Archive

Friday, March 29, 2013

کە لە تۆ دەنووسم

رەحیم رەشیدی

کە بۆ تۆ دەنووسم، دونیای زەینم ئاڵوگۆرێکی مەزنی تێدا چێ دەبێ. دەستم بەر هەرچی بکەوێ نەرمایی و تینی لێدەبارێ. چوار دەوورم دەبێتە گوڵ و بۆنی عەتری یادەکانت سەرتاپای وجوودم دادەگرێت. چوار سووچی ماڵەکەم دەبێتە چوار وەرزی ساڵ... کە لە تۆ دەنووسم، درگای وەرزێکی نوێ بۆ خوێندنەوەی دونیا دەکەوێتە سەر پشت.
کەسم، تۆ دەسپێکی هەموو جیاوازییەکانی دونیایت، ماسی سووری زەینم هەر دەم لە نێو دەریای دەستەکانت دا دێت و دەچێت، هەتاوی هەموو سپێدەیەکیت کە رووناکایی بە سەر هەموو مەڵبەندێک دا دەبەخشییەوە.نووسین، خوێندنەوەی پەیڤەکانت، ئەو مۆسیقایەی کە رژاندووتە هەناومەوە، بێ پسانەوە یادی تۆ لە هەموو وەرزاکان گرێ دەدات. کەسم تۆ باڵوێزی ئاشتی جیهانی، بۆ تێپەڕ بوون لە سنوورەکان پێویستیت بە هیچ ناسنامەیەک نیە.تۆ کۆتایی هەموو شەرو خوێن رێژییەکانی دونیایت، لەگەڵ سەربازو چەکدارەکانی مەیدانی شەڕ دەگەڕێیتەوە، لە رێگادا دەستەکانت هەنار دەگرێ بۆ ئەوەی بیدەیتە سەربازەکان تاکوو لەگەڵ کەس و کاریان بەشی بکەن و بەڵکوو تێپەڕ بوونی زەمان لە بیر بکەن...



کە لە تۆ دەنووسم، بیر لە دەستە نەرم و نیگا ئارامەکانت دەکەمەوە، خەیاڵی ترازاندنی دوگمەی کراسەکەم بە پەنچە شووشەیەکانت دەمخاتەوە جووڵەو تەکانی بێ کۆتایی، بە چەشنێک وەکوو دەریا هەر شەپۆلان دەدەم. هەر ئێستا کە لە تۆ دەنووسم، دەستێکم دەریایەو ئەوی تریان هەتاوی لێدەبارێ!، دونیا سارێژە لە شادمانی...لە هەر وەرزێکی ساڵ دا، لێو بە بزە یان چاو بە گریان بیت، ئەوە لە ئیمپراتوری ئەوینی من دا تۆ تەنیا شا ژنی و کەس بۆی نیە پاڵ بە تەختی شایەتیتەوە بدات.
کە لە تۆ دەنووسم، هەموو تابلۆکانی دونیا، سەرجەم ناوونیشانەکان بێ مانا دەبن، لەبەر ئەوەی دونیای ئەوینی من هیج سنوورێک ناناسێ و ڕوو لە هەر کوێیەک دەکەم تۆ لەوێی...بە ئاواتی دیداری سەر لە نوێی چاوەکانت.


No comments: