Archive

Saturday, August 20, 2022

گیرانی هەتاهەتایی بۆ گیراوێکی داعش

رەحیم رەشیدی

رۆژی هەینی دادگایەکی شاری ئەلێکزاندەریا لە ویلایەتی ڤیرجینیا، سزای بەند کردنی تاهەتایی بۆ ئەندامێکی تیمی "بیتڵزی داعش"، بە هۆی تێوەگلان لە پیلانی بارمتەگرتن، ڕفاندن و کوشتنی رۆژنامەوانان کارمەندانی فریاگوزاری مرۆیی ئەمریکایی لە سوریا، پەسەند کرد.

ماڵبادو هاوڕێکانی ئەو 4 ئەمریکاییەی کوژراون، لە کاتی راگەیاندنی بڕیارەکەی دادگا، لە لایەن دادوەری دادگای ناوچەیی ''T.S. Ellis''، ئامادە بوون. دادوەرەکە کردەوەکانی تاوانبار ''ئەلشەف ئەلشێخ''ی بە ترسناک، دڕەندانە و بێ بەزەیی ناوبرد. 

 لە مانگی 4ی ئەمساڵدا، دەستەی سوێند خواردن گەیشتنە ئەو ئاکامەی ئەو هاوڵاتییە بەریتانییە بەشێک بووە لە شانەیەکی داعش، کە بە  نازناوی "The Beatles"یان لێنراوە، ئەوان لەو نێوچانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە داعش کۆنتڕۆڵی کردبوون، بارمتە ئەمریکاییەکانیان سەردەبڕین.

''ئەلشێخ'' لە سودان لە دایکبووە، لە لەندەن گەورە بووە، ئەو تاونبارە بە پیلانگێڕی بۆ کوشتنی 4 بارمتەی ئەمریکایی بە ناوەکانی ''ستیڤن سۆتلۆف، پیتەر کاسیگ، کایلا مۆلەرو جەیمس فۆلی''.

'فۆلی و سۆتلۆف ڕۆژنامەنووس بوون؛ کاسیگ کە کارمەندی فریاگوزاری مرۆیی بوو، لە دیمەنەکاندا دیارە داعش سەریان دەبڕێت. بەرپرسانی ئەمریکا باسیان لەوە کردبوو خەلیفەی داعش ''ئەبوبەکر بەغدادی'' لە سووریا چەند جارێک دەستدرێژی کردۆتەسەر ''مولەر''. کوژرانی ئەو ئەمریکایانە لە نێوان ساڵەکانی 

 2014و 2015 دا پشتڕاستکرایەوە.

''ئەلشێخ''ی تەمەن 33 ساڵ، بە هۆی تاوانەکانییەوە، ساڵی 2018  مافی هاوڵاتی بوونی بەریتانی لێسەندرایەوەو سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا، بەڵام داواکارانی گشتیی ئەمریکا پێشتر بە بەرپرسانی بەریتانیایان راگەیاندبوو سزای لە سێدارەدان بۆ تاوانبار دەرناکەن.

''ئەلێکساندا کۆتێی'' ئەندامێکی دیکەی گروپەکەی داعشە سەرەتای ئەمساڵ لە لایەن دادوەرێکی ئەمریکاییەوە سزای بەندکردنی هەتاهەتایی بۆ بڕایەوە. ئەو تاوانبارە بەر لەوەی بۆ دادگایی کردن بگوازرێتەوە بۆ ئەمریکا، لە لایەن سوپای ئەمریکاوە لە عێراق دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو مانگی 9 ی ساڵی ڕابردوودا دانی بەوەدا نابوو بەشداری لە کوشتنی بارمتەکاندا کردوە.

سێیەم ئەندامی گروپەکەی داعش ''محەمەد ئیموازی''، ناسراو بە "جیهاد جۆن"

بوو کە ساڵی 2015 لە سوریا بە هۆی هێرشێکی مووشەکی ئەمریکاو بەریتانیا کوژرا.

شانەی ''بیتڵزی داعش'' لە سوریا، لە 4 ئەندام پێکهاتبوون کە لە نێوان ساڵەکانی 2012 و 2015دا بەشداریان لە رفاندن و کوشتنی لانیکەم 27 رۆژنامەوان و کارمەندی فریاگوزاری مرۆیی کردوە، ئەو 27 کەسە خەڵکی وڵاتانی ئورووپایی، ئەمریکا، ژاپۆن، نیوزیلاندو رووسیا بوون.

No comments: