Archive

Wednesday, May 21, 2014

زانکۆی وینترۆپ لە ئەمریکا بە فەرمیی ئاڵای کوردستانی هەڵکرد




رەحیم رەشیدی/ واشینگتۆن

بە هەوڵ و تێکۆشانی دانا موحەممەد غەریب کە یەکەمین قوتابی کوردە لە زانکۆی وێنترۆپ کە بڕاوانامەی پزیشکی وەرزشی لە پلەی ماستەردا بە دەست هێناوە، ئاڵای کوردستان لە پاڵ ئاڵای دەیان وڵاتی دیکەدا، هەڵبدرێت.
ماڵپەری ئەو زانکۆیە لە وتارێک دا باسی لەوە کردوە کە ئەو خوێندکارە کوردە داوای لە سەرۆکایەتی زانکۆی وێنترۆپ کردوە کە ئاڵای کوردستان وەکوو ئاڵای وڵاتانی دیکە لە زانکۆکەدا دابندرێ.
لە سەرەتادا بەرێوەبەرایەتی زانکۆ سەبارەت بە جێبەجێکردنی داواکەی دانا موحەممەد غەریب رەزامەندی نیشان نەداوە. 
بەڵام دواتر بە هەوڵ و پشتیوانی سەرۆکی زانکۆ دوکتۆر جیمی کۆمستۆک ویلیامسۆن و پێداگری ئەو خوێندکارە کوردە، داواکە جێبەجێ کراوە و سەرئەنجام ئاڵای کوردستان وێرای ئاڵای دەیان وڵاتی دیکە بە شێوەیەکی فەرمیی و بۆ هەمیشە لەو زانکۆیە داندراوە.
لەم بارەوە دانا موحەممەد غەریب لە لێدوانێکی تایبەتی دا ئاشکرای کرد، لەبەر ئەوەی ناوبراو لەسەر بورسیەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ خوێندن هاتۆتە ئەمریکا، بەرپرسانی زانکۆکە داوایان لێکردوە کە ئەوان ئامادەن ئاڵای عێراق بە بێ هیچ گرفتێک هەڵبدەن، بەڵام دانا داوای کردوە کە بە جێگای ئاڵای عێراق ئاڵای کوردستان لەو زانکۆیە دابندرێ و لە کۆتایی دا و پاش هەوڵێکی زۆر داواکەی جێبەجێ کراوە. دانا شانازی بەم هەنگاوەیەوە دەکات و بڕیاریشە لە داهاتویەکی نزیک دا بگەرێتەوە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر لە بەر لە هاتنی بۆ ئەمریکا لەو زانکۆیە وەکوو مامۆستای یاریدەدەر کاری کردوە
پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە یەکەمین جار ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی، لەسەر دەستی ئەحمەد بارزانی لە زانستگای جۆرج مەیسێن لە واشنگتن، ئاڵای کوردستان بەرز کرایەوە، بەڵام دواتر بە هۆی نارەزایەتی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان لە نێودا دابەش کراوە، رێگە بە دووپات بوونەوەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەو زانکۆیە نەدرا.
شیاوی ئاماژیە، زانکۆی وێنترۆپ لە ولایەتی کارلۆلینای باکور یەکێک لە کۆنترین زانکۆکانی ئەمریکایە و ساڵی ١٨٨٦ی زایینی دامەزراوە و وەکوو زانستگایەکی فرەنەتەوەیی چاوی لێدەکری بە هۆی ئەوەی کە قوتابی و خوێندکاری بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی جیهانی لە خۆ گرتوە.

No comments: