Archive

Thursday, December 12, 2013

وەزیری دەرەوە، بۆ ڕوونکردنەوەی لایەنەکانی وتووێژ لەگەڵ ئێران، بانگ کرایە کۆنگرێسی ئەمریکا



تایبەت بە باسنیوز/ رەحیم رەشیدی
رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٠ی دێسامبری ٢٠١٣ی زایینی، کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، بە ئامانجی بەرچاوو روونی بۆ یاسادانەرانی وڵات و تیشک خستنە سەر پرسی دیالۆگ بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی ناوکی ئێران، جان کێری وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکای بانگهێشتی کۆنگریس کردو بۆ ماوەی چەند کاتژمێر خرایە ژێر رێژنەبارانی پرسیار قورس و باڵکێش سەبارەت بە بابەتی ئاماژە بۆ کراو. کۆبوونەوەکە لە لایەن، ئەد رۆیس کە سەر بە حیزبی کۆمارییەو سەرۆکایەتی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرە دەکات بەرێوەچوو. ناوبراو باوەڕی وایە کە پێشتریش کۆماری ئیسلامی ئێران کۆمەڵگای نێونەتەوەیی سەبارەت بە مەسەلەی ناوکی وڵاتەکەی فریوداوە. رۆیس باسی ئەوەی کرد کە ئەوان ناتوانن سەبارەت بە کێشەی پیتاندنی ئورانیۆم باوەڕ بە ئێران بکەن. ئەو لە درێژەی قسەکانی دا باسی ئەوەی کرد کە تاقیکردنەوەکانی تاران لە بواری چەکی ناوکی دا، هیچ کاتێک بە تەواوەتی پشت راست نەکراوەتەوە. لە بەرانبەر ئەم قسانەی سەرۆکی کۆمیتەی دەرەوەی کۆنگرێس دا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێداگری لەسەر رێکەوتن لەگەڵ ئێران کرد و ڕایگەیاند ئەو رێکەوتنە بۆ ئاسایشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بە تایبەتی ئیسرائیل زۆر گرینگ و پێویستە. جان کێری هەروەها درێژەی دایەو گوتی کە جێبەجێ کردنی رێکەوتنامەکەیان لەگەڵ ئێران، بەرنامەی ناوکی ئەو وڵاتە پەک دەخات و بە قسەی ئەویش ئەوە یەکەمین جارە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا وەها بابەتێک دێتە ئاراوەو پرۆسەی ئەتۆمی ئێران دەوەستێندرێت. کێری داوای کە ئەندامانی کۆنگرە و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کرد کە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو رێکەوتن نامەیە لەگەڵ ئێران، لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا هیچ چەشنە گەمارۆیەک بەسەر ئێران دا نەسەپێنن. ناوبراو بە ڕوونی ئەوەی باس کرد کە پەسەند کردنی بڕیار بۆ گەمارۆی نوێ دژی کۆماری ئیسلامی، رەوتی وتووێژەکان پەک دەخات و دەرفەتی چارسەر کردنی ئەو قەیرانە لە رێگای دانوستاندەوە لە نێو دەبات. لە لایەکی دیکەوە، جان مەکین سەناتۆری بە ناوبانگی کۆماریخواز، کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانە، لە هەمبەر ئەم باسە بە رۆژنامەوانانی وت کە سەنای ئەمریکا کۆمەڵێک بەرنامەی بۆ پەسەند کردنی یاسا بۆ توندتر کردنی گەمارۆکان لە بەر دەست دا هەیە. لە لایەکی دیکەوە، سەنێت لە بەیاننامەیەک دا کە لە لایەن تیم جانسۆن سەرۆکی کۆمیتەی بانکی سەنا و ئەندامی دێموکراتەکان، خوێندرایەوە، ئەوەی درکاند کە سەرۆک ئۆباما و جان کێری بەڵگەی بەهێزیان پێ بوە لە بارەی گرینگی وتووێژ لەگەڵ ئێران بۆ چارەسەری گرێ کوێرەی بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە، هەر بۆیە سەنا چڕ کردنەوەی گەمارۆکان ڕادەگرێ و چاوەڕوانی ئاکامەکانی ئەو گفتۆگۆیە دەکات. شیاوی باسە، پاش چەند خولی دانیشتن و وتووێژ لە نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج زێدە یەک، رێکەوتی ٢٤ی نوامبری ٢٠١٣، رێکەوتنێک لە نێوان دوو لایەن دا هاتە ئاراوە کە ئێران چالاکییە ئەتۆمیەکانی خۆی کەم کاتەوەو لە بەرانبەردا رۆژئاوا گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە سووک بکات. پاش هاتنە ئارای رەوتی دیالۆگ لە نێوان تاران و رۆژئاوا، ئەوە یەکەمین جارە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ وڵامدانەوە بە پرسیاری ئەندامانی کۆنگرێس سەبارەت بە قەیرانی چەکی ئەتۆمی ئێران بانگی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکرێ.

No comments: