Archive

Wednesday, May 28, 2014

عوسمان بایدەمێر داوا دەکات کۆنگرەی نەتەوەیی پێکبێت





رەحیم رەشیدی/ واشنگتن
عوسمان بایدەمیر سیاسەتوان و سەرۆکی پێشووی شارەوانی دیاربەکر، لەگەڵ ڕەوەندی کوردی لە ئەمریکا کۆبوەوە و وتارێکی سەبارەت بە پرسی کورد پێشکەش کرد. ناوبراو لە وتارەکەی دا، داوای کرد کوردەکان یەکیەتیی نێوانیان بپارێزن.
سیاسەتوانی کورد عوسمان بایدەمیر لە بڕگەیەکی دیکەی وتارەکەی دا سەبارەت بە پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەراست قسەی کرد و پێی وابوو کە بە بێ چارەسەر کردنی پرسی کورد ئاشتی و دێموکراسی لەو هەرێمەدا جێگیر نابێ
بایدەمیر لە نێو قسەکانی دا باسی لەوە کرد کە پرسی ئاشتی لە تورکیە بەرە و پێشچوە و هیوای وابوو کە ئەم رەوتە بەردەوام بێ و نەیشاردەوە کە سەفەری رێزدار مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیاربەکر، خەونی لە مێژینەی ئەوانی بۆ هەڵکردن ئاڵای کوردستان هێناوەتە دی و وتی کە بۆ ئەو خەونێک بوە کە ئاڵای کوردستان و تورکیا پێکەوە دابنێ. 
بایدەمیر پێی وابوو کە لە سەدەی بیست و یەک دا دەرفەتێکی زێرین لەبەر دەم کورد دایە و نابێ ئەم هەلە بە هۆی جیاوازیەکانەوە لە کیس بچێ و بە پێویستی زانی کە رێکخراوە سیاسییەکان کێشەی بچووک گەورە نەکەنەوە.
کۆرگێر لە درێژەی قسەکانی دا، سازدانی کۆنگرەی نەتەوەیی بە زەرووری زانی و لەم بارە داوای کرد کە مێدیای کوردی رۆڵی ئەرێنی بلەیزێ و بە زمانی ئاشتی قسە بکەن. بایدەمێر پێی وابوو کە کۆنگرە نەتەوەیی دەتوانێ لە پێشخستنی دۆزی کورددا دەورێکی گرینگ بگێرێت.
پێوسیتە بگوترێ ساڵی ٢٠١٢، ئەو کاتەی کە عوسمان بایدەمیر سەرۆکی شارەوانیپێ شاری دیاربەکر بو، هەنگاوی هاویشت بۆ نۆژەن کردنەوەی گەورەترین کەنیسەی ئەرمەنیەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەراست دا، کە لە دیاربەکر هەڵکەوتوە، هەر بۆیە کۆمەڵگای ئەرمەنییەکان لە ئەمریکا، بە مەبەستی رێزگرتن لەو هەنگاوەی بایدەمیر، ئەویان بانگهێشتی ئەمریکا کرد تاکوو خەڵات و سوپاسنامەی خۆیانی پێشکەش بکەن.
شیاوی باسە عوسمان بایدەمیر پاڕێزەر و چالاکی مافی مرۆڤ، یەکێک لە سیاسەتمەدارانی ناسراوی باکوری کوردستانە کە ساڵی ١٩٧١ لە دایک بوە و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ، لەسەر لیستی پارتی ئاشتی و دێموکراستی بەدەپە، سەرۆکی شارەوانی شاری دیاربەکر، گەورترین شاری باکوری کوردستان بوە. ناوبراو خۆشی خەڵکی ئەو شاریە و لە نێو کوردەکان دا بە کەسایەتییەکی نەتەوەیی دێتە ئەژمار.

No comments: