Archive

Tuesday, August 16, 2022

ئایا ئێران لە پشت تیرۆرەکەی نیویۆرکە؟




رەحیم رەشیدی

رۆژی هەینی 12-8-2022، سەلمان رووشدی لە دامەزراوەی چاوتاوکوا لە رۆژئاوای شاری نیویۆرک میوان بوو تاکوو دەربارەی ئەوە قسە بکات ئەمریکا سەرپەنایەکە بۆ نووسەران و هونەرمەندانی ئاوارەو بۆتە ماڵێک بۆ ئازادی ڕادەربڕینی داهێنەرانە. بەڵام کەسێک هێرشی کردە سەرو بەر چەقۆی دا.
رووداوەکە هەر زوو لە نێو ئەمریکاو جیهان دەنگی دایەوە.
سەرەتا باس لەوە دەکرا کەسێک بە ناوی ”هادی مەتەر” هێرشەکەی ئەنجام داوە. هادی کەڵکی لە ناسنامەیەکی ساختە وەرگرتوە بە ناوی ”حەسەن مەغنیە” کە ناوی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵای لوبنانە.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ئێف بی ئای، پاش چاولێکرانی ئەژمارەکانی سۆشیالمێدیای هێرشبەرەکە، دەرکەوتوە ناوبراو لایەنگری حیزبوڵڵا، سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی، خامنەیی و خومەینی بوە.
سەلمان رووشدی خاوەنی ژمارەیەک کتێبە؛ ساڵی 1988 رۆمانی “ئایەتە شەیتانییەکان”ی بڵاوکردەوە. کتێبەکە لە ئێران قەدەخەکرا، دواتر ئایەتوڵڵا خومەینی، رێبەری شۆرشی ئیسلامی ئێران فەتوایەکی دەرکردو داوای کوشتنی سەلمان رووشدی کرد. هەروەها لە 14/02/1989 پاداشتێکی بۆ کوشتنی رووشدی بە بڕی 3 میلیۆن و 900 هەزار دۆلار تەرخان کرد.
روشدی بە رەچەڵەک خەڵکی هیندستانەو لە بنەماڵەیەکی موسڵمان لە دایک بوە، بەڵام وڵاتینامەی بەریتانیا هەبوەو لەوێ ژیاوە، هەروەها ساڵی 2016 بۆتە هاوڵاتی ئەمریکاو لە نیویۆرک نیشتەجێ بوە.
شیاوی بە بیر هێنانەوەیە، رۆژی چوارشەممە 10-08-2022 وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، “پیلانێکی ئێرانیان” بۆ کوشتنی جۆن بۆڵتۆن راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ئاشکرا کردوە کە ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئێرانیش بەناوی شه‌هرام پوورسەفی هەوڵی تیرۆری ناوبراوی داوە.
مانگی رابردوو کاتێک مەهدی ئێڤ هەوڵیدەدا بە چەکەوە بچێتە ماڵی مەسیح عەلینەژاد، چالاکڤان رۆژنامەوانی دەنگی ئەمریکا بکاتەوەو بچێتە ژوورەوە، لە لایەن پۆلیسەوە دەسبەسەر کرا. ساڵی پاریش ئەمریکا ئێرانی بە هەوڵدان بۆ ڕفاندنی ئەو رۆژنامەوانە تاوانبار کردو لەم پێوەندییەدا چەند کەسێک دەسبەسەر کران.
مانگی 4ی ئەمساڵ، پشکێنەرانی تایبەتی پۆلیسی فیدراڵی ئه‌مه‌ریكا ئاشکرایان کرد، ئارین تاهیرزادە (تەمەن 45 ساڵ)، خەڵکی ئێران و هاووڵاتی ئەمه‌ریکی، لەگەڵ هاوڕێیه‌كی پاکسانی (تەمەن 35 ساڵ) بە ناوی “حەیدەر عەلی”، ناسنامەی پۆلیسی فیدراڵی ئەمه‌ریکایان ساختەکردوە.
پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە فەرمیی ئاشکرای کرد، لە ترسی هەرەشەکانی ئێران مانگانە پتر لە دوو میلیۆن دۆلار تچووی پاراستنی مایک پۆمپیۆ وەزیری پێشووتری دەرەوەو برایان هووک بەرپرسی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەیە.

No comments: