Archive

Friday, July 29, 2011

په‌پامی ره‌حیم ره‌شیدی بۆ کۆنگره‌ی شه‌شه‌می یه‌کیه‌تیی لاوان

به‌رێز کاک دارا ناتق، سکرتێری یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ئه‌ندامانی به‌رێزی کۆنگره‌ی شه‌شی لاوان
ئاماده‌بووانی هێژا
پێشه‌کی به‌ بۆنه‌ی پێکهاتنی شه‌شه‌مین کۆنگره‌ی یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراته‌وه‌، گه‌رم‌و گه‌شترین پیرۆزباییتان پێشکه‌ش ده‌که‌م‌، له‌ کانگای دڵمه‌وه‌ هیوای به‌رێوه‌چوونی کۆنگره‌یه‌کی پڕ ده‌سکه‌وتان بۆ به‌ ئاوات ده‌خوازم.
به‌رێزان!
له‌ هه‌لوومه‌رجێک‌دا که‌ لاوانی وڵاته‌که‌مان به‌ هۆی ماف خوازی‌و هێنانه‌گۆڕی ویست‌و داخوازه‌ دێموکراتیکه‌کانیان، به‌ توندترین شێوه‌ سه‌رکه‌وت ده‌کرێن‌و له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییه‌ سه‌رجه‌م مافه‌کانیان لێ زه‌وت کراوه‌، جێگای خۆشحاڵییه‌ که‌ یه‌کیه‌تیی لاوان وه‌کوو رێکخراوێکی گه‌وره‌و به‌هێز له‌ گوڕه‌پانی خه‌بات‌دا، که‌ خوازیاری پێکهێنانی ئاڵوگۆرێکی قوڵی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی دێموکراتیکه‌، پابه‌ند به‌ یه‌کێک له‌ کۆڵه‌که‌ بنچینه‌یه‌کانی ژیانێکی ئازادو دێموکراسیانه‌یه، ئه‌ویش گرتنی رێک‌وپێکی کۆنگره‌کانی لاوانه‌ که‌ له‌ هه‌موو بارودۆخێک‌دا به‌رێوه‌ چوه‌، سه‌رجه‌م ئاماژه‌کان ئه‌وه‌ به‌ باشی ده‌رده‌خه‌ن که‌ ئه‌م بابه‌ته‌ گرینگه‌ وه‌کوو باوه‌ڕێکی نه‌گۆڕ له‌ نێو رێکخراوه‌که‌دا ره‌گاژۆ بوه‌.
ناوه‌رۆکی راسته‌قینه‌ی دێموکراسی ده‌ساوده‌ست کردنی ده‌سه‌ڵات به‌ بێ توندوتیژی‌، پابه‌ند بوونی که‌مینه‌ به‌ ده‌نگی زۆرینه‌و ڕه‌چاو کردنی مافی که‌مینه‌ له‌ لایه‌ن زۆرینه‌وه‌یه‌.
گومانی تێدا نیه‌ که‌ درێژه‌ی ئه‌م ره‌وته‌ له‌سه‌ر ئۆگری‌و خولیای پتری لاوانی وڵاته‌کامان بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام به‌ ریزه‌کانی یه‌کیه‌تی لاوانه‌وه‌ په‌یوه‌ست بن کاریگه‌ری‌و شوێندانه‌ریه‌کی زۆری ده‌بێ، هه‌ر وه‌کوو له‌ رابردوودا هه‌یبوه‌.
ئه‌مه‌ش گه‌وره‌تریین گورزه‌ که‌ له‌ ڕه‌وتی تێکۆشان‌دا له‌ کۆماری ئیسلامی ده‌که‌وێ، چوونکه‌ هیچ دیارده‌یه‌ک به‌ ڕاده‌ی رێکخستنی ئاگایانه‌، به‌هێزو رێک‌وپێک خۆره‌ی گیانی دیکتاتۆره‌کان نه‌بوه‌و نیه‌.
به‌ شانازیه‌کی گه‌وره‌ی ده‌زانم که‌ ده‌ورانێک ئه‌ندامی یه‌کیه‌تیی لاوان بووم‌و له‌م رێکخروه‌دا کارم کردوه‌.

ئێوه‌ وزه‌ی ئه‌مڕۆی تێکۆشان‌و هیوای خولقاندنی دوارۆژێکی به‌ختیارن.

جارێکی دیکه‌ له‌ ناخی دڵمه‌وه‌ هیوای سه‌رکه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.‌‌
جوانتریین ئاواته‌کانم بۆ ئێوه‌.
ره‌حیم ره‌شیدی، ئه‌ندامی فیدراسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی رۆژنامه‌وانان
واشینگتۆن
01/07/2011

No comments: