Archive

Monday, August 22, 2022

هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزب لە ئامریکا بەشدارییان لە ساڵوەگەڕی دامەزرانی پارتی دێموکراتی کوردستاندا کرد




دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢١ـی ئاگوستی ٢٠٢٢ـی زایینی، بەرامبەر بە ٣٠ـی گەلاوێژی ١٤٠١ـی هەتاوی، لقی ٧ـی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئامریکا و کانادا، ڕێوڕەسمێكی بە بۆنەی  یادی ٧٦ ساڵەی دامەزرانی پارتی دێموکراتی كوردستان پێكهێنابوو.

لەسەر داوای فەرمیی پارتی دێموکراتی کوردستان، شاندێکی کۆمیتەی حیزب لە ئامریکا بە سەرپەرستیی "ڕەحیم رەشیدی" بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزب، لەو جێژنەدا بەشدار بوون، شاندی حیزب بە گەرمی لەلایەن بەرپرسانی پارتییەوە پێشوازییان لێ كرا و وێڕای بەڕێوەبەرانی بەرنامەکە، "حیکمەت بامەڕنی" بەرپرسی لقی ٧ـی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئامریکا و کانادا لە وتارەکەیدا بە فەرمیی پیرۆزبایی وەسەریەککەوتنەوەی حیزبی دێموکراتی پێشکەش کرد کە ئەم بابەتە لەگەڵ خۆشحاڵی و چەپڵەڕێزانی ئامادەبووان ڕووبەڕوو بوویەوە.

شاندی حیزب وێڕای پێشكەشكردنی چەپكەگوڵ، هاوكات پیرۆزبایی حیزبی دێموكراتیان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی پێشكەش كردن.

لە بڕگەیەكی دیكەدا پەیامی پیرۆزبایی كۆمیتەی حیزب بەو بۆنەوە پێشكەش كرا.

لە بەشێک لە پەیامی حیزبدا  بۆ پارتی دێموکرات هاتبوو:

”حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی دێموکراتی کوردستان، خاوەنی پەیوەندی دێرین و دۆستانەن، بۆیە بە پێویستی دەزانین لەم بۆنەیەدا وێڕای پیرۆزبایی دووبارەمان لە ئێوەی بەڕێز، هاوکات لەسەر درێژەدان بە پەیوەندی دۆستانەمان پێداگری بکەینەوە. هیوامان وایە ئەم یادە هەوێنی تەبایی، یەکڕیزی و هاوسۆزی زیاتری نێوان ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان بێ."

هەیئەتی کۆمیتەی حیزب لە پەراوێزی جێژنەكەدا وێڕای بەرپرسانی پارتی، نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان و باڵوێزخانەی عێراق لە ئەمریکا، هاوڕێ لەگەڵ نوێنەرانی حیزب و ڕێكخراوە كوردستانییەكان و کەسایەتییەکانی ئامادەبوو لەو یادەدا سەبارەت بە دۆخی كوردستان و ناوچەكە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان كرد.

نوێنەرانی حیزبەكان بە ڕێزەوە باسیان لە سیاسەت و پێگەی مێژوویی حیزبی دێموكرات كرد و وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بەبۆنەی یەکڕیزیی حیزب، هەروەها پیرۆزبایی خۆیان بە بۆنەی ئەم سەرکەوتنەوە بە شاندی کۆمیتەی حیزب لە ئامریکا ڕاگەیاند.


Saturday, August 20, 2022

گیرانی هەتاهەتایی بۆ گیراوێکی داعش

رەحیم رەشیدی

رۆژی هەینی دادگایەکی شاری ئەلێکزاندەریا لە ویلایەتی ڤیرجینیا، سزای بەند کردنی تاهەتایی بۆ ئەندامێکی تیمی "بیتڵزی داعش"، بە هۆی تێوەگلان لە پیلانی بارمتەگرتن، ڕفاندن و کوشتنی رۆژنامەوانان کارمەندانی فریاگوزاری مرۆیی ئەمریکایی لە سوریا، پەسەند کرد.

ماڵبادو هاوڕێکانی ئەو 4 ئەمریکاییەی کوژراون، لە کاتی راگەیاندنی بڕیارەکەی دادگا، لە لایەن دادوەری دادگای ناوچەیی ''T.S. Ellis''، ئامادە بوون. دادوەرەکە کردەوەکانی تاوانبار ''ئەلشەف ئەلشێخ''ی بە ترسناک، دڕەندانە و بێ بەزەیی ناوبرد. 

 لە مانگی 4ی ئەمساڵدا، دەستەی سوێند خواردن گەیشتنە ئەو ئاکامەی ئەو هاوڵاتییە بەریتانییە بەشێک بووە لە شانەیەکی داعش، کە بە  نازناوی "The Beatles"یان لێنراوە، ئەوان لەو نێوچانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە داعش کۆنتڕۆڵی کردبوون، بارمتە ئەمریکاییەکانیان سەردەبڕین.

''ئەلشێخ'' لە سودان لە دایکبووە، لە لەندەن گەورە بووە، ئەو تاونبارە بە پیلانگێڕی بۆ کوشتنی 4 بارمتەی ئەمریکایی بە ناوەکانی ''ستیڤن سۆتلۆف، پیتەر کاسیگ، کایلا مۆلەرو جەیمس فۆلی''.

'فۆلی و سۆتلۆف ڕۆژنامەنووس بوون؛ کاسیگ کە کارمەندی فریاگوزاری مرۆیی بوو، لە دیمەنەکاندا دیارە داعش سەریان دەبڕێت. بەرپرسانی ئەمریکا باسیان لەوە کردبوو خەلیفەی داعش ''ئەبوبەکر بەغدادی'' لە سووریا چەند جارێک دەستدرێژی کردۆتەسەر ''مولەر''. کوژرانی ئەو ئەمریکایانە لە نێوان ساڵەکانی 

 2014و 2015 دا پشتڕاستکرایەوە.

''ئەلشێخ''ی تەمەن 33 ساڵ، بە هۆی تاوانەکانییەوە، ساڵی 2018  مافی هاوڵاتی بوونی بەریتانی لێسەندرایەوەو سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا، بەڵام داواکارانی گشتیی ئەمریکا پێشتر بە بەرپرسانی بەریتانیایان راگەیاندبوو سزای لە سێدارەدان بۆ تاوانبار دەرناکەن.

''ئەلێکساندا کۆتێی'' ئەندامێکی دیکەی گروپەکەی داعشە سەرەتای ئەمساڵ لە لایەن دادوەرێکی ئەمریکاییەوە سزای بەندکردنی هەتاهەتایی بۆ بڕایەوە. ئەو تاوانبارە بەر لەوەی بۆ دادگایی کردن بگوازرێتەوە بۆ ئەمریکا، لە لایەن سوپای ئەمریکاوە لە عێراق دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو مانگی 9 ی ساڵی ڕابردوودا دانی بەوەدا نابوو بەشداری لە کوشتنی بارمتەکاندا کردوە.

سێیەم ئەندامی گروپەکەی داعش ''محەمەد ئیموازی''، ناسراو بە "جیهاد جۆن"

بوو کە ساڵی 2015 لە سوریا بە هۆی هێرشێکی مووشەکی ئەمریکاو بەریتانیا کوژرا.

شانەی ''بیتڵزی داعش'' لە سوریا، لە 4 ئەندام پێکهاتبوون کە لە نێوان ساڵەکانی 2012 و 2015دا بەشداریان لە رفاندن و کوشتنی لانیکەم 27 رۆژنامەوان و کارمەندی فریاگوزاری مرۆیی کردوە، ئەو 27 کەسە خەڵکی وڵاتانی ئورووپایی، ئەمریکا، ژاپۆن، نیوزیلاندو رووسیا بوون.

Tuesday, August 16, 2022

ئایا ئێران لە پشت تیرۆرەکەی نیویۆرکە؟




رەحیم رەشیدی

رۆژی هەینی 12-8-2022، سەلمان رووشدی لە دامەزراوەی چاوتاوکوا لە رۆژئاوای شاری نیویۆرک میوان بوو تاکوو دەربارەی ئەوە قسە بکات ئەمریکا سەرپەنایەکە بۆ نووسەران و هونەرمەندانی ئاوارەو بۆتە ماڵێک بۆ ئازادی ڕادەربڕینی داهێنەرانە. بەڵام کەسێک هێرشی کردە سەرو بەر چەقۆی دا.
رووداوەکە هەر زوو لە نێو ئەمریکاو جیهان دەنگی دایەوە.
سەرەتا باس لەوە دەکرا کەسێک بە ناوی ”هادی مەتەر” هێرشەکەی ئەنجام داوە. هادی کەڵکی لە ناسنامەیەکی ساختە وەرگرتوە بە ناوی ”حەسەن مەغنیە” کە ناوی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵای لوبنانە.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ئێف بی ئای، پاش چاولێکرانی ئەژمارەکانی سۆشیالمێدیای هێرشبەرەکە، دەرکەوتوە ناوبراو لایەنگری حیزبوڵڵا، سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی، خامنەیی و خومەینی بوە.
سەلمان رووشدی خاوەنی ژمارەیەک کتێبە؛ ساڵی 1988 رۆمانی “ئایەتە شەیتانییەکان”ی بڵاوکردەوە. کتێبەکە لە ئێران قەدەخەکرا، دواتر ئایەتوڵڵا خومەینی، رێبەری شۆرشی ئیسلامی ئێران فەتوایەکی دەرکردو داوای کوشتنی سەلمان رووشدی کرد. هەروەها لە 14/02/1989 پاداشتێکی بۆ کوشتنی رووشدی بە بڕی 3 میلیۆن و 900 هەزار دۆلار تەرخان کرد.
روشدی بە رەچەڵەک خەڵکی هیندستانەو لە بنەماڵەیەکی موسڵمان لە دایک بوە، بەڵام وڵاتینامەی بەریتانیا هەبوەو لەوێ ژیاوە، هەروەها ساڵی 2016 بۆتە هاوڵاتی ئەمریکاو لە نیویۆرک نیشتەجێ بوە.
شیاوی بە بیر هێنانەوەیە، رۆژی چوارشەممە 10-08-2022 وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، “پیلانێکی ئێرانیان” بۆ کوشتنی جۆن بۆڵتۆن راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ئاشکرا کردوە کە ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئێرانیش بەناوی شه‌هرام پوورسەفی هەوڵی تیرۆری ناوبراوی داوە.
مانگی رابردوو کاتێک مەهدی ئێڤ هەوڵیدەدا بە چەکەوە بچێتە ماڵی مەسیح عەلینەژاد، چالاکڤان رۆژنامەوانی دەنگی ئەمریکا بکاتەوەو بچێتە ژوورەوە، لە لایەن پۆلیسەوە دەسبەسەر کرا. ساڵی پاریش ئەمریکا ئێرانی بە هەوڵدان بۆ ڕفاندنی ئەو رۆژنامەوانە تاوانبار کردو لەم پێوەندییەدا چەند کەسێک دەسبەسەر کران.
مانگی 4ی ئەمساڵ، پشکێنەرانی تایبەتی پۆلیسی فیدراڵی ئه‌مه‌ریكا ئاشکرایان کرد، ئارین تاهیرزادە (تەمەن 45 ساڵ)، خەڵکی ئێران و هاووڵاتی ئەمه‌ریکی، لەگەڵ هاوڕێیه‌كی پاکسانی (تەمەن 35 ساڵ) بە ناوی “حەیدەر عەلی”، ناسنامەی پۆلیسی فیدراڵی ئەمه‌ریکایان ساختەکردوە.
پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە فەرمیی ئاشکرای کرد، لە ترسی هەرەشەکانی ئێران مانگانە پتر لە دوو میلیۆن دۆلار تچووی پاراستنی مایک پۆمپیۆ وەزیری پێشووتری دەرەوەو برایان هووک بەرپرسی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەیە.

لە ئەمریکا جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ بەشکۆوە بەڕێوە چوو



رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە "ئامریکا"، بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٧ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی لە ویلایەتی "ڤێرجینیا" بەڕێوە برد کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە کوردستانیانی هەر چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشدار بوون.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان "جەماڵ عەبدوڵڵازادە'' وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان ڕیزبەندی بەرنامەکەی خوێندەوە.

دواتر داوا لە "ڕەحیم ڕەشیدی" بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە "ئامریکا" کرا بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژەوە وتاری حیزبی دێموکرات پێشکەش بکات.

بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب دەربارەی گرینگی و بایەخی مێژوویی دامەزرانی حیزبی دێموکرات قسەی کرد و لەمبارەوە ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکرات سەرمایەی مەعنەوی خەڵکی کوردستانە و دەبێ هەمووان لە بەهێزکردنی ئەو حیزبەدا ڕۆڵ بگێڕن.

هەروەها باسی لەوەش کرد کە حیزبی دێموکرات لە دامەزرانیەوە تاکوو ئێستاش بەهۆی سیاسەتی دروست و خەڵک پەسەند و پشتیوانیی میلیۆنی خەڵکی کوردستان لە سیاسەتەکانی حیزب، هەروەها وەکوو هێزی یەکەمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەتەوە.

"ڕەشیدی" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پەرژایە سەر دۆخی خراپی ڕێژیمی ئێران و باسی لە پەراوێزکەوتنی ڕێژیم و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی خەڵک و داڕمانی ئابووریی کۆماری ئیسلامی کرد کە کۆی ئەمانە بەرهەمی سیاسەتی چەوت و پەرەدان بە تیرۆریزمە و هەروەها ئێستا لە هەموو کات ئەگەری تەقینەوەی جەماوەری لە کۆی ئێران لە ئارادایە.

ناوبراو لە درێژەدا بۆ وڵامدانەوە بەو هەلومەرجە و خۆ تەیارکردن بۆ ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوو، مزگێنی تێکەڵبوونەوەی حیزبی دێموکراتی بە ئامادەبووان دا و لەمبارەوە ئاشکرای کرد کە فێڵ و تەڵەکەی "تاران" شکستی هێناوە و یەکڕیزیی حیزبی دێموکرات گەڕانەوەی بۆ نییە.

"ڕەحیم ڕەشیدی"، لە نێوەڕۆکی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ئەم یەکڕیزییە چەپکەگوڵێکی ڕازاوەیە و پێشکەش بە بنەماڵەی شەهیدان، کەم ئەندامانی سەنگەر، پێشمەرگەکانی شار و شاخ و گیراوە سیاسییەکان و رێکخستنەکانی نێوخۆی وڵات دەکرێ.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە یەکگرتنەوە گرینگە بەڵام لەوە گرینگتر هەلومەرجی پاش یەکگرتنەوەیە و دەبێ ئەزموون لە ١٦ ساڵ دابڕان و ناکۆکی وەرگرین و هیچکات رێگا نەدەین دوژمن لە کەلێن و درزی نێوانمان بە قازانجی خۆی کەڵک وەرگرێ و دەبێ ئەرکمان بکەینە دوژمن شکاندن نەک یەکتر شکاندن.

"ڕەشیدی" لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە لە ڕەوتی یەکڕیزیدا هەمووان براوەین و چی لەوە سەرکەوتووتر کە دوژمنمان هیوابڕاو و دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دۆستەکانمان شاد کردووە.

بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی "ئەمریکا"ی حیزب لە کۆتاییدا سپاسی و پیرۆزبایی لە حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی دۆستی کرد کە لەم ڕەوتەدا هاوکار و پاڵپشتی دێموکرات بوون.

هەروەها داوای لە ئەندامانی حیزب کرد وەکوو ئەرکێکی سیاسیی و شۆڕشگێڕی گیانی تەبایی و یەکڕیزی لە ڕیزەکانی حیزبدا پەرە پێ بدەن و هەموو هێز و توانای خۆیان بۆ خەبات دژی کۆماری ئیسلامی تەرخان بکەن.

 

لەو ڕێوڕەسمەدا ''مەحبووبە حوسێنی، خالید خورینجی و محەممەد داستان"، بە خوێندنەوەی شێعرو هۆنراوە بەشداری بەرنامەکەیان کرد.

بۆ ئەم ڕێوڕەسمە چەندین پەیامی پیرۆزبایی نێردرابوون کە بریتین لە:

-  پەیامی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

-  ناوەندی ئامریکای یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

-  لقی حەوتی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئامریکا و کانادا

-  کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

-  کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە باکووری ئامریکا

-  کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ

 - کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ئامریکا و کانادا

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.

واشنگتن: وتاری حیزبی دێموكڕات دەربارەی تێكەڵبوونەوە

#مستەر_كورد

واشنگتن: چێژنی ٢٥ی گەلاوێژ


#مستەر_كورد

Friday, August 12, 2022

دیدارێک لەگەڵ نوێنەری رێکخراوی ژیان




خۆشڵام بووم لەگەڵ جاشوا گاڤەرنێڵ نوێنەری رێکخراوی ژیان لە ئەمریکا کۆبوومەوە.
لەو دیدارەدا بە وردی پرس و بابەتەکانی گرێدراو بە کۆنفیدراسیۆنیم شیکردەوە، هەروەها داوام کرد رێکخراوی ژیان و هاوپەیمانەتییەکەیان بێنەژێر چەتری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی تاکوو باشتر بەرنامەو کارەکانیان بەرەوپێش ببەن…
لای خۆیەوە نوێنەری رێکخراوی ژیان وێرای دەربرینی خۆشحاڵی خۆی لەو دیدارەو بەرز نرخاندنی بیرو دیدەکانم بە تێروتەسەلی لەسەر بەرنامەو پرۆژەکانی رێکخراوەکەیان لە بواری مافەکانی مۆرڤ دا قسەی کرد، هاوکات باسی لەوە کرد رێکخراوی ژیان و هاوپەیمانەتیەکەیان خۆشحاڵ دەبن بەوەی لە نزیکەوەو لەگەڵ کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی کار بکەن و لەم بارەوە پێشنیارو خواستەکانی نوێنەری کۆنفدراسیۆن لەگەڵ هاوپەیمانەتیەکەیان باس دەکات.
هاوپەیمانی بۆ قەربووکردنەوەی دادپەروەرانە (C4JR، هاوبەندیەکە ساڵی ٢٠١٩ دامەزراوەو ٣١ رێکخراو تێیدا ئەندامن کە کۆمەڵێک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی عێراقی لە خۆدەگرن. ئەوان وێکرا داوای قەرەبووکردنەوەی گشتیی بۆ رزگاربووانی تاوانی دڕندەیی لە شەڕی داعشدا لە عێراق دەکەن. ھاوپەیمانی بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە هەوڵ دەدات بە دوای دابینکردنی هاوبەشی پاڕێزراودا دەگەڕێت کە سکاڵاکانی ڕزگاربووانی سەر بە هەموو گرووپە زیانلێکەوتووەکان (یەزیدی، تورکمان، شەبەک، کاکەیی، مەسیحی، شیعە، سونە و ئەوانی تر) وەک پێویست لە ئاستی جیهانی دا بکەوێتە بەرباس.
هەروەها هاوبەندیەکە تێدەکۆشێت بۆ گەیشتن بە ڕاهێنانی پێشکەوتوو و ئاماژەدان بە ستانداردە جیهانییەکان و فێربوون لە هەڵە و سەرکەوتنی دەستپێشخەرییەکانی تری پاش ململانێی چەکداری داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکە لە عێراق.

#مستەر_كورد

دیدار لەگەڵ هەڵۆکەی ئەمریکا



خۆشحاڵ بووم لە نزیکەوە چاوم بە باڵوێز جۆن بوڵتۆن کەوت و پێکەوە کۆمەڵێک پرس و بابەتمان تاوتوێ کرد.
لەو دیدارەدا گرینگی و بایەخی پێوەندییەکانی کوردستان و ئەمریکا تیشکیان خرایەسەرو چڕتر کردنی ئەو پێوەندیانە بە قازانجی سەقامگیری و تەناهی لە کۆی رۆژهەڵاتی نێوەراست لێکدرایەوە.
سپاسی پشتیوانییەکانی باڵوێز بۆڵتۆنم لە دۆزی کوردستان کردو لەم بارەوە پێم وت ناوبراو دەنگێکی کاراو بەهێزە بۆ داکۆکی لە دادپەروەری و ئازدی و هیوام خواست لە هەموو کۆرو کۆبوونەوەیەک دا وەکوو هەمیشە درێژە بە پشتیوانی لە دۆزی رەوای کوردستان بدات. هەروەها دەعوەتم لە ناوبراو کرد سەردانی کوردستان بکات و لە نزیکەوە گەشەو پێشکەوتنەکانی کوردستان ببینێ. باڵوێز بوڵتۆن لەو دیدارەدا پەیامێکی سیاسیی روو بە ئێران بە گشتیی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی نارد...
لای خۆیەوە باڵوێز بۆڵتۆن خۆشحالی خۆی بۆ دیدارەکە دەربڕی و وێرای سپاس لە دەعوەت کردنی بۆ کوردستان هیوای خواست سەردانی کوردستان بکات و بە بانگهێشتنەکە زۆر خۆشحاڵ بوو. بولتۆن سەبارەت بە پێگەی نێونەتەوەیی ئەمریکا قسەی کردو پێشی وابوو واشگنتن پێویستە لە رۆژهەڵاتی نێوەراست بمێنێتەوەو بەهێزترو روونتر درێژە بە پشتیوانی لە دۆستەکانی و لە نێویاندا کوردستان بدا، چوونکە هەر بۆشایەک ئەمریکا لە و نێوچەیە دروستی بکات ئەوە ئێران و نەیارەکانی ئەمریکا پڕی دەکەنەوە…
ئەم کەسایەتیە گەورەو ناسراوەی ئەمریکا باسی لەوەش کرد پشتیوانی نەکردنی ئەمریکا لە رێفراندۆمی سەربەرخۆیی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا هەڵەیەکی گەورە بوە…
بریاڕیارماندا بۆ ئالوگۆری بیروڕا درێژە بە دیدارو چاوپێکەوتنەکانمان بدەین.
باڵوێز جۆن بۆڵتۆن، بە یەکێک لە هەڵۆکانی ئەمریکا ناسراوە، پێشتر نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتوەکان و هەروەها راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بوە.

#مستەر_کورد

جۆن بوڵتۆن لە دیدارێكی تایبەتی دا

جۆن بوڵتۆن لە دیدارێكی تایبەتی دا

هەوڵەكانی تاران بۆ تیرۆر لە واشنگتن

#مستەر_كورد #جۆن_بۆڵتۆن #ئێران #تیرۆر #قاسم_سليماني #واشنگتون

واشنگتن: ڕێز گرتن لە ڕۆڵی پێشمەرگە

#مستەر_كورد