Archive

Tuesday, March 19, 2013

بەشداری چالاکانەی کوردەکان لە فێستیڤاڵێکی نەورۆزی دا لە واشینگتۆن‎



رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٧ی مارسی ٢٠١٣ی زایینی، لە دەڤەری واشینگتۆن فێستیڤالێکی مەزن بە بۆنەی نەورۆزەوە بەرێوە چوو کە بە هەزاران کەس لە خەڵکی سەر بە نەتەوە جیاجیاکانی دونیا بە گشتیی و ئێرانییەکان بە تایبەتی تێیدا بەشدار بوون.


ئەو ڤێستیڤالە، کاتژمێر ٨ی سەر لە بەیانی دەستی پێکرد کە هەر نەتەوەیەک بە ڕازاندنەوەی خێوەتی خۆی کە بریتی بوو لە پیشاندانی کولتوورو کەلەپووری ئەو نەتەوەیە، دەستی پێکرد

پاشان ریزبەندی بەرنامەکان لە کاتژمێر ١٠ دا لە لایەن شۆهرە عاسمی بەرێوەبەری ئەو ڤێستیڤاڵە خوێندرایەوە، هەروەها هەر نەتەوەیەک، بە نیشاندانی هەڵپەرکێ، سەماو وتنی گۆرانی و سەرگەرمی، بەش یان چەند بەش لە کولتووری خۆیان نیشان دا


 شیاوی گوتننە، کوردەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان، بە شێوەیەکی چالاکانەو یەکگرتوانە و بە هاوکاری و پشتیوانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری ئەو بۆنەیە بوون و سەرجەم رێکخراوە سیاسیی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە دەڤەری واشینگتۆن بە دەیان شتی کولتووری و کەلەپووری کوردەواریان نیشانداو لەسەر خێوەتی کوردستان بە بەرچاوی هەزاران کەس لە بەشدارانی ئەو بۆنەیەوە ئاڵای کوردستان دەشەکایەوەو بە سەدان کەس لە نەتەوە جۆربەجۆرەکانی دونیا سەردانی خێوەتی کوردەکانیان دەکردو لەگەڵ ناسنامەو تایبەتمەندییەکانی کوردو کوردستان ئاشنا دەبوون
دەکرێ بگوترێ کە شوێنی کوردەکان قەرەباڵغترین شوێنی ئەو فێستیڤاڵە بوو کە بەرێوەبەرانی ئەو چالاکییە لەگەڵ چەند راگەیاندنی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی سەبارەت بە کوردو کوردستان وتووێژو دیدارو چاوپێکەوتنیان پێکهێناو وڵامی پرسیارەکانیان دانەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، گروپی هەڵپەرکێی لاوانی کورد، بە نیشاندانی چەند جۆر شایی و رەشبەڵەکی سەرنجراکێش، سەرنجی زۆربەی هەرە زۆری بەشدارانی ئەو فێستێڤاڵەیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاو لەگەڵ پێشوازی و چەپڵەرێزانی گەرمی بەشداران دا رووبەروو بوونەوە.
ڤێستیڤاڵە لە نێو شادی و خۆشی بەشداران دا کاتژمێر ٦ی سەر لە ئیوارێ کۆتایی هات.
راپۆرت: رەحیم رەشیدی

No comments: