Archive

Thursday, June 20, 2013

باوکم پێی وتوم هەرگیز ڕای خۆت لەسەر کورد مەڵێ!

رەحیم رەشیدی/ ئیستانبوڵ، تورکیە
رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٩ی جوونی ٢٠١٣، لە واشینگتۆنەوە بەرەو ئیستانبوڵ وەرێکەوتم. دواین جار مانگی مارسی ٢٠١٠، لە پاریسەوە بۆ ئیستانبوڵ سەفەرم کردو پتر لە حەوتوویەک مامەوە...
بە رێکەوت، لە نێو فرۆکە لەگەڵ کچە خوێندکارێکی ئیستانبوڵی کە لە واشینگتۆن دەخوێنێ، لەسەر سەندەڵییەکانی ژومارە ٦و ٧ دانیشتووین و سەبارەت بە رێپێوان و نارەزایەتی جەماوەری ئەم دوایانەی تورکیە کە لە ئیستانبوڵەوەو بە هۆی هەوڵدانی دەوڵەت بۆ تێکدانی "دارسانی تەقسیم"و کردنی بە کارگەو شوێنی پیشەسازی سەری هەڵدا، بیروڕا دەگۆڕینەوە. کچەکە کردەوەکانی دەوڵەت مەحکووم دەکات و وەکوو هەموو ئەو کەسانەی کە رۆژی دووشەممە دیتوومن و قسەم لەگەڵ کردوون، دژکردەوەی پۆلیس لە هەمبەر نارازییەکان بە خراپ دەزانن و پێیان وایە کە کاردانەوەی دەوڵەت لە ئاست خۆنیشاندەران زێدەرۆیانەو نادادپەروەرانە بوە.

کاتێک لەو کچە خوێندکارە تورکەم پرسی کە ڕای سەبارەت بە سەرکوتی کوردەکان لە لایەن دەوڵەتەوە چییەو چۆن کوشتنی ژن و منداڵی کورد بە بێ تاوان چاو لێدەکات، یەکسەر پێی وتم "ببوورە لەو بارەوە هیج قسەم نییەو لە منداڵییەوە باوکم فێری کردووم کە هیچ کاتێک سەبارەت بە کێشەی کورد لە تورکیەدا ڕای خۆم دەرنەبڕم...".
سەیر ئەوەیە کاتێک دێینە سەر مەسەلەی کوردو ئەوەی لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا دژی کورد لەو وڵاتە کراوە، سەرجەم ئەو کەسانەی لە تەمەن و پلەی جۆراوجۆردا، بیروڕایانم وەرگرتوە، پێیان وایە رێپێوانی تورکەکان و کوردەکان جیاوازەوەو بە پانەوە دەڵێن ئەوەی لە هەمبەر کوردان کراوە ڕەوایەو تەنانەت هەیانە پێم دەڵێ کە لە شارەکانی دیاربەکرو وان و ماردین...هتد، کێشەی تیرۆر هەیە...

ئەم شڵەژانەم هیج لە جوانی و دڵگیری شاری ئیستانبوڵی کەم نەکردۆتەوە، کەم و زۆر ژیانی نێو شار ئاسایی و ئارامە. سەدان گەڕیدەی وڵاتانی جۆراوجۆر لێرەن و کەیف دەکەن. بە باوەڕی من ئیستابوڵ بۆ تورک، کوردو خەڵکی بیانی لە هیچ کوێیەکی تورکیە ناچێ.
لێرە، بۆنی دەریاو مۆسیقا وەکوو هەمیشە مرۆڤ سەرمەست دەکات و تووڕەیی و هەڵچوونی لاوەکان و توندوتیژی ئەم رۆژانەی دەوڵەت لە بەرانبەریان دا، رووخساری شاری لێڵ نەکردوە...
بیری قسەکەی مام جەلال کەوتومەوە کە وتبووی حەز دەکات لە ئیستانبوڵ بژی و تەنانەت ئەو شارەی وەکوو خۆشترین شوێنی دونیا وەسف کردبوو.
هەڵبەت مانگی ئۆکتۆبری پار، بەهمەن قوبادی لە هەولێر پێی وتم کە ماڵێکی لە ئیستانبوڵ ڕوو بە دەریا بە کرێ گرتوەو بە هەموو دونیای ناگۆرێتەوە...
رەنگە هێندێکیش ئەم شارەیان لەبەر لامیا، کەنعان بەیی، "حەریمی سولتان" و خوڕەم سوڵتان خۆش بوێ...

No comments: