Archive

Tuesday, June 11, 2013

٢٣هەمین خولی کۆبوونەوەکانی شۆڕای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە ژنێڤ بەڕێوە چوو


رەحیم رەشیدی/ ژنێڤ، بنکەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان/ سێشەممە

رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١١ی جوونی ٢٠١٣ی زایینی، لە بنکەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە ژنێڤ، ٢٣ هەمین خولی کۆبوونەوەکانی شۆڕای مافی مرۆڤ بە بەشداری نوێنەری نەتەوەکانی ئێران لە ژێر ناوی "داهاتووی نەتەوەکانی ئێران پاش ئەحمەدی نیژاد" بەڕێوە چوو.
ئەو کۆبوونەوە، لە لایەن  "یوئێن پئی ئۆ"، واتە رێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان و بە پشتیوانی رێکخراوێکی ئیتالیایی بە ناوی "رێکخراوی رادیکاڵی دژبەری لەگەڵ توندوتیژی" پێکهاتبوو.
کۆبوونەوەکە کاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆ بە قسەکانی ئانتۆنیۆ ستانگۆ سەرۆکی رێکخراوی رادیکاڵی دژبەری لەگەڵ توندوتیژی دەستی پێکرد.
پاشان هیلێل نۆیەر سەرۆکی رێکخراوی "یوئێن واچ"، وتارێکی سەبارەت بە پشتیوانی کردن لە نەتەوەکانی ئێران پێشکەش و ناوبراو ئاماژەی بە ناتەبایی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ پێوانە نێونتەوەیەکان کرد. 
دواتر دوکتۆر کەریم عەبدیان، نوێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز و بونیادی پەروردەو ڕاهێنانی ئەهواز سەبارەت بە نادێموکراتیک بوونی هەڵبژاردنەکانی ئێران قسەی کردو وتی: "...هەڵبژاردن لە ئێران ئازاد نیە، سونی مەزهەب و ژنان ناتوانن ببنە سەرۆککۆمار. ئێمە بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا ناکەین چوونکە ئاڵوگۆرێک لە ژیان و گوزەرانی نەتەوەکانی ئێرانی دا پێکناهێنێت. هەر کەس ببێتە سەرۆککۆمار، رژیم ناتوانێ خۆی لە قەیرانە نێوخۆیی و نێونەتەوەییەکان دەرباز بکات...".
ئینجا عەبدوڵا حیجاب نوێنەری حدکا لە یوئێن پی ئۆ، وتارێکی پێشکەش کرد. حیجاب وتی: 
"...ئێران لە رێگای دژواری گۆڕان دایە، گۆڕانی سەرۆککۆمار لە ئێران هیچ ئاڵوگۆرێکی ئەوتۆ بە قازانجی ئازادی و دێموکراسی بە دوای خۆی دا ناهێنێ و سەرۆککۆمار تەنیا پەسەن بێژی خامنەییە. بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ پێویستە کە یاسای بنەرەتی ئێران بگوردرێ و دەستی سپاو هێزە چەکدارەکان لە دەسەڵاتی سیاسیی دابماڵدرێ. دەبێ فەرهەنگی سیاسیی ئێرانییەکان بۆ پێکەوە ژیانی دێموکراتیک لەو وڵاتەدا، لە بناخەوە ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ".
دواتر، بابان ئەلیاسی نوێنەری حدکا لە سوئیس قسەی کرد. ئەلیاسی گوتی: "...
هەڵبژاردن لە ئێران دێموکراتیک نیەو یاسای هەڵبژاردن بە تەواوەتی لەگەڵ یاساو پێوانە نێونەتەوەییەکان جیاوازی و دژبەری هەیە. ئێمە لەو هەڵبژاردنانەدا بەشداری ناکەین، چوونکە پێمان وایە هیچ ئاڵوگۆڕێکی بە قازانجی نەتەوە بن دەستەکانی ئەو وڵاتە بە دواوە نابێ...".
پاشان، تەیموور ئەلیاسی نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران/ ژنێڤ وتارێکی پێشکەش کرد. ئەلیاسی لە وتارەکەی دا ئاماژەی کرد کە: "...ئێران بۆ بە چۆکداهێنانی نەتەوەکانی بن دەست لەو وڵاتە لە سێدارەو بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان کەڵک وەردەگرێت. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوەیی لە دەورانی شادا هەموو ئەوانەی گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکان بوون لە ئێران، شێعە یان تورک بوون. بەڵام ئەمرۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر ٥ بنەماڵە یەکیان کەسێکی تێدایە کە گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکان بێ و دەوڵەتی ناوەندی لە ئێران دژی کورد سیاسەتی ژنوسایدی سپی بەرێوە دەبا...".
هەروەها، مارینا نەمەت، نووسەری پەڕتووکی "بەندیخانەی تاران و پاش تاران" دوا. مارینا مەسیحییەکی ئێرانییەو لە نێوان ساڵەکانی ٦٠ تاکوو ٦٢ لە بەندیخانەی ئەوینی تاران بوەو ئەو کات تەنیا ١٦ ساڵ تەمەنی بوە. ئەو هەنووکە دانیشتووی کانادایەو بیرەوەرییەکانی بەندیخانەی گێڕایەوە کە چ جەزرەبەیەکی دیوە...".
دوایین کەس دوکتۆر حاجی موحەممەد کورد، نوێنەری رێکخراوی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی تورکەمەنستانی ئێران قسەی کردو ئاماژەی بەوە کرد کە: "...سیاسەتی هەڵاواردن و پێشێل کردنی مافی مرۆڤی تورکەمەنەکانی ئێران لە لای کۆماری ئیسلامییەوە درێژەی هەیە...".
ئەو وتی کە خوازیاری خوێندن و نووسین بە زمانی زگماگی خۆیانن...
سوئیس/ شاری ژنێڤ


















No comments: