Archive

Tuesday, August 25, 2020

ترەمپ بووە کاندیدی فەرمیی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا


ره‌حیم ره‌شیدی\ واشنگتن

شه‌وی دووشه‌ممه‌، رێكه‌وتی24ی مانگی 8، كۆنگره‌ی كۆمارییه‌كان له‌ ناوه‌ندی شاری شارلۆت، له‌ ویلایەتی نۆرت کارۆلاینا، به‌ فه‌رمیی ده‌ستی پێكردو ماوه‌ی 4 رۆژ ده‌خایه‌نێت.
له‌ ده‌سپێكی كاری كۆنگره‌كه‌دا, کۆماریـیەکانیان، به‌ فه‌رمیی سەرۆک تره‌مپ و جێگره‌كه‌ی مایک پـێنسیان بۆ هەڵبژارددنی سه‌رۆكایه‌تی 2020 پاڵاوته‌وه‌.
دواتر تره‌مپ له‌ نێو چه‌پڵه‌رێزان و پێشوازی گه‌رمی هاوحیزبییه‌كانی دا ده‌ركه‌وت و وتارێكی پێشكه‌ش كرد.
تره‌مپ داوای له‌ لایه‌نگره‌كانی كرد كه‌ وریا بن و رێگا له‌ فرتوفێڵ لە هەڵبژاردنەکان دا بگرن، كه‌ به‌ وته‌ی ئه‌و گرینگترین هه‌ڵبژرادنی مێژووی ئه‌مریكایه‌. تره‌مپ وتی: "دێموکراتەکان تەنیا بە ساختەکاری دەتوانن ئەم هەڵبژاردنە ببنەوە."
تره‌مپ له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا رایگه‌یاند: "له‌ ماوه‌ی 4 ساڵی داهاتوودا، ڕێژەی بێکاری زۆر کەم ده‌كه‌مه‌وه‌و ئابوری وڵاتەکە زۆر باشتر ده‌كه‌ین، رێگاش ناده‌ین ئه‌مریكا هه‌رگیز ببێته‌‌ وڵاتێکی سۆسیالیستی."
تره‌مپ باسی له‌ دیداری خۆی و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردو له‌م به‌سته‌نه‌دا وتی: "هەفتەی ڕابردوو کە مسته‌فا كازمی لێرە بوو، سه‌باره‌ت به‌ تێكشكاندنی داعش سپاسی كردم. من لێمپرسی تۆ مەبەستت منە یان ئه‌مریكا، ئه‌و گوتی باسی تۆ دەکەم، چونکە کاتێک هاتیتە سەر دەسەڵات ئالۆزی و په‌شێوی هه‌بوو، داعش لە سه‌رجه‌م عێراق و سوریا بوون، تۆ تێكتشكاندن. منیش گوتم باشە تکایە ئەمە بە میدیاکان بڵێ. دەتوانیت ئەوە بکەیت؟ ئەویش وتی دەیڵێم، ئیدی با ببینین دەیڵێت؟."
تره‌مپ له‌ درێژه‌ی قسه‌كانی دا له‌ ناوبردنی خەلافەتەکەی داعش و کوشتنی ئەبو بەکر بەغدادی خه‌لیفه‌ی رێكخراوه‌كه، هەروەها کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی، له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، به‌ ده‌ست كه‌وت بۆ خۆی له‌ شه‌ری تیرۆردا ئه‌ژمار كرد.
ڕێكه‌وتی 17ی مانگ، كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی دێموكراته‌كان، بە ڕێگای ئۆنڵاین و بۆ ماوه‌ی 4 رۆژ به‌رده‌وام بوو كه‌ تێیدا به‌ فه‌رمیی جۆ بایدن بوە بەربژێری حیزبی دێموكرات و کامڵا هاریس بۆ جێگری بایدن هه‌ڵبژێردرا.
بڕیاره‌ رۆژی 3ی مانگی 11، هه‌ڵبژرادنی سه‌رۆكایه‌تی 2020ی ئه‌مریكا به‌رێوه‌بچێ.

No comments: