Archive

Tuesday, January 25, 2022

دیدارێك لەگەڵ كاك مەلا مستەفا بارزانی



زۆر خۆشحاڵ بووم، جارێکی دیکە پاش دابڕانێکی دوو ساڵە، بە هۆی ڤایرۆسی کرۆناوە، لەگەڵ برای هێژاو قەدرگرانم کاک حیکمەت بامەڕنی، لە نزیکەوە بە دیداری براو دۆستی هەرە خۆشەویستم جەنابی مەلا مستەفا بارزانی شاد بوومەوە.
لە ئێوارەخوانێکی خۆمانەدا، وێرای قسەو باس لەسەر کوردو کوردستان و گرێچنی ئاڵوگۆرەکانی داهاتوو لە ناوچەکەدا، جەنابی مەلا مستەفا، وەکوو بەرپرسی کاروباری دەڤەری بارزان، باسی بەشێک لە پرۆژەو بەرنامەکانی لەو ناوچەیە کرد... ئەوەی بە لای منەوە جێگای خۆشحاڵی بوو ئەوە بوو بەرێزیان جیا لە هەوڵدان بۆ گەشەی کولتووری شارستانی و پێشکەوتووی بارزان، لە پێوەندی لەگەڵ ژینەگەپارێزی و ئاژەڵ دۆستییدا، کە دیرۆکێکی کۆنی هەیە، هاوکات بە وردی و بە شێوەیەکی زانستیانە، بە نەفەسی پێشمەرگانە سەرقاڵی ئاوەدانکردنەوەو بونیادنانی پرۆژەی درێژخایەنە، بەرهەمی ئەو هەنگاوانەش جیا لە پێشخستنی هەنوووکەیی دەڤەرەکە، هاوکات نەوەکانی داهاتووش لە خێرو بیری ئەو کارو بەرنامانە سوودمەند دەبن.
ئەوەی زۆرتر لە نێوئاخنی قسەکانی کاک مەلا مستەفادا تێبینیم کرد بریتی بوو لەوەی ناوبراو هیوادار بە پشتیوانی خودا، بە مێشکێکی رۆژئاوایی تەیار بە زانست، هەروەها بە دڵێکی کوردستانی پڕ لە ئەوین و خۆشەویستی خاک و خەڵک، کارو بەرنامەکانی بەوپەڕی دڵسۆزی و بە کەڵک وەرگرتن لە هێزو بیری کادری کوردستانی دەباتە پێش و تاکوو ئەو جێگای بۆی بکرێ و دەرفەت هەبێ بۆ سەرخستنی پرۆژەکانی پشت بە توانا، زانست و هزری خۆماڵی دەبەستێ...
لە دڵەوە هیوای سەرکەوتن بۆ کاک مەلا مستەفا دەخوازم، ئاواتمە کوردستان هەردەم بەهێزو سەقامگیر بێ و رۆڵەکانی گشت کاتێک بە دڵەوە بۆ شکۆو ئاوەدانی تێبکۆشن!

No comments: