Thursday, May 29, 2014
ئەوین، نیشتمانپەروەری و خیانەت لە "شەقامی دوکتۆر قاسملوو"دا
رەحیم رەشیدی / واشنگتن
کاک فەتحی میرزائیان نووسەر و دەرهێنەری فیلمی "شەقامی دوکتۆر قاسملوو"، گەورەیی کرد و کارئاسانی کرد بۆ ئەوەی بە شێوەی تایبەت، لە رێگای ئینتڕنێتەوە، ئەو فیلمە ببینم.
مرۆڤ سەرەتا هەست دەکات، فیلمەکە سەبارەت بە ژیان و بەسەرهاتی شەهید قاسملووە، هەر بۆیە پێی وایە کە لەو بەرهەمەدا، کۆمەڵێک شت لە بارەی ئەو رێبەرەوە باس دەکرێ!
میرزائیان، بە دەست کورتی و بە بێ ئەوەی کۆمپانیایەکی زەبلاح، یان دەستمایەدارێک پشتیوانی لێبکات، چیرۆکی پڕ لە کارەساتی خەباتی ڕەوای میللەتێکی لە رێگای چاوی کامێراکەیەوە، بۆ نەوەی نوێی کوردستان و جهیان، لە ماوەی ٩٠ خولەکدا تۆمار کردوە...
بینەر، لە گرێچنی ئەو فیلمەدا، لەگەڵ خەبات و ئەوین، ژین و ژیان، هیوا و بێ هیوایی، لە ئاکام دا لەگەڵ ئیرادەی بەرزی لاوان ئاشنا دەبێ، کە چۆن دێوەزمەی مەرگ و نەهامەتی، ژیانی کۆمەڵگای کردۆتە دۆزەخ، بەڵام بەو حاڵەش هیوای هەڵاتنی هەتاو لە ناخی گەلدا هەر بە تین و تاوە، هەر بۆیە خەبات بۆ ئازادی سەرەڕای هەموو مەترسییەکانی بەردەوامە.
لێروەیە کە خۆشەویستی میللەت بۆ قاسملوو بازنەیەکە کە ئەوان لە دەوری یەکتر کۆدەکاتەوە و ئەمەش بەردەوام هیوا و ڕووناکایی بەرهەم دێنیتەوە...
دەرهێنەری فیلمی سینەمایی "شەقامی دوکتۆر قاسملوو"، ڕازاندنەوەی فیلمەکەی، یان باشترە بێژم بۆ سەر لە نوێ شلەقاندنەوەی گۆمی مەندی خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان، چیرۆکی ئەوینی "هاوار و هێرۆ" کە دوو ئەکتەری سەرەکی ئەو فیلمەن، دەکاتە هەوێنی فیلمەکەی و لەم نێوەدا زۆر داستانی پڕ لە کارەساتی نەبوونی، ترس، دڵەراوکە، جاشایەتی، دژبەری لەگەڵ جوانی و خۆشەویستی، نیشتمانپەروەری، نەداری و هەژاری لە پاڵ یەکدا دادەنێ، کەچی لە ئاکام دا ئەوەی دیباتەوە خۆشەویستی خاک و خەڵکە.
سەرەڕای دژواری و بێ دەرەتانی، نەبوونی پوڵ و کەرەستەی پێویست؛ بۆ ساز کردنی فیلمێکی ئەوتۆ، کە ساڵی ٢٠١١ و ٢٠١٢ لە هەرێمی کوردستان بەرهەم هاتوە، بە باوەڕی من دەرهێنەری توانیویەتی بەرگی کردەوە بە بەر خولیا و ئاواتی خۆیدا بکات و ئەوەی مەبەستیەتی وەکوو عەشقێک بۆ رێبەرەکەی، لە دونیای هونەر و سینەمادا تۆماری بکات...
لێرەوەیە کە دەبێ ئەم خاڵە لەبەر چاو بگیردرێ، شتێک هەیە لە رۆژهەڵات، کە ناهێڵی گوڵی هیوای میللەت بژاکێ، بەڵکوو بەردەوام هێزێک بوونی لە پانتایی کۆمەڵگادا هەست پێدەکرێ کە داوای ئازادی دەکات و ئامادەشە بۆ گەیشتن بە ئازادی نرخی زۆر پێشکەش بکات...
هەر بۆیە ڕەوتی ئاشنا بوونی دوو کارەکتەری سەرەکی لەو فیلمەدا، ئاوێتەی خەباتی رزگاریخوازانەی رۆژهەلاتی وڵات دەکرێ و بە بیرمان دێنێتەوە کە خەبات لە دژوارترین ساتەکان دا وەستان بە خۆوە نابینێ و خەباتکار خۆشەویستی گەل و خائین نفرەت لێکراوە!
هەوێنی ئەوینی "هاوار" كاراكتێری سەرەكیی فیلمەكە لەگەڵ "هێرۆ"یە، کە لە درێژەدا بە هەمان شێوە، ئەو ئەوینە دەبێتە تێشووی خەبات لە نێوان "هێرۆ و هومایون" دا...
لەسەر یەک دەتوانم بێژم، ئەم فیلمە لەسەر رێبازی سووریالیستی بەرهەم هاتوە کە لەودا، پەڕژاوەتە سەر خەباتێكی نهێنی، مەدەنی و ئاشتیخوازانەی گەلێك كە ساڵانێكی زۆرە نیری تیرۆر و زۆرداری باڵی بەسەردا کێشاوە، لێ نەیتوانیەوە لە تێکۆشان بۆ رزگاری بیوەستێنێت و چۆکی پێدادات...
دەکرێ زۆر ڕاشکاوانە بێژم کە بەشداری ئەو وەچە نوێیەی خەباتی ئەم سەردەمەی کوردستان، ئەوانەی کە بە هۆئ ئازار و جەزرەبەی داگیرکەرەوە، پەڕیوەی دەرەوەی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون، سەرەکیتریین تایبەتمەندی فیلمی "شەقامی دوکتۆر قاسملوو" لە خۆ دەگرێ، کە لە چوارچێوەی ناوێکی ئەوتۆدا هەموو خەم، ئازار و هیواکانی میللەتێک بۆ ئازادی کۆ کراوەتەوە.
ئەو کەسانەی لەو فیلمەدا دەور دەبین، ئەکتەرگەلی کاراو دیاری دونیای سینەما و هونەری فیلم نین، بەڵام ئەو مرۆڤە ئاسایانەی کۆمەڵگان کە خۆشەویستی خاک و خەڵکیان لە هەناویان دا هەڵگرتوە. ئەمەش زۆر جار ختوولکەی هەست و هەناوی بینەرانی ئەو فیلمەکە دەدات، کە لەگەڵ ئەو ئاوات و ئازارانە ئاشنان.
ناوەرۆکی فیلمەکە، بینەرەکانی، ماتەمبار دەکات، هیوایان پێدەبەخشێ، دڵخۆشیان دەداتێ، لە هەمان کات دا ئەسرین بەسەر گۆنایان دا قەتارە دەبەستێ، بێئەوەی ئامادەی تەسلیم بوون بن. خەبات بۆ ژیانێکی باشتر لە سات بە ساتی ئەو فیلمەدا، سێبەری بەسەر سەرمانەوە لاناچێ!
پێم وایە ئەم بەرهەمە سینەماییە، دەتوانێ کاریگەری خۆی بە قوڵی لەسەر جەستە و رۆحی ئەوانەش بەجێبێڵێ کە نوقمی شادی و ئازادین، لەگەڵ ئەوەی کە رۆژ رەشیی، شەر و سەرکوتیان نەدیوە، بەڵام مرۆڤن و بە ئازاری مرۆڤەکان و دژواری ژیانیان تووشی ڕامان و ڕاچڵەکین دەبن.
ئالێرەوەیە کە دەبێ ئێمە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری و یارمەتیدەری بەرهەمێنەری ئەو فیلمە بین، بۆ ئەوەی خەڵکی جیهان تێبگەن کە هێشتا هەن کەسانێک لەم دونیادا کە بۆ رزگاری هەموو سەختییەک تاقەت دێنن، بەڵام ئامادە نین بۆ ملهوری و زۆرداری چۆک دابدەن.
ئەوە هیچ لەو راستییە ناگورێ، کە چ روانیین و رەخنەیەکمان لەسەر ناوەرۆکی فیلمی "شەقامی دوکتۆر قاسملوو"، هەیە، کەموکوڕی و هەڵەکانی چن، ئاخر خۆ دەبێ میللەتی مەش فێر بێ کە لەو دەرەتانە نوێییە بە قازانجی پرسی کورد لەم سەردەمەدا کەڵک وەرگرێ؛ ئەمەش بەوە دەکرێ کە هەوڵی بینینی ئەو فیلمە بدەین و زۆرترین بینەری بۆ کۆکەینەوە؛ بۆ ئەوەی میرزائیان بتوانێ لە کارەکەی بەردەوام بێ و لە داهاتوودا شتی باشتریشمان پێشکەش بکات.
گومانم نیە کە ئەمە وەفایەکە بۆ رۆحی بەرزی دوکتۆری شەهید و ئاوێتەکردنەوەی رۆحمانە بە دژوارییەکانی خەباتی ئەو کوڕ و کچە گیان لەسەر دەستانەی نێوخۆی وڵات، کە بەردەوام بێ هیوایی بۆ دوژمین بەرهەم دێنن.
با لە بیرمان نەچێ، "شەقامی دوکتۆر قاسملوو" پرۆژەیەکی نەتەوەییە و هەوڵیدانێکی پڕ واتایە بۆ ئەوەی دونیا گوێی کەڕی خۆی بکاتەوە و چیدی چاوەکانی لەسەر ئەو هەموو برین و ئازارانەی رۆژهەڵاتی کوردستان نەبەستێت.
ئەوەتا، دژبەرانی ئازادی، هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن؛ بۆ ئەوەی هاواری ئێمە نەبیسترێ، کەوایە لەم دۆخەدا "شەقامی دوکتۆر قاسملوو" دەرفەت و دەرەتانێکی لەبار و ئەمرۆییە، بۆ ئەوەی هاواری ئێمە لە دونیادا دەنگ بداتەوە و جارێکی دیکەش پرسی ماف و ئازادییە دێموکراتیکەکانمان بێکەوێتەوە رۆژەڤەوە، لەوە تێدەگەم کە ئەمە بە فیلمێک ناکرێ، بەڵام خۆ رێگایەکە و دەتوانێ لەم سەردەمەدا کەلێنێکی مەزن پڕ کاتەوە...
بێ گومان بۆ سەرخستنی ئەم هەوڵە، کەسانی وەکوو میرزائیان پێویستیان بە هاوکاری و پشتیوانی ئێمەیە.
ماوەتەوە بێژم، تاکوو ئێستا، فیلمی "شەقامی دوکتۆر قاسملوو" پاش بەشداریی کردنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گوتام ئێسکرین" لە ئۆکتۆبری ٢٠١٢دا، لە شاری نیۆیۆرک، لە لایەن بەرپرسی زانستگای هونەری سالفوردی بریتانیاوە رێزی لێنرا و هاوکات بۆ وەرگرتنی خەڵاتی "ئالومنا"ی ساڵی ٢٠١٣، کە تایبەتە بە دەرچوانی زانستگای هونەری سالفورد، لە بریتانیا، کاندید کرا.
پاش بڵاوبوونەوەی ئەو فیلمە، لە زانستگای سالفورد، دوکتۆر "مارتین هال"، بەرپرسی زانستگای سالفورد لە نامەیەکدا بە شێوەی فەرمی رێزی لە چالاکییەکانی فەتحی میرزاییان نووسەر و دەرهینەری فیلمی "شەقامی دوکتۆر قاسملوو" گرت.
Wednesday, May 28, 2014
عوسمان بایدەمێر داوا دەکات کۆنگرەی نەتەوەیی پێکبێت

رەحیم رەشیدی/ واشنگتن
عوسمان بایدەمیر سیاسەتوان و سەرۆکی پێشووی شارەوانی دیاربەکر، لەگەڵ ڕەوەندی کوردی لە ئەمریکا کۆبوەوە و وتارێکی سەبارەت بە پرسی کورد پێشکەش کرد. ناوبراو لە وتارەکەی دا، داوای کرد کوردەکان یەکیەتیی نێوانیان بپارێزن.
سیاسەتوانی کورد عوسمان بایدەمیر لە بڕگەیەکی دیکەی وتارەکەی دا سەبارەت بە پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەراست قسەی کرد و پێی وابوو کە بە بێ چارەسەر کردنی پرسی کورد ئاشتی و دێموکراسی لەو هەرێمەدا جێگیر نابێ
بایدەمیر لە نێو قسەکانی دا باسی لەوە کرد کە پرسی ئاشتی لە تورکیە بەرە و پێشچوە و هیوای وابوو کە ئەم رەوتە بەردەوام بێ و نەیشاردەوە کە سەفەری رێزدار مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیاربەکر، خەونی لە مێژینەی ئەوانی بۆ هەڵکردن ئاڵای کوردستان هێناوەتە دی و وتی کە بۆ ئەو خەونێک بوە کە ئاڵای کوردستان و تورکیا پێکەوە دابنێ.
بایدەمیر پێی وابوو کە لە سەدەی بیست و یەک دا دەرفەتێکی زێرین لەبەر دەم کورد دایە و نابێ ئەم هەلە بە هۆی جیاوازیەکانەوە لە کیس بچێ و بە پێویستی زانی کە رێکخراوە سیاسییەکان کێشەی بچووک گەورە نەکەنەوە.
کۆرگێر لە درێژەی قسەکانی دا، سازدانی کۆنگرەی نەتەوەیی بە زەرووری زانی و لەم بارە داوای کرد کە مێدیای کوردی رۆڵی ئەرێنی بلەیزێ و بە زمانی ئاشتی قسە بکەن. بایدەمێر پێی وابوو کە کۆنگرە نەتەوەیی دەتوانێ لە پێشخستنی دۆزی کورددا دەورێکی گرینگ بگێرێت.
پێوسیتە بگوترێ ساڵی ٢٠١٢، ئەو کاتەی کە عوسمان بایدەمیر سەرۆکی شارەوانیپێ شاری دیاربەکر بو، هەنگاوی هاویشت بۆ نۆژەن کردنەوەی گەورەترین کەنیسەی ئەرمەنیەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەراست دا، کە لە دیاربەکر هەڵکەوتوە، هەر بۆیە کۆمەڵگای ئەرمەنییەکان لە ئەمریکا، بە مەبەستی رێزگرتن لەو هەنگاوەی بایدەمیر، ئەویان بانگهێشتی ئەمریکا کرد تاکوو خەڵات و سوپاسنامەی خۆیانی پێشکەش بکەن.
شیاوی باسە عوسمان بایدەمیر پاڕێزەر و چالاکی مافی مرۆڤ، یەکێک لە سیاسەتمەدارانی ناسراوی باکوری کوردستانە کە ساڵی ١٩٧١ لە دایک بوە و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ، لەسەر لیستی پارتی ئاشتی و دێموکراستی بەدەپە، سەرۆکی شارەوانی شاری دیاربەکر، گەورترین شاری باکوری کوردستان بوە. ناوبراو خۆشی خەڵکی ئەو شاریە و لە نێو کوردەکان دا بە کەسایەتییەکی نەتەوەیی دێتە ئەژمار.
Monday, May 26, 2014
Sunday, May 25, 2014
سوپاسنامەیەک سەبارەت بە پێشخستنی مەسەلەی کورد
سوپاسنامەیەک سەبارەت بە پێشخستنی مەسەلەی کورد
رەحیم رەشیدی
لە لایەن رێکخراوی مافی مرۆڤی کورد لە ئەمریکا، کە ناوەندێکی فەرمیە و ماوەی پتر لە بیست ساڵە لەگەڵ کۆنگرێس، ئەنجوومەنی پیران و وەزارەتی دەرەوە و دەوڵەتی ئەمریکا بە گشتیی تیکۆشانی چڕوپڕی هەیە، لە نامەیەکی فەرمیی دا سوپاسگوزاریم لێکراوە بۆ ئەوەی هەوڵم داوە کە لە رێگای کارەکەمەوە پرسی کورد پێشبکەوێت...
سوپاسی بێ کۆتایی بۆ ئەو رێکخراوە چالاکە...
Thursday, May 22, 2014
نامرێ "پیاوی حەوت هونەر" وەرگری خەڵاتی ماملێ


رەحیم رەشیدی/ واشنگتن
لە چەند رۆژی رابردوودا جەماوەرێکی مەزنی کوردستانی بە گشتیی و خەڵکی ئازیزی سنە بە تایبەتی، لە بناری هەمیشە شانازی خولقێنی چیای ئاویەر کۆبوونەوە، تاکوو دەنگ و ویستیان ئاوێتەی چریکەی هونەرمەند عادل هەورامی و هاواری پەیڤەکانی شاعێری هێژا جەلال مەلەکشا بکەن.
ئەوان ویستان بەم چەشنە لە ژێر ئاسمانی تار و لێڵی وڵات دا، ئەگەر بۆ چرکە ساتێکیش بێ چیژ وەرگرن و بەم جۆرە پەیامی خۆیان لەگەڵ هونەر و جوانی و ژیان ویستی، دووپات کردوە، ئەوان چەنگیان لە تیشکی زێرینی هەتاو گیر کرد تاکوو گەرمی ژیان بژێنەوە و بەم چەشنە سەرما و تاریکیان توڕ دا.
ئەمەش رووداوێکی گەورە بوو، چوونکە ئەو راستییەی سەلماندەوە کە داپلۆسین و زەبروزەنگ، یان هەوڵدانی بێ بڕانەوە بۆ زاڵکردنی کولتووری ڕەشپۆشی و شین و شەپۆر، هەر چەندە لەو هەرێمە بێ نازەدا روخساری ژیانی خەوشدار کردبێ، لێ مەیلی ژیان ویستی و دەرفەت سازی بۆ شادی خولقێنی، هێزێکی نەبڕاوەی خەڵکی کوردستانە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی تەژی لە رێز و سارێژ لە کەرامەتی ئینسانی...
ئەگەرچی هێشتا چریکە و نزای پەیڤەکانی عادڵ و جەلال لە نێو جوانییەکانی ئاویەری سەربەرزدا دەنگیان دەدایەوە؛ کە سەد هێندە سنەیان جوان و ڕازوەتر کردبوو، هێشتا بزەی لاوانی دڵ پڕ لە ئەوینی کورسان لەسەر لێوانیان نەسرابوەوە کە هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەندی مەزن عەباس کەمەندی هەموانی تاساند.
هێشتا ئەم گەلە ماتەمەبار و هەناسە ساردە، لە نێو باگژی هات و نەهات دا، لە نێو تاڵاوی ژیان لە ژێر نیری زۆرداری دا بوو کە عەباس کەمەندی بەردەوام بە دەنگە رەسەن و هەست بزوێنەکەی ئاوپڕژێنی دڵە زامدارەکانی دەکردن و نەیدەهێشت گوڵی هیوایان بژاکێ!
عەباس کەمەندی ئەو هونەرمەندە رۆح سووکەی کە لە گشت سووچ و کەلەبەرێکی ئەم دونیا دا بەو دەنگە حەزینەیەوە، سوکنایی پێدەبەخشین. ئەو بە هۆی ئۆگری لە ڕادەبەدەری بە کارەکەی و تێکەڵ کردنی هونەرەکەی بە زانستی سەردەم و نوێبوونەوەی بەردەوام لە بیر و هزردا، ببوە هونەرمەندی هەموو چینەکانی کۆمەڵگا و پەناگای حەوانەوەی رۆحی ئۆقرە نەگرتووی گشتمان بو.
تایبەتمەندی بەرزی ئینسانی و فرە رەهەندی لە کار و ڕەنگاڵەیی لە بەرهەمەکانی دا، مامۆستا کەمەندی کردبوە قوتابخانەیەکی گەورە کە بەری رەنج و خەباتی هونەری ئابڕوومەندانەی بوو کە ئەوی بە ڕەوایی کردبوە "پیاوی حەوت هونەر".
گومانی تێدا نیە کە خزمەتە بەرچاوەکانی مامۆستا کەمەندی بە زمان، هونەر، ئەدەب و وێژەی کوردی ئەوی بە تەواو مانا کردبوە هونەرمەندێکی نەتەوەیی کە هەموو ئازادیخواز و کوردپەروەرێک بۆ هەتا هەتایە شانازی پێوە دەکات.
بەراستی مرۆڤێک بوو له پهڕهی گوڵ ناسک تر و دەنگە حەزین و دڵنیشینەکەی هاوچەشنی ئاوی رووناک و پاقژی کانیاوەکانی بنارانی وڵاتەکەم هەر گاڤ بۆ ئەوە دەشێ کە لە پەنای بحەسێینەوە و ئارەقەی سەر تەوێڵمان بسرینەوە و هێور بینەوە و قوم قوم بە حەزەوە لێی بنۆشین.
مامۆستا کەمەندی ئهستێرهیهکی درەوشاوەی دونیای هونەر و جوانی بوو کە هەرگیز یادوەری لە دڵ و هەناومان دا نابڕێتەوە و کانیاوی هونەرەکەی هێندە بەرین و بە تینە کە هەر دەم ئێمە چۆر چۆر بە لەپی دەست دەیرژێنینەوە نێو گوڵزری رۆحمانەوە و بەم چەشنە ئاسانتر لە ئاست ژاکانی گوڵی هیوامان دا دەوام دێنین و تێپەڕ بوونی زەمان هیوابڕاومان ناکات کە دەمێکی دیکە با دووریش بێ، لێ دەکرێ نیگایەک هەر دڵمان بخاتە لەرزینەوە!
نا نا، ستران هەرگیز کۆچ ناکات، دەنگ نامرێ، چریکەیەک کە هۆنراوە بەرزەکانی شێخ رەزا، مەحوی، مەولانا، مەولوی، نالی و وەفایی... لە قورگی دا پەنگی خواردبێتەوە و لە دەمارەکانی بە میلیۆنان مرۆڤی ئەوینداری جوانی و ژیان و سەوداسەری رێگای ئازادی خزیبێت، ئیدی کوا ئاسانە باوەڕ بە مەرگی بهێنین؟.
دەنگێک کە ئاوەنگی سەر گوڵی دڵی خەمباری کێژانی بێ ناز و نوزەی لاوانی مەملەکەتێک بوو کە شەمشەممە کوێرەکان لە مێژە هەوڵدەدەن گوڵزاری جوانی و ئەوینی تێدا ویشک بکەن و کولتووری مردوو پەرەستی و تاریک پۆشی تێدا جێگیر بکەن، لێ بەرهەمی خەباتی کەمەندی و کەمەندییەکان بۆتە قوتابخانەیک کە بۆ هەموو سەردەمەکان قەڵای پۆڵاینی داکۆکی لە جوانی و ژیان ویستی لە وڵاتی کوردستان مەڵبەندی و ژینگەی کوردانە و هیچ تاریکپەرەستێک ناتوانێ خولیای ئازادی و جوان پەرەستی لە رۆحمان دا بسرێتەوە.
گەلۆ! بەهاری ئازادی هەر دەگاتێ، ئەودەم ئێمەش قاقای پێکەنینمان تێکەڵ بە گوڵزاری هەمیشە رازاوەی نیستمانی خۆشەوسیت دەکەین و بە وەفاوە لەسەر مەزاری ئەو نەمرانە چەپکە گوڵی رەنگاڵە دادەنێین و دەست لە نێو دەست ڕەشبەڵەکی سەرکەوتن دەگێرین و وێکڕا سرودی ژیان ویستی و نەمری دەڵێینەوە. بێ گومان ئاوا رۆحی ماندووی ئەوانیش لە ژێر خاکی بە زنوێری وڵات دا ئۆقرە دەگرێ!
کورتەیەک لەسەر هونەرمەندی میللی عەباس کەمەندی:
عەباس کەمەندی نزیک بە ٤٠ ساڵ بە بەردەوامی کاری سترانبێژی، بێژەری، دووبلاژ، وەرگێران، شعێر، دەرهێنەری شانۆ، ئاماەكاری بەرنامە، نیگارکێشی، ئەكتەری، شانۆنامە و چیرۆک نووسینی کردوە.
عەباس کەمەندی زیاتر لە ١٥٠ گۆرانیی خوێندوە، هەروەها ٦٠ گۆرانیشی ساز کردوە.
هونەرمەند هەروەها کاری کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوە بۆ ژیاننامەی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد کردوە و بە دروستکردنی فیلمی ژیاننامەی ئەو کەسایەتییانە وەکوو سەنجەر خان، سەید عەتا کەل، ژیانی پاڵەوان حوسێن گولزار کرماشانی، بە تاڵان بردنی ئاسەوارەکانی زیویە، میری نەورۆزی و... سیمایەکی دیکە بە مێژووی چیرۆکنووسیی کورد بەخشیوە.
ئەسب، سەوەتەیەک ئاڵف، فڕین لە قەفەسدا، میراتی مامە رحیم، ئەندامی نویی ئۆپێک، شەڕی رۆمادییە، کۆڵانی سوور، کاروانسەرا، پارێزەری یەکەم، قەڵەم و شەیتان و پاڵەوان پەمە، ناوی ئەو فیلمنامانەیە کە لە لایەن مامۆستا عەباس کەمەندی نووسراون.
بەشێک لە بەرهەمەکان:
١. ئاڵبۆمی گەلاوێژ
٢. ئاڵبۆمی ھەورامان
٣. ئاڵبۆمی پرشەنگ
٤. ئاڵبۆمی کیژی کورد
٥. نووسینی ئهدهبیات و فۆلكلۆری كوردستان كه ٦ ههزار لاپهرهیه و له كتێبخانهی فهرههنگی له شاری تاران پێتەختی وڵاتی ئیران پارێزراوه.
٦. نووسینی ٤ رۆمان
٧. نووسینی ٣٠ فیلمی درێژ و كورت
٨. نووسینی ٢ كتێبی شیعری به فارسی و كوردی
٩. كێشانی نزیكهی ١٠٠ تابلۆ
١٠. خاوهنی ٦٠ گۆرانیه
١١. سازدانی چهندین فیلم به شێوهی زینجیره بهرنامه
١٢. دیوانی شێعری کوردی و فارسی
١٣. کۆکردنەوەی شێعرەکانی دیوانی میرزا شەفیع
١٤. وەرزشی کەونارایی و پاڵەوانانی کورد
١٥. ژیاننامەی سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی
١٦. کردنەوەی رەمزی دەرکەوتە فەرهەنگییەکان
١٧. کۆکردنەوەی شێعرە هیجاییەکانی پێش سەردەمی ئیسلام
خەڵاتەکان:
ئەو هونەرمەندە کوردە، لە لایەن ئەنجومەنی رێزگرتن لە ناودارانی کوردەوە رێزی لێگیرا و هەروەها ساڵی ٢٠١١ و لە سێزدەیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند محەمەدی ماملێ دا، لە لایەن مەڵبەندی هونەریی ماملێ، لە شاری هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستان، خەڵاتی ئەو مەڵبەنەدەی پێ بەخشرا، کە بە هۆی نەخۆشییەوە کەمەندی نەیتوانی بەشداری رێوڕەسمەکە بێت.
مامۆستا کەمەندی چەند کتێب و ئاڵبۆمی ئامادەی چاپە، بەڵام بە داخەوە بەهۆی نەبوونی دەرفەت نەکرا چاپیان بدات.
عەباس كەمەندی ساڵی ١٣٣١ی هەتاوی، بەرانبەر بە ١٩٥٢ی زایینی، لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە ژیان هەڵێناوە و لە رێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٢٢ی مای ٢٠١٤، لە تەمەنی ٦٢ ساڵی دا، بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە زێدەکی خۆی، واتە سنە، کۆچی دوایی کرد.
Wednesday, May 21, 2014
زانکۆی وینترۆپ لە ئەمریکا بە فەرمیی ئاڵای کوردستانی هەڵکرد

رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن
بە هەوڵ و تێکۆشانی دانا موحەممەد غەریب کە یەکەمین قوتابی کوردە لە زانکۆی وێنترۆپ کە بڕاوانامەی پزیشکی وەرزشی لە پلەی ماستەردا بە دەست هێناوە، ئاڵای کوردستان لە پاڵ ئاڵای دەیان وڵاتی دیکەدا، هەڵبدرێت.
ماڵپەری ئەو زانکۆیە لە وتارێک دا باسی لەوە کردوە کە ئەو خوێندکارە کوردە داوای لە سەرۆکایەتی زانکۆی وێنترۆپ کردوە کە ئاڵای کوردستان وەکوو ئاڵای وڵاتانی دیکە لە زانکۆکەدا دابندرێ.
لە سەرەتادا بەرێوەبەرایەتی زانکۆ سەبارەت بە جێبەجێکردنی داواکەی دانا موحەممەد غەریب رەزامەندی نیشان نەداوە.
بەڵام دواتر بە هەوڵ و پشتیوانی سەرۆکی زانکۆ دوکتۆر جیمی کۆمستۆک ویلیامسۆن و پێداگری ئەو خوێندکارە کوردە، داواکە جێبەجێ کراوە و سەرئەنجام ئاڵای کوردستان وێرای ئاڵای دەیان وڵاتی دیکە بە شێوەیەکی فەرمیی و بۆ هەمیشە لەو زانکۆیە داندراوە.
لەم بارەوە دانا موحەممەد غەریب لە لێدوانێکی تایبەتی دا ئاشکرای کرد، لەبەر ئەوەی ناوبراو لەسەر بورسیەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ خوێندن هاتۆتە ئەمریکا، بەرپرسانی زانکۆکە داوایان لێکردوە کە ئەوان ئامادەن ئاڵای عێراق بە بێ هیچ گرفتێک هەڵبدەن، بەڵام دانا داوای کردوە کە بە جێگای ئاڵای عێراق ئاڵای کوردستان لەو زانکۆیە دابندرێ و لە کۆتایی دا و پاش هەوڵێکی زۆر داواکەی جێبەجێ کراوە. دانا شانازی بەم هەنگاوەیەوە دەکات و بڕیاریشە لە داهاتویەکی نزیک دا بگەرێتەوە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر لە بەر لە هاتنی بۆ ئەمریکا لەو زانکۆیە وەکوو مامۆستای یاریدەدەر کاری کردوە
پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە یەکەمین جار ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی، لەسەر دەستی ئەحمەد بارزانی لە زانستگای جۆرج مەیسێن لە واشنگتن، ئاڵای کوردستان بەرز کرایەوە، بەڵام دواتر بە هۆی نارەزایەتی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان لە نێودا دابەش کراوە، رێگە بە دووپات بوونەوەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەو زانکۆیە نەدرا.
شیاوی ئاماژیە، زانکۆی وێنترۆپ لە ولایەتی کارلۆلینای باکور یەکێک لە کۆنترین زانکۆکانی ئەمریکایە و ساڵی ١٨٨٦ی زایینی دامەزراوە و وەکوو زانستگایەکی فرەنەتەوەیی چاوی لێدەکری بە هۆی ئەوەی کە قوتابی و خوێندکاری بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی جیهانی لە خۆ گرتوە.
Monday, May 19, 2014
لە ئەمریکا کوردەکان وێرای ٥٠ نەتەوەی دیکە بەشداری فێستیڤاڵی نەتەوەکان بوون
رەحیم رەشیدی/ واسنگتن
لە ئەمریکا کوردەکان لەگەڵ ٥٠ نەتەوەی دیکە بەشداری فێستیواڵی نەتەوەکانیان کرد و کۆمەڵێک چالاکیان بەرێوە برد
ئەو فێستیوالە ساڵانە بۆ ئەو نەتەوانە رێکدەخرێ کە لە ولایەتی تێنێسی دەژین و دەرفەتێکە تاکوو ئەوان لەو رێگاوە کولتوورو کەلەپوری خۆیان پتر بناسێنن و ئەوە ماوەی چەند ساڵە کە کوردەکان بە شێوەی چالاک وەکوو نەتەوەیەکی سەربەخۆ بەشداری فێستیواڵی نەتەوەکان دەکەن.
وەرێخەرانی ژووری کوردستان کە ئەندامی ئەنجوومەنی کوردەکانی شاری نەشڤیلن وتیان کە ئەوان بە مەبەستی ناساندنی نەتەوەی کورد بە نەتەوەکانی دیکە، ساڵانە بەشداری ئەو فێستیواڵە دەبن و هەوڵ دەدەن بە نیشاندانی کولتوور و کەلەپووری کوردستان کورد وەکوو نەتەوەیەکی کە خاکەکەی لە دەرەوەی ئیرادەو ویستی خۆی دابەش کراوە بە دونیا بناسێنن.
شیاوی باسە کە زۆرترین رێژەی کوردەکانی نێشتەجێی ئەمریکا لە ولایەتی تێنێسی و شاری نەشڤیل دەژین بە چەشنێک کە ئەم هەرێمە بە کوردستانی بچووکی ئەمریکا ناوی لێدەبرێ و ئەمساڵ کوردەکان وێرای پتر لە ٥٠ نەتەوەی دیکە بەشداری فێستیواڵی نەتەوەکان بوون
Saturday, May 17, 2014
Homs in Sirya
Hiroshima after the bomb? Dresden after the firestorm? No, Homs today. The Syria that Assad is
fighting for.
ئێرە هێرۆشیمای پاش بۆمبی ئەتۆمە؟ درێسدەن لە پاش سێڵاوە؟ نا، ئەمە وێنەی هەنوکەی شاری حەمسە لە سوریە کە رژیمی ئەسەد
وێرانی کردوە
هیروشیما بعد بمباران اتمی؟ درسدن پس از طوفان؟ نه، این حمص امروز در سوریە است، که رژیم اسد ویرانش کردە است
Thursday, May 15, 2014
Tuesday, May 13, 2014
Subscribe to:
Posts (Atom)







