Archive

Thursday, March 3, 2022

بایدن: مێژوو دەنووسێت کە پووتن رووسیای لاواز کرد



وەکوو نەریتی ساڵانە، کاتژمێر ٩ی شەوی سێشەممە، ١ی مارس، سەرۆک بایدەن وتاری ساڵانەی خۆی لە نێو ئەندامانی کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانی هەر دوو حیزبی کۆماری و دێموکرات لە کۆنگرێس پێشکەش کرد. هاوکات باڵوێزی ئۆکراینا لە ئەمریکا ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو.
سەرۆک قسەکانی بە ستایش و پێزانیین بۆ خەبات و خۆراگری خەڵکی ئۆکراین دەست پێکردو لەم بەستێنەدا وتی: ''ئێمە بە درێژایی مێژوو ئەو وانەیە فێر بووین، کاتێک ملهورەکان باجی دەسدرێژیەکانیان نادەن، دەبنە هۆکاری بێسەروبەری پتر. ئەوان درێژە بە کردەوەکانیان دەدەن و بەم جۆرە مەترسی و تێچووی ئەو هەرەشانەش لەسەر ئەمریکاو جیهان پتر دەبێ''.
سەرۆک لە درێژەدا وتی: رێکخراوی ناتۆ، پاش شەری دووهەمی جیهانی و بۆ سەقامگیری و ئاشتی لە ئورووپا پاش شەری دووهەمی جیهانی هاتۆتە ئاراوە کە ئەمریکا وێرای ٢٩ وڵاتی دیکە تێیدا ئەندامن''.
سەرۆک لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا هێرشی کردە سەرۆ ڤلادەمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیاو بەوەی تاوانبار کرد کە ناوبراو پێی وابوە بە هەڵگیرسانی ئەو شەرە لە دژی ئۆکراینا دەتوانی یەکریزی خەڵکی ئەمریکا تێکبدات و ناتۆو ئەمریکا ناتوانن لە بەرانبەریدا بوەستن.
سەرۆک لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە پوتین لە لێکدانەوەکانیدا بەهەڵەدا چوەو ئەمرۆ ئەمریکاو هاوبەشە ئورووپاییەکانی یەکریزن و پێکەوە کار دەکەن تاکوو بەربەست لەبەردەمیدا ساز بکەن. سەرۆک رایگەیاند اەمرۆ جیهان پوتین بە تاوانباری دۆخی ئۆکراینا دەزانێ.
بایدەن وێرای پێداگری لەسەر پشتیوانی کردنی گەلی ئۆکراینا، بەڵام دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا لە قەیرانی ئۆکراینادا دەستێوەردانی چەکداری ناکات.
بەشی دووهەمی وتاری سەرۆک ئاوردانەوە بۆسەر بەرنامەو سیاسەتە نێوخۆییەکانی بوو.
لەم بەستەنەدا، بایدەن پەرژایە سەر ئەوەی کە دەبێ بەرهەمهێنان لە ئەمریکا پەرە پێبدەرێ و داوای کرد خەڵک پتر شتومەکی ئەمریکایی بکرن. هاوکات بۆ داشکانی ئاوسانی ئابووری باسی لەهەوڵدان بۆ بوژانەوەی بازارو رەخساندنی هەلی کار کردو داوای کرد دەسمایەدارانی ئەمریکایی سەرمایەکانیان لە نێوخۆی ئەمریکا وەگڕ بخەن.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا بایدەن، باسی لە کاریگەرییەکانی کۆرۆناو کردو لەم پێوەندیەدا وێرای ئاماژەدان بە بردنەسەرێی رێژەی مووچەو حەقدەست، موژدەی خزمەتگوزاری باشتر بۆ نەخۆش و بەساڵاچوان و رووبەروو بوونەوەی نەخۆشییە درێژخایەن و کوشەندەکانیدا کرد.
لە بەرانبەردا، وەکوو باوە، کیم رینولدەز ، فەرمانداری ولایەتی ئایووا، لە پلەی نوێنەری کۆمارییەکان، رەخنەی لە قسەکانی سەرۆک گرت. نوێنەری کۆمارییەکانی جەوهەری وڵامەکەی بۆ وتاری سەرۆک لەسەر ئەوە چڕ کردبوەو کە ئەمریکا لە ئاستی جیهانی دا لاواز
بوەو کشانەوەی سپای ئەمریکای لە ئەفغانستان بە هەڵەیەکی ئەوتۆ ناوبرد کە دوژمنانی ئەمریکای بێچاوورووتر کردوە.
هاوکات بە جیدیش پەرژایە سەر دۆخی خراپی ئابووری ئەمریکاو لەم بەستێنەدا ئاماژەی بە رێژەی هەڵکشانی بێکاری و ئاوسانی ئابووری کردو دژی سیاسەتی بایدەن لە بواری کۆچبەریشدا وەستایەوە.

No comments: