Archive

Tuesday, August 16, 2022

لە ئەمریکا جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ بەشکۆوە بەڕێوە چوو



رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە "ئامریکا"، بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٧ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی لە ویلایەتی "ڤێرجینیا" بەڕێوە برد کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە کوردستانیانی هەر چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشدار بوون.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان "جەماڵ عەبدوڵڵازادە'' وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان ڕیزبەندی بەرنامەکەی خوێندەوە.

دواتر داوا لە "ڕەحیم ڕەشیدی" بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە "ئامریکا" کرا بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژەوە وتاری حیزبی دێموکرات پێشکەش بکات.

بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب دەربارەی گرینگی و بایەخی مێژوویی دامەزرانی حیزبی دێموکرات قسەی کرد و لەمبارەوە ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکرات سەرمایەی مەعنەوی خەڵکی کوردستانە و دەبێ هەمووان لە بەهێزکردنی ئەو حیزبەدا ڕۆڵ بگێڕن.

هەروەها باسی لەوەش کرد کە حیزبی دێموکرات لە دامەزرانیەوە تاکوو ئێستاش بەهۆی سیاسەتی دروست و خەڵک پەسەند و پشتیوانیی میلیۆنی خەڵکی کوردستان لە سیاسەتەکانی حیزب، هەروەها وەکوو هێزی یەکەمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەتەوە.

"ڕەشیدی" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پەرژایە سەر دۆخی خراپی ڕێژیمی ئێران و باسی لە پەراوێزکەوتنی ڕێژیم و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی خەڵک و داڕمانی ئابووریی کۆماری ئیسلامی کرد کە کۆی ئەمانە بەرهەمی سیاسەتی چەوت و پەرەدان بە تیرۆریزمە و هەروەها ئێستا لە هەموو کات ئەگەری تەقینەوەی جەماوەری لە کۆی ئێران لە ئارادایە.

ناوبراو لە درێژەدا بۆ وڵامدانەوە بەو هەلومەرجە و خۆ تەیارکردن بۆ ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوو، مزگێنی تێکەڵبوونەوەی حیزبی دێموکراتی بە ئامادەبووان دا و لەمبارەوە ئاشکرای کرد کە فێڵ و تەڵەکەی "تاران" شکستی هێناوە و یەکڕیزیی حیزبی دێموکرات گەڕانەوەی بۆ نییە.

"ڕەحیم ڕەشیدی"، لە نێوەڕۆکی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ئەم یەکڕیزییە چەپکەگوڵێکی ڕازاوەیە و پێشکەش بە بنەماڵەی شەهیدان، کەم ئەندامانی سەنگەر، پێشمەرگەکانی شار و شاخ و گیراوە سیاسییەکان و رێکخستنەکانی نێوخۆی وڵات دەکرێ.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە یەکگرتنەوە گرینگە بەڵام لەوە گرینگتر هەلومەرجی پاش یەکگرتنەوەیە و دەبێ ئەزموون لە ١٦ ساڵ دابڕان و ناکۆکی وەرگرین و هیچکات رێگا نەدەین دوژمن لە کەلێن و درزی نێوانمان بە قازانجی خۆی کەڵک وەرگرێ و دەبێ ئەرکمان بکەینە دوژمن شکاندن نەک یەکتر شکاندن.

"ڕەشیدی" لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە لە ڕەوتی یەکڕیزیدا هەمووان براوەین و چی لەوە سەرکەوتووتر کە دوژمنمان هیوابڕاو و دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دۆستەکانمان شاد کردووە.

بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی "ئەمریکا"ی حیزب لە کۆتاییدا سپاسی و پیرۆزبایی لە حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی دۆستی کرد کە لەم ڕەوتەدا هاوکار و پاڵپشتی دێموکرات بوون.

هەروەها داوای لە ئەندامانی حیزب کرد وەکوو ئەرکێکی سیاسیی و شۆڕشگێڕی گیانی تەبایی و یەکڕیزی لە ڕیزەکانی حیزبدا پەرە پێ بدەن و هەموو هێز و توانای خۆیان بۆ خەبات دژی کۆماری ئیسلامی تەرخان بکەن.

 

لەو ڕێوڕەسمەدا ''مەحبووبە حوسێنی، خالید خورینجی و محەممەد داستان"، بە خوێندنەوەی شێعرو هۆنراوە بەشداری بەرنامەکەیان کرد.

بۆ ئەم ڕێوڕەسمە چەندین پەیامی پیرۆزبایی نێردرابوون کە بریتین لە:

-  پەیامی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

-  ناوەندی ئامریکای یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

-  لقی حەوتی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئامریکا و کانادا

-  کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

-  کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە باکووری ئامریکا

-  کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ

 - کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ئامریکا و کانادا

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.

No comments: