Archive

Saturday, August 27, 2022

وردەکاری خنکانی ئەفسەرێکی عێراقی لە ئەمەریکا




K24 – رەحیم رەشیدی

رۆژی 20ـی ئابی 2022، خنکانی ئەفسەرێکی عێراقی بە ناوی (عەقید عەممار  حەمدان زاهیر) تەمەن 36 ساڵ و لەدایکبووی بەغدا، لە کاتی راهێناندا لە  ولایەتی ئالاباما لە بنکەی (رۆکەر بەیس)، ئاشکرابوو.

ئەو ئەفسەرە عێراقییە لە خولێکدا بەشداری کردبوو کە رێکەوتی 5ی نیسانی ئەمساڵ دەستی پێکردووە و بڕیاربوو 1ی ئەیلول کۆتایی بێت.

بە گوێرەی زانیاری و بەدواداچوونەکانی کوردستان24، رۆژی رووداوەکە  باڵوێزخانەی عێراق لە ئەمەریکا لە رووداوەکە ئاگادارکراوەتەوە.

تەرمی ''عەقید عەممار حەمدان'' پاش 36 کاتژمێر لە پشکنین و گەڕان، لەلایەن تیمەکانی پۆلیسی ولایەتی ئالاباما و بەنکەی سەربازی ''رۆکەر'' و چەند لایەنێکی پەیوەندیداری دیکەوە دۆزاوەتەوە.

.

د. سەلوان سەنجاری، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵوێزخانەی عێراق لە ئەمەریکا سەبارەت بە رووداوەکە بۆ کوردستان24 دوا و لەم بارەوە دەنگۆی بەشێک لە میدیا عێراقییەکانی رەتکردەوە کە گوایە مەرگی ئەفسەرە عێراقییەکە گوماناوی بووبێت.

ناوبراو گوتیشی: لە کاتی رووداوەکەدا، گرووپێکی 20 کەسی لە قوتابیانی سەربازی نێودەڵەوتی لەوێ بوون و هەروەها جیا لە سەربازە ئەمەریکاییەکان ئەفسەرێکی عێراقیش لەو گروپەدا بووە و بە چاوی خۆیان رووداوەکەیان بینیووە، هیچ گومان و ناڕوونیەك لەسەر مردنەکەی نییە و بەداخەوە خنکاوە.''

کوردستان24 زانیویەتی کە هەنووکە تەرمی ئەو ئەفسەرە عێراقییە لە بنکەی سەربازی 'رۆکەر'' لە ولایەتی ئالابامەیە و بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا بە بەشداری نوێنەرانی سوپای ئەمەریکا و باڵوێزخانەی عێراق لە واشنتن، تەرمی ''عەقید عەممار حەمدان زاهیر''، لە رێورەسمێکی فەرمیی و سەربازیدا بۆ عێراق بەڕێبکرێتەوە.

No comments: