Archive

Thursday, March 3, 2022

ئەنجومەنی شارەداری واشنتن جه‌ژنی نەورۆز بە فەرمی ده‌ناسێنێت



رەحیم رەشیدی\ کوردستان ٢٤، واشنگتن


ئەنجوومەنی شارەوانی واشنگتنی پێتەخت، ئێوارێی رۆژی سێشەممە، رێکەوتی ١ی مارس، رەشنووسێکی پێشنیارکراوی پەسەند کرد کە تێیدا داوا کرابوو چێژنی نەورۆز وەکوو رووداوێکی ''کولتووری و مێژوویی'' بە فەرمیی بناسرێ.

بە گوێرەی راگەیەندراوی ئەنجوومەنی شارەوانی پێتەخت، رەشنووسەکە بە زۆرینەی دەنگی ئەنجوون پەسەند کراوە. هەروەها لە بڕیارنامەی پەسەند کراوی ئەنجوومەنەکەدا، پێشینەی مێژووی نەورۆزو زانیاری دەربارەی تایبەتمەندییەکانی نەورۆز  وەکوو دەسپێکی بەهارو  ساڵی نوێ ئاماژەی پێکراوە. 

لە بەشێکی دیکەی بریارنامەکەدا هاتوە: ''چێژنی مێژوویی نەورۆز، پێشینەیەکی ٣ هەزار ساڵەی هەیە، وەکوو رێکخراوی نەتەوەتەکگرتوەکان پشتراستی کردۆتەوە، پتر لە ٣٠٠ میلیۆن کەس لە جیهاندا ساڵانە ئەم چێژنە پیرۆز دەکەن''.

ئەنجوومەنی شارەداری شاری واشنگتن، لە بەشێکی دیکەی بڕیارنامەکەدا وتویەتی: ''خەڵک بە پێشینەی کولتووری، رەگەزی و ئایینی جیاواز کە هەیانە، نەورۆز چێژن دەگرن. لەو نێوەدا، کریستانەکان، موسڵمانان، جوو، بەهایی، زەرتەشتی و  هەروەها دیندارو بێ دین، چێژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن''.

ئەنجوومەنەکە لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەیدا نووسیویەتی: ''نەورۆز لە لایەن رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە، وەکوو میراتێکی کولتووری مرۆڤایەتی بە فەرمیی دەناسرێ کە لە لایەن خەڵکێکی زۆر لە جیهاندا رێز لەم سامانە کولتورری و کەلەپوورییە دەگیردرێ''.

بە پەسەند کردنی ئەم بڕیارنامەیە، ئەنجوومەنی شارەداری شاری واشنگتن، وێرای بە فەرمیی ناسینی نەورۆز وەکوو چێژنێکی دیرۆکی، هاوکات لەمەوپاش لە رۆژژمێری فەرمیی شاردا، دەیگونجێنێ.

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ساڵی ٢٠١٠ بە پەسەند کردنی بڕیارنامەیەک، چێژنی نەورۆزی وەکوو چێژنێکی نێونەتەوەیی بە فەرمیی ناسی.

چێژنی نەورۆز لە کوردستان دەستپەکی ساڵی نوێ و بوژانەوەی سروشت و هاتنی بەهارو زاڵ بوونی روناکی بەسەر تاریکیدایە. هەروەها نەورۆز هێمای خەبات و کۆڵنەدان بۆ ئازادی و سەربەستییە. کوردستانیان لە دەرەوەی وڵاتیش بە شایی و گۆڤەند و رێخستنی کۆڕو کۆمەڵ و سەیران، رۆحی ئەم جێژنەیان بە زیندوویی و پیرۆزی ڕاگرتوە.

No comments: