Archive

Sunday, March 13, 2022

واشنگتن: کاردانەوە فەرمیی و مێدیاییەکانی هێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێرو کوردستان24




دوای ئەوەی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، هەولێرو دامەزراوەی کوردستان ٢٤ بە چەند مووشەکێک کرایە ئامانج، هەواڵدەری فۆکس نیوز لە زمان کاربەدەستێکی فەرمیی ئەمریکاوە ئاشکرای کردو، مووشەکەکان لە لایەن ئێرانەوە بەرەو کونسولخانەی ئەمریکا لە هەولێر هاوێژراون بەڵام هیچکامیان ئامانجیان نەپێکاوە.
ماڵپەری نیویۆرک پۆستی ئەمریکا، ڤیدیۆیەکی تویتەری کوردستان24ی داناوەو ئاماژە بە وەشانی راستەوخۆی ستۆدیۆی کوردستان24 دەدات کە بەهۆی بۆردومانەکەوە زیانی پێگەیشتووە.
کاربەدەستانی ئەمەریکا، لە وەزارەتی دەرەوە بە مەرجێک ناویان ئاشکرا نەکرێت بە هەواڵادەرییەکانی ڕۆیتەرزو ئاسۆشیتەدپرێسیان ڕاگەیاندوە ئەو هێرشانە هیچ زیانێکیان بە هێزەکانی ئەمەریکا نەگەیاندووە. بەڵام نەیانشاردۆتەوە کە موشەکە بالستیکەکان لە ئێرانەوە هاویژراون.
هەروەها هواڵدەری ''ئەی بی سی'' لە زمان کاربەدەستێکی فەرمیی ئەمریکاوە ئاشکرای کردوە کە موشەکەکان لە لایەن ئێرانەوە هاویژراون. هاوکات بڵاوکراوەی ''واڵ ستریت ژونراڵ'' بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی فەرمیی ئەمریکا باسی لەوە کردوە یەکێک لەو دوو مووشەکانە، لە دوو کیلۆمیتری ناوچەی کونسولگەری ئەمریکا لە هەولێر دراوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش وێرای سەرکۆنە کردنی هێرشەکە، رایگەیاندوە: "حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیان بە لێکۆڵینەوەکانیان کردووە".
سەناتۆری کۆماری ولایەتی فلۆریدا مارکۆ روبیۆ بەربژێری سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ٢٠١٦دا، لە تویتێکدا نووسیویەتی: ''ئامانجی ئەوان ئەویە کە کشانەوەی تەواوی هێزە سەربارزی و دیپلۆماتەکانی ئەمریکا لە عێراق خێراتر بکەن، ئەمن چاوەرێ دەبم تاکوو بزانم ئایا هێرشی سەر هەولێر راستەوخۆ بوە. چوونکە ئێرانییەکان و تاقمەکانی سەر بەوان زۆر جار هێرشی هاوشێوەیان دژی ئێمە بەکار هێناوە...''
هەروەها لە کاردانەوەیەکی دیکەدا، لیزا مەکلین نوێنەری کۆماری ولایەتی میشیگان لە کۆنگرێس، توویتێکی چرکاندوەو دەڵێ: ''هەواڵێم پێگەیشت کە هێزەکانی سەربە ئێران هێرشی موشەکیان کردۆتە سەر کونسولگەری ئەمریکا لە هەولێر. ئەم هێرشانە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە دەبێ دەمودەست وتووێژی ناوکی لەگەڵ ئێران راگیرن و هەروەها هیچکاتێک نەوتیان لێنەکڕین''.
لە پاڵ ئەمانەدا، ئالەن لوریا نوێنەری دێموکراتی ولایەتی ڤیرجینیا، لە پەیامێکدا دەنووسێ: ''ئەگەر بێتوو هێرشی مووشەکی بۆسەر کونسلگەری ئەمریکا لە هەولێر راست بێ، ئەوە دەبێ بەرێوەبەرایەتی بایدەن دەمودەست، وتووێژی ناوکی لەگەڵ ئێران کۆتایی پێبێنێت. ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ وتووێژێکی ناوکی شکستخواردوو تاکوو پتر ئێران بەهێز بکەین و بەم جۆرە ئاسایشی جیهانی بخەینە مەترسییەوە''.
هاوکات جەیسۆن برادەسکی سەرۆکی سیاسەتدارێژی رێکخراوی، ''یەکریزی دژی ئێرانی ئەتۆمی''، لە زنجیرە توویێتێکدا دەڵێ: ''رێکەوتی ئەم مووشەکبارانە هاوکاتە لەگەڵ ساڵرۆژی لەدایک بوونی قاسم سولەیمانی، هەر بۆیە دەبێ ساتوکاتی هاویشتنی ئەو موشەکانە لەبەرچاو بگیرێن. هێرشی تۆڵەئەستینی سەر سەربازگەی ''عەین ئەسەد'' وکوو کاردانەوە دژی کوژرانی قاسم سولەیمانی، هەر لەم کاتژمێرەداو بە کەڵک وەرگرتن لەو جۆرە مووشەکانەی ''فاتەحی ١١٠'' بوو.

No comments: