و ماڵی وێران نەبووبێ"؟
زارا ژنێكی مەكتەب نەدیده و نەخوێندەواره، بەڵام له قوتابخانەی كۆمەڵگەدا گەلێك دەرسان فێر بووه و كۆڵێك ئەزموونیشی كەڵەكه كردووه. كاتێك باسی ئیش و كاری بەربووكی و زەماوەند دەكا، به شێوەی خۆی ڕابردوو و ئێستا لێك جیا دەكاتەوه، به تەرازوی بەربووكانەی هەڵیاندەسەنگێنێ و جاروباریش ئاكامی دڵخوازی خۆی لێ هەڵدێنجێ.
كاتێك بەربووكیی و داب و نەریتی زەماوەند به شێوەی كلاسیكی خۆی، له ڕەوتی ئاڵوگۆڕی زەماندا جێی پێی لەق دەكرێ و له ناو خەڵكدا باوی نامێنێ، حەیران به گژ خەڵك و زەماندا دەچێ و خۆی له پاڵ ڕابردوودا دەدۆزێتەوه.
سەرەڕای ئەوەی به وشیاریی هەست پێدەكا كه "تەلێفوون و كتێب" تەنگیان به بەربووكی و حەیران هەڵچنیوه و ئیدی ڕمێنی جارانی نەماوه و تا دێ بەرهو پەراوێزی كۆمەڵگە دەخزێت، بۆیه به توندی هێرش دەباته سەر سەردەمی نوێ و كەرەسەكانی. ڕێك وەكوو جارانی سەركێشێی، كه به گژ ڕابردوو و داب و ڕێوشوێنی بەهێز و گیانسەختی كۆمەڵگەدا دەچوو، كه دەیانویست كەوی كەن. بەڵام ئەو بەڕوویاندا دەتەقییەوه و لەسەر غەدرێك كه مێردەكەی لێی كردبوو، "دەیداته بەر شەق و خۆێ پێ به تەڵاقدان دەدا."
لەوانەیه ئەو ئازایەتییەی حەیران له سەردەمی خۆی و بەشێوەی خۆی بێ وێنه، یان كەم وێنه بووبێت. بەگژ كۆمەڵگای پیاواندا چوون له سەردەمی "حەیران"دا تەنیا له توانای ژنانی هەڵبژاردەی دەگمەنی ئەو سەردەمەدا بووه، كه بێگومان زارا حەیران یەكێك لەوان بووه.
زارا حەیران، ڕازێكی سەرگەردانه. لەم وتووێژەدا كه به ڕێگای تەلێفوون، نامه و شریتی ڤیدیۆییەوه كراوه، ئەو" بابان وێرانه" له خەمەكانی دەدوێ و پەرده لەسەر هەندێ بابەتی بڤ لادەدا.
ـ له كۆتاییدا سپاسێكی بێپایان بۆ (مام وسێنی قادری و كوردنژادی ئیبراهیمی) كه توانیان بێوچان چاویان به زارا حەیران بكەوێت و وڵامی پرسیارەكانم بۆ ڕەوانه بكەنەوه. ئەگەر ئەو ماندووبوونەی ئەوان نەبوایه، ئەزموونەكانی حەیران، باس له هەژاری و سەختی ژیانیی، ڕووی كاغەزیان بەخۆوه نەدەدیت و وەكوو دەیان دەیاردەی تری كۆمەڵگەی كوردستان دە سنگی میژوودا بێدەنگ دەماوە و تۆزی فەرامۆشی لەسەری دەنیشت.
قەرەنی قادری 2000،12،13
حەیران چۆنی؟
جا چۆن بم بابان كڵۆڵ:
حەیران پیر بووه، بۆته گەردەڵه
سەرلكی خوراوه ماوه قەسەڵه
هەتا جووان بووم، به گوێ بانەوه
لفكەی دەسماڵم بەردەدانەوه
به بای عیشوان، دەخولانەوه
ئێستا پیر بوومه، پێم دەڵێن پوورێ!
كەس نییه ئەگەر، بمباته ژوورێ!
هەی داد و بێداد، چم لێ بەسەر هات؟
له گوڵ دەگەڕام، مەیموون وەڕێم هات
من و مەیموون، كردن دەست بازی
كۆڵ و كۆڵەوار بەوەی ناڕازی
له كوێ له دایك بوویه؟
من له شاری سابڵاخ لەدایك بوومه، له كاتی لەدایك بوونمدا، دایكم مرد. تەمەنم حەوت ساڵه بوو، باوكیشم مرد. هەر لەو دەرك و بن دەركان بوومه. خزمەكانیشم بەخێویان كردووم. له دواییدا ڕۆژگار كردمی حەیران و گەیاندمیه كووچه و كۆڵانی شاری شنۆیه.
ئێستا تەمەنت چەنده؟
٦٥ ساڵم.*
چۆن بوو ڕێت كەوته شنۆیه؟
مێردێكم هەبوو دزی دەكرد، لەوی خۆم بەتەڵاقدان دا. له پاش ئەوه خزمەكانم وەخۆیان نەكردم، گوتیان منداڵەكەت ئی ئەو پیاوه دزەیه. كوڕەكەش منداڵ بوو، دڵم نەهات بەجێی بێڵم. له دواییدا دەگەڵ كوڕەكەم چوومه كاروانسەرایەك كه خاوەنەكەی نۆكەری بابم بوو. خوا كاری ڕاست بێنێ، ئەو ڕایگرتم.
هەر لەوێ كابرایەكم لێ پەیدابوو و گوتی من ئاغام، وەرە مێردم پێبكه. منیش مێردم پێكرد و هاتینه شنۆیه. دوایی پێیان گوتم، ئەوه ئاغا نییه و بەڵكوو چاوساغی حافزانه و دەستیان دەكێشێ، منیش تا ماڵی مەلا برایم دامه بەر شەپان. هەر لەوێ خۆم پێ بەتەڵاقدان دا. دواییش مێردم به ساڵحی كرد. سێ كچ و دوو كوڕم له ساڵحی هەیە. ئێستاش بوومەته حەیران و به هەناسه ساردی ده كوچاندا دەگەڕێم.
چەند ساڵه بووی مێردت كرد؟
بابان كڵۆڵ، هەر له دوازده ساڵییەوه پێم پێوه نا هەتا ئەو دواییانه. ئەوه سێ ساڵه بێكاره!
بۆچی پێت دەڵێن حەیران؟
له ماڵی حاجی هەباسی كارم دەكرد و قاپ كەچكم دەشوت. جارێكیان لەوێ ژنان گەڕەلاوژەیان دەكرد، وتیان ڕەنگه ئەو سابڵاخییه دەنگی خۆش بێ، داوایان لێكردم گۆرانییەكیان بۆ بڵێم. منیش خاڵۆی ڕێبوارم بۆ گوتن:
هۆی خاڵی ڕێبوار، خۆ منیش ڕێبوارم
خۆ منیش وەكوو تۆ (خاڵێ) دڵ بریندارم
وەتاغ فەڕش كەن (ماڵ وێران) مەخمەل له بانی
ئاغا دانیشتووه (ئەی هاوار) نۆكەر له شانی
ئۆی جوانی ڕێبوار، خۆ منیش ڕێبوارم
خۆ منیش وەكوو تۆ (خاڵێ) دڵ بریندارم
بەم ڕۆژ و ئەو ڕۆژ (ماڵ وێران) ساڵم برده سەر
وا كراسم دەدڕی (ئەی هاوار) لیمۆم كەوتەدەر
ئۆی جوانی ڕێبوار، خۆ منیش ڕێبوارم
خۆ منیش وەكوو تۆ (خاڵێ) دڵ بریندارم
هەر لەوێ هەندێك منداڵەوركه، ئەو ناوەیان وەدوو خستم و وتیان ئەوه حەیرانه. دەنا خودای تۆ شاهیده من حەیران نازانم، دیاره پێم ناخۆش نییه پێم دەڵێن حەیران، چوونكه حەیران یانی سەرگەردان.
چەند منداڵت هەن؟
له ساڵح پێنج منداڵم هەیە. له پیاوەكەی دیش یەك منداڵ. كچەكانم ناویان مینا، هەنار و نەرمین. كوڕەكانیشم ناویان ئەنوەر، خالید و ئەبووبەكر.
ئەو كاتەی تۆ مێردت كرد، كێ بەربووكت بوو؟
كەس بەربووكم نەبوو. كارەكان هەروا بەڕەمەكی دەچوونه پێشێ.
ئەی خۆت، شتێكت له بەربووكی دەزانی؟
ڕۆڵه گیان هیچم لێنەدەزانی. كاروباریشی پێویست نەبوو، یەكسەر پاڵی پێوەنا.
له كەی و چۆن بوو، بوی به بەربووك؟
من له شاری شنۆیه بووم به بەربووك. یەكەمین جار دوو بووكم به ڕۆژێك بۆ دوو برایان برد. له بارەی بەربووكییەوە هیچم نەدەزانی. خوا كاری "خەجیجێ محەممەد سێوانی" ڕاست بێنێ، ئەو هەندێك شتی فێر كردم، كه چۆن جێیان بۆ ڕاخەم، لیباسیان دەبەركەم و لێیان بگەڕێم تا بەیانی له دیوەكانیان بن. بووکەكانم بردنه دیوی جیا جیا، كاروباریان تەواو بوو، دوایی زاواكانیش چوونه لای بووكەكان.
پاش ماوەیەك "حەسەن ئاغای تاژاندەرێ" هات و گوتی، وەرە بابان كڵۆڵ، یەكێك له زاواكان لاقی بووكێی ڕاكێشاوه و دەناو لاقی دەنێ و هەر هاواری شێ عەلاوەدینی دەكات. لێی چوومه ژۆرێ و پێم گوت: بابانت كڵۆڵ بێ، ئەوە بۆ هاواری شێ عەلاوەدینی دەكەی؟ كوڕه سەر بەقوڕ، خۆ نابێ لاقی ڕاكێشی، دەبی لاقی دەحەوا كەی.
ئەوی تریان نەبوو به زاوا. به ناچار پەنایان بۆ خوشكه ئایشیێ ڕەحەمەتی برد. ئەویش نشتوەكی بۆ نووسی و دامانێ، تاكوو چاوی بوونەوه. ئەوه یەكەمین جار بوو كه دەبوومه بەربووك. وردە وردە، ده درێژەی ڕۆژگاردا لێڕا هاتم و فێر بووم. بەڵام ئێستا كه بەربووكیی نەماوه، خەڵك بۆخۆیان كاروباری خۆیان دەكەن. لەو ڕۆژەوە كه ئەو تەفەنون و ئەو كتێبه پەیدا بوونە، منیان بەدبەخت و سەرگەردان كردووە و بێ پۆڵیان هێشتوومەتەوە.
تەفەنون چییه؟
ئا .... ئەوه چییه؟ (دەست بۆ تەلێفوونەكه ڕادەدێرێ!)
ئەها تەلێفوون!
كوڕه چووزانم نێوی چییه؟ بابانی كڵۆڵ بێ!
لەسەرەتادا بەربووك دەبێ چكارێك بكا؟
ماڵان بانگ دەكەین، له دووی خەڵك دەچێن، بەربووك بەردەوام له بەینی ماڵی بووك و زاوادا له هاتووچۆ دایه، هەردووك لایان بۆ ڕۆژی سەرجلكان، سێڕۆژانه و داوەت خەبەردار دەكات. لەو بەینەشدا خەڵك شتێكیان دەدامێ.
ئەوەی دەیاندایەی، پوڵ بوو یان شتی تر؟
ئەو سەردەمی پوڵ كەم بوو، جار جار چوار پێنج قڕان، یان قەندانێك قەند، گۆلمه برینجێك یان كەمێك نیسكیان دەدامێ. ئەگەر كاتی گوێزداكوتان بایه، كلكه پشتێندیان بۆ پڕ دەكردم له گوێز و بۆ منداڵەكانم دەبردەوە. جاری واش هەبوو كراسێكی چیتیان بۆ دەكڕیم ...... دەی پرسیارت تەواو بوو؟
نانا، جارێ زۆرم ماوه!
دەی بیپرسه! هەمووت پێدەڵێم. گوتت ئەوانه پرسیاری كاك قەرەنین؟ وەی بابانی كڵۆڵ بێ و سەری بەتاشین چێ! سەری بەتاشین چووه لەوێ!
بەربووك چی فێره بووكێ دەکات؟
فێری دەكا لەگەڵ زاوا چ بكا، له دوای تەواو بوونیدا كاری بەو دەسره سپییەی كه بۆ خاوێن كردنەوەی له بنی ڕادەخسترێت نەبێ. یان فێری دەكەن كه بۆ زاوا، جوان درێژ بێ و خۆ شل كات، بۆوەی باش بچێته ژوورێ. هەروەها بووك دەبێ دەسرە بەخوێنەكه له بن دۆشەگێ دانێ. بەیانی بەربووك دێ و هەڵی دەگرێ.
ئایا دەربارەی ماڵداری، شتێكیان فێردەكات؟
تەنیا ئەوەندە كه: بووكی چا به، له كن خەزوورت نانی مەخۆ، بەحەیا و به ئەدەب به. جارێكیان ژنێك له كن خەزووری مەمكی دەدا به منداڵەكەی، دەمی گرتبوو و مەمكیشی له دەرێ بوو، ئاوا: (حەیرانی ماڵ وێران بۆ وەی بتوانێ حاڵەتەكە نیشاندا، دەست به دەمی دەگرێ و مەمكی له كراسەكەی دەردێنێ)، منیش پێم گوت: كچێ ئەگەر مەمكت بەدەرەوەیه و له كن خەزوورت دانیشتووی، ئەدی ئەو دەم گرتنەت له چییه؟ (حەیران پێدەكەنێ و جارێكی تر دووپاتی دەكاتەوه كه چی به ژنەكه گوتووه. دوایه مەمكی دەخاتەوه نێو كراسەكەی) كاك قەرەنی ئەو مەمكه سپی و سۆلانەمت دی، ها؟!
شیرنی خواردن چییه؟
دەچووم ڕۆژی شیرنی خواردنم به ماڵی بووك و زاوا ڕادەگەیاند. لەو ڕۆژەدا ماڵی زاوا دێنه ماڵی بووكێ. جلوبەرگان دێنن، كاتێك هەموو كۆ دهبنهوه، دوو كهس له نێو خەڵكەكەدا شیرینی دەگێڕن. منیش ئەو شتانەی كه بۆ بەربووكێ كڕاون له سەر مەجۆعمەی دادەنێم و پێشانی خەڵكیان دەدەم. شیرنییەكه ماڵی بووكێ دەیكڕی. ئەگەر فەسڵی میوەش با، ئەوه ماڵی زاوا میوەی دەكڕن و لەگەڵ خۆیان دەیهێنن.
ئەی ئەو خەڵكه چ دەدەنه بووكێ؟
ماڵی زاوا زێڕ دەداته بووكێ و ماڵی بووكێش شتێكی دەدەنه بەربووكێ.
جلك هەڵگرتن چۆنه؟
كووتاڵفرۆش كووتاڵی خۆی به حەمباڵدا دەنێرێت. لەسەرجەمی كووتاڵەكاندا دوو دەست كراس، خەنەپێچ، ئاوەڵكراس، بنكراس و دەسماڵ .... و دوو جووتیش كەوش، هەروەها كڵاوی زێڕ، قەتاره، سەربسكه و گوارەی زیڕیان بۆ بووكێ دەكڕی. نرخی گوارەی زێڕ هەتا 300 تمەن دەڕۆیشت. بەڵام ئێستا بووك بۆ خۆی دەچێته دووكانی كووتاڵفرۆش و هەر لەوێ پێویستییەكانی خۆی جێبەجێ دەكات.
خەنەبەندان چییه و چۆن بەڕێوەدەچێ؟
ماڵی زاوا، له ترشی ڕا بگره تاكوو كەلەم بۆ ماڵی بووكێ دەنێرن. نان، سەبزی (قەدیم خەڵك به سەبزییان دەكوت پیواز) توور، گۆشت. ئەگەر شتێكیش كەم هاتبایه منی بابان كڵۆڵیان به دوادا دەنارد. یەكێك له خواردنەكانی ئەو دەم، ترشیی كەلەم بوو. جارجاریش دۆكڵیویان لێدەنا. ئێستا سووپەی پێدەڵێن.
شەو زاوا چۆن دەچێته لای بووكێ و دەبێ چ بكا؟
لەسەرەتادا زاوا سڵاو له بووكێ دەكا. بووكیش فیردەكەن كه لاق لەسەر لاقی زاوای دانێ. بەڵام به زاواش دەڵێن ئەگەر مەرد بی، نابی بیەڵی بووك لاقی لەسەر لاقت دانێ. زاوا دەبێ بەو كاره سامی خۆی ڕەسەر بووكێ خا. بووكێ بەخێر هاتن دەكا و دەست بەسەر بووكێ دا دێنێ.
لەو حاڵەدا كاری بەربووك چییه؟
بەربووك له دەرێ ڕادەوەستێ و چاوەڕاونی كاری بووك و زاوا دەبێ. برازاوا و دۆست و ناسیارەكانی زاوا له پشت دەركه رادەوەستن و جار جار بانگی زاوا دەكەن و دەڵێن: ده وەرە دەرێ گەواد، دە زووبه، ئەوه ناتوانی ببی به زاوا؟
جاری وا بووه كه زاوا دەهات لەسەری دابنێ و بچێته ژۆرێ، له دەركەیان دەدا و دەیانگوت (به پێكەنینەوه) گەواد، ئەوه بۆ نایەدەرێ؟ زاوایان دێنا دەرێ و هەر بەو شەوه دەیان برد ده ئاوێیان داویشت. جاری وابوو له زستانیشدا كاری وایان دەكرد. زاوای بابان كڵۆڵ، تووكی سەریشی دەیبەست. ئێستا وا نەماوه. بووك و زاوا شەوێ دەچنه ژوورێ تاكوو بەیانی نایەنە دەرێ. بەڵام پێیان دەڵێن دەبی هەر یەكێ بكەی، نابێ بیكەی بەدوو.
بۆچی دەسرەی سپییان له بن بووكێ ڕادەخست؟
ئەو دەسرەیه لەبەر ئەوه بوو كه بزانن بووک پێی هەیە یان نا، بۆوەی بزانن ڕووسپییه، ئەو دەسرەیە تەنیا بۆ كچان ڕادەخسترێت و بۆ بیوه ژنان نابێ.
دوایی چیان له دەسره سپییەكه دەكرد؟
پێشانی ماڵی زاوایان دەدا، بۆوەی دڵنیا بن كه هیچ سۆره و تۆرەیەك دەگۆڕێدا نییه. بەڵام ئەگەر كچەكه، نێوێكی له دووبا، پێشانی ماڵی دایكی بووكێشیان دەدا. یان دەسرەكەیان دەكرده بەیداخی ڕۆمیان و پێشانی هەموانیان دەدا. بەڵام ئێستا وا نەماوه.
ئایا ڕوودوای وا ڕوویداوه كه دەسرەكه ڕاخسترابێ بەڵام هیچ دەگۆڕێدا نەبووبێ؟
بەڵێ شتی وا بووه. ئەی ئەمن چیم؟ ئەوه كاری منه. من ده راهی ئەو خودایەدا بۆیان دادەپۆشم.
چۆنت دادەپۆشی؟
ئەو كاتی كه گەنج بووم و دەچوومه عوزرێدا، خۆم یارمەتیم دەدان. جاری وابوو زاوا دەهاته دەرێ و دەیگوت، وادیاره نەبوومەتە زاوا. من خێرا دەچوومه ژوورێ و لەسەر دەسرەكه هەڵدەتروشكام و بەخوێنم دەكرد و پێشانی زاوام دەدا. ئەویش تمەنێكی دەدامێ. قەدیم تمەنێكیان دەدا. ئێستا پیر بوومه و چم پێوه نەماوه، بەڵام مریشكی مەسنووعی دەستت ماچ دەكا. سەرەكەی دەگرم و پێوەی دەنێم.
جارێكیان له یەكێك له دێیەكانی لاجانێ بووكێكمان برد. بووكەكە به تەمەن منداڵ بوو. زاوای بابان كڵۆڵ، پاش و پێشی ئەو قوڕوەسەرەی كردەیەك. سووتوی دنیا نەما تێینەدەین بۆ وەی چابێ. ئەو كاتی دوختۆر نەبوو. خوا بتحەسێنێتەوه، كاری ئەو ژنه بابان وێرانه چا بوو. ئێستا خوشكه (....) دەڵێی نەبای پێدا هاتووه و نه باران، هەروا تێیدەكوتێ.
ئایا وا بووه كه ئاشكرا بێ؟
نا شتی وا نەبووه. ئەدی من چم؟ من نەمدەهێشت ئاشكرا بێ.
ئەی ئەگەر ئاشكرا ببا كه بووك كچ نەبووه، چ ڕویدەدا؟
ئەوەی لەبیرم مابێ یەكێك له شاری خانێ ئاشكرابوو. كابرا گوتی من ئەوه تەمەنم بیست و پێنج ساڵه. تاكوو ئێستا چلم كردوون. بۆ دەبێ ئەو هیچی پێنەبێ و به تاڵ بێ؟ براكەی له پشت دەرگه ڕاوەستابوو و پێیدەگوت: هەڵیهێنەوه با باشی ببینی. لەدواییدا لەبەر خاتری مەلا برایم، هەروەها ژنەكەش سەید و خەڵكی سابڵاخێ بوو، دەریان نەكرد. له دواییدا گوتیان ئەگەر حاواوه ئەوه باشه با بمێنێتەوه، ئەگەر نەحاواوه، زێڕەكەی لێ بستێننەوه و تەڵاقی دەن. ژنەكه نۆ منداڵی هەبوو، نەحاواوه و تەڵاقیاندا. دایكی كوڕەش زێڕەكەی فرۆشت و له منداڵەكانی خەرجكرد. ئەویان ئاوا ئاشكرابوو.
ئێستا كاروباری بەربووكیی چۆنه؟
ئێستا بەربووكیی دەگۆڕێدا نەماوه. خەڵك بۆ خۆیان، كاروباری خۆیان جێبەجێ دەكەن. لەدواییدا زاوا دەستی بووكێ دەگرێ و بۆ ماوەی ده دوازده ڕۆژێك دەڕۆن، جا ورمێ، سابڵاخ، یان تەورێز بێ. دواییش یاغر یاغر دێنەوه. ئەوا دەچنه مانگی عەسەلەی.
وادیاره بۆ خۆیان شارەزای كاروبارەكەن؟
بەڵێ. ئێستا كتێب پەیدا بووه، كتێبەكه دەڵێ ئاوای تێبنێ و ئاوا هەستەوه. هەروەها به تەلێفوونیش یەكتر تێدەگەیەنن.
چ كاروبارێك به تەلێفوون بەڕێوەدەبەن؟
وەختی خوازبێنی دیاری دەكەن. یان ئەو كارانەی كه لەسەرەتادا پێویستن به تەلێفوون جێبەجێ دەكرێن. بۆیه خەڵك بەربووكیان ناوێ. بەڵام له لادێ، ئەوەی شەڕەفی هەبێ، وەكوو كاك فەتاحی جبریلاوێ، خدراغای خاڵتاوێ، دەنێرن له دووی بەربووك. بۆ خۆم لەگەڵ دوو كچی ئەوان چووم.
وادیاره داب و دەستووری قەدیم له لادێ هەر ماوه؟
بەڵێ ئەوان خەنەبەندانیان كرد، بەڵام شتێكیان له كەس نەستاند. گوتیان ئێمه نه شارەیین و نه سواڵێش دەكەین. بۆخۆیان پەنجا مریشكیان سەر بڕی. دوو تا برینجیشیان كڕی. دوو تای گەوره. دوو شەو و دوو ڕۆژان، له ماڵی بووك و زاوا نان و چا خورا. بڕێكیان پووڵ دامێ، كراسێكیشیان بۆ كڕیم و به خۆشی بەڕێیان كردمەوه.... دەی بپرسه!
وادیاره بەربووكیی وەكوو جاران باوی نەماوه؟
دەكرێ بڵێین خڕبۆتەوه. بەڵام ئێستا هەندێك پەشیمان بوونەتەوە. دەڵێن ئەو بووكەی بەربووكی لەگەڵ نەبێ به نەعلەت بێ. چونكه بووك، به بەربووكەوە جوانه. جوان وەكوو مامان وایه. چۆن ژن له كاتی منداڵبوونییدا پێی خۆشه مامانی له كن بێ، بووكیش ئاوا پێی خۆشه بەربووكی لەگەڵ بێ.
بەربووك بۆوه باشه، ئەگەر خوێنڕێژییەك، دەردێك و مەرگێك بێت یارمەتی دەدا. یان ئەگەر بووك پێی نەبوو، لێرەدا ئەوه بەربووكه جێبەجێی دەكا. یان نەسحەتێك، یان شتێكیان فێر دەكا. بەڵام ئێستا كه ئەو تەلێفوون و كتێبه دەركەوتوون، كار ده نەسیحەتدا نەماوه. خێرا مانگی عەلەسه و بگره و هاتم.
ئێستا كاروبار و داهاتت چۆنه؟
گەلێك خراپه. ئەگەر موسڵمانێك جاروبار شتێكم بداتێ. كچەكەشم ئەوه له لامه. ماشەڵڵا بۆ ئەو مێردەی كه كردی! بەخۆی و به سێ سەر خێزانەوه لەسەر منن. ئەوانیش دەبێ بەخێو كەم. جاروبار ئەگەر به نێو بازاریدا تێدەپەڕم، موسڵمانێك، سەد تمەنێك یان دووسهد تمەنێك بی دەمدەنێ. شتێكی وەكوو سەلكه پیوازێك، دەسەكە كەوەرێك یان نانێ بێت، پێی دەكڕم و بۆ ماڵێی دەبەمەوە. كوڕەكانیشم هەردووكیان بەننا و بەخێویشم ناكەن. له "ڕەزایەن" و ژنەكانیان عەجەمن! ناوەڵڵا بەخێوم ناكەن.
لەسەر یەك، بەربووك چەند ڕۆژ كاری بەربووكی دەكا؟
جاران له كاتی شاییدا، بەربووك حەوت ڕۆژان له ماڵی بووكی دەبوو. ئێستا شەوێ دەچی و تاكوو نیوەڕۆی دواتر، لەوێ دەبێ. پاشانیش بەرێی دەكەن. ئێستا بووك، زاوا، خەسوو و خەزوور لەسەر سفره، نان و چای خۆیان پێكەوه دەخۆن. جارانیش بووك، پشتی ده خەسوو و خەزووری دەكرد. یان بووك و زاوا هەتا حەوت ڕۆژان نەدەهاتنه دەرێ. تەنانەت هیچ كاریشیان نەدەكرد. منیش له كنیان دەبەسترامەوه.
له كاتی خەنەبەندانێدا ماڵی زاوا چیان دەكرد؟
جاران ماڵی زاوا قامكی قجیلكەی زاوایان دەخەنەی دەنا. له ماڵی بووكێش كچەكان و منداڵه وركەكان، خڕیان، دەست و لاقیان دەخەنەی دەدا. ئی وا هەبوو نێوچاوانیشی دەخەنە دەنا. سەری بووكیشیان دەخەنە دەنا. هەنێیان دەكرد. دەیان برده حەمامێ و پاك و خاوێن دەیان شوت. ئەوەیان كاری بەربووكێ بوو. ئی وا هەبوو نەی دەهێشت بەربووك بیشوات، چونكه دەبا پووڵێكیان دابا به بەربووكێ.
ئێستا خەنه نەماوه، له جیاتی خەنه "لاك"ی تێدەدەن. خەنه هەڵگیراوه و دەڵێن پیسه. ئێستا چاوان دەڕێژن، لێوان سوور دەكەن، هەندێك خاڵانیش به قەڵەمێ چا دەکەن. تۆڕێكیش تا نێوقەد به سەر بووكێ دادەدەن.
دوایی زاوا و بووك دەستی یەكتر دەگرن و دەڕۆنه مانگی عەسەلەی. قەدیم دەستی بووكێیان دەخەنەی دەدا و كوڕ و كچ هەتا بەیانی هەڵدەپەڕین. ژنی وا بوو منداڵی ساوای بەجێدەهێشت و دەچوو هەڵدەپەڕی. كەس نەبوو بڵێ ئەرێ بۆ وادەكەن.
پیرێژنی وەكوو من دەچوو هەڵدەپەڕی. باجه مەڕاڵ، دایكی ئەحمەدی حاجی حەسەنی، بۆ خۆی هات و هەڵپەڕی. ئەو سەردەم، مراده شەلی ڕەحمەتی، گۆڕانی دەگوت و ئەحمەدی غەنی ڕەحمەتیش، زۆڕنای دەژەنی.
شیعرێكم وەبیر هاتەوه ئەو سەردەمی دەیان گوت:
پڕپۆڵەی پڕ له جاتره
بەربووك، له بووكێ سازتره
بووك دانیشتووه وەك زێڕی
شۆرباو لەپه، سەی تێڕی!
جا ئێستا نۆرەی منه پرسیار له كاك قەرەنی بكەم، بزانم ئەو بابان كڵۆڵه چی كرووه؟ ئایا بەربووكی هەبووه یان هەروا....!!!
پەراوێز:
* حەیران به پێی شوناسنامەكەی، له ساڵی 1301 کۆچی هەتاوی (1922ی زایینی) لەدایك بووه.
ساڵی بڵاوکردنەوەی وتووێژ December 13,2000
سەرچاوە:
کوردستان پرێس

No comments: