رۆژی شەممە رێکەوتی ٩ی مارسی ٢٠١٣، بەرانبەر بە ١٨ی رەشەممەی ١٣٩١ی هەتاوی، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، لە لە دەڤەری واشینگتۆن بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژنانەوە، رێورەسمێکی بەشکۆی بە بەشداری حیزب و رێکخراوە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کە لەو دەڤەرە چالاکن بەرێوە برد.
سەرەتای ئەو رێورەسمە بە خوێندنەوەی سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک
بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدان رێگای رزگاری کوردو کوردستان دەستی
پێکرد.
ئەوجار مێدیا سەلیمی وێرای بەخێرهاتن کردنی ئامادەبووان، ریزبەندی
بەرێوەچوونی رێورەسمەکەی خوێندەوە.
دواتر رۆژنامەوان رەحیم رەشیدی لە وتەیەکدا باسی لە مێژووی هەشتی مارس و دەورو
رۆڵی ژنانی کورد لە خەباتی نەتەوایەتی و یەکسانی خوازیدا کرد.
ئەوجار پەیامی ئەو رێکخراوو لایەنانە پێشکەش کران:
پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن هێژا مەحبوبە حوسێنی
ئەندامی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتەوە لە ئامریکاخوێندرایەوە
ئەوجار کاک نائیب مەشایەخی پەپامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە ئامریکا
پێشکەش کرد. دواتر بەرێز سەلام کوردی وتاری رێکخرای ١١ی ئەیلوولی پارتی دێموکراتی
کوردستانی لە ئامریکا خوێندەوە.
ئینجا دوکتۆر پەری قەرەداخی بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤی کورد
لە ئامریکا سەبارەت بە رۆژی جیهانی ژنان قسەی کردو دواتر بەرێز سەیران شەرەفی
بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە ئامریکا ژیاننامەی مینا خانم قازی
یەکەمین بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی خوێندەوە.
شایانی باسە کە بروسکەی پیرۆزبایی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان و کۆمەلەی
زەحمەتکێشانی کوردستان بەم بۆنەوە بە بەرێوەبەرانی رێورەسمەکە گەیشتبوون.
هەروەها کاک موحەممەد داستان کادری دێرینی حدکا بە بۆنەی هەشتی مارسەوە شێعرێکی
خوێندەوەو هەروەها دادە شلێر نوری بە نوێنەرایەتی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان گوڵی
بەسەر ژنانی ئامادەبووی ئەو رێورەسمەدا پێشکەش کرد.
بڕگەی کۆتایی رێورەسمەکە شایی رەشبەڵەکی بەشداران بوو کە بە هاوکاری و ماندوو
بوونی کاک بەختیار پاڵانی تاکوو درەنگانی شەو درێژەی کێشا.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ئامریکا
No comments:
Post a Comment