Archive

Thursday, May 29, 2014

ئەوین، نیشتمانپەروەری و خیانەت لە "شەقامی دوکتۆر قاسملوو"دا



رەحیم رەشیدی / واشنگتن

کاک فەتحی میرزائیان نووسەر و دەرهێنەری فیلمی "شەقامی دوکتۆر قاسملوو"، گەورەیی کرد و کارئاسانی کرد بۆ ئەوەی بە شێوەی تایبەت، لە رێگای ئینتڕنێتەوە، ئەو فیلمە ببینم.
مرۆڤ سەرەتا هەست دەکات، فیلمەکە سەبارەت بە ژیان و بەسەرهاتی شەهید قاسملووە، هەر بۆیە پێی وایە کە لەو بەرهەمەدا، کۆمەڵێک شت لە بارەی ئەو رێبەرەوە باس دەکرێ!
میرزائیان، بە دەست کورتی و بە بێ ئەوەی کۆمپانیایەکی زەبلاح، یان دەستمایەدارێک پشتیوانی لێبکات، چیرۆکی پڕ لە کارەساتی خەباتی ڕەوای میللەتێکی لە رێگای چاوی کامێراکەیەوە، بۆ نەوەی نوێی کوردستان و جهیان، لە ماوەی ٩٠ خولەکدا تۆمار کردوە...
بینەر، لە گرێچنی ئەو فیلمەدا، لەگەڵ خەبات و ئەوین، ژین و ژیان، هیوا و بێ هیوایی، لە ئاکام دا لەگەڵ ئیرادەی بەرزی لاوان ئاشنا دەبێ، کە چۆن دێوەزمەی مەرگ و نەهامەتی، ژیانی کۆمەڵگای کردۆتە دۆزەخ، بەڵام بەو حاڵەش هیوای هەڵاتنی هەتاو لە ناخی گەلدا هەر بە تین و تاوە، هەر بۆیە خەبات بۆ ئازادی سەرەڕای هەموو مەترسییەکانی بەردەوامە.
لێروەیە کە خۆشەویستی میللەت بۆ قاسملوو بازنەیەکە کە ئەوان لە دەوری یەکتر کۆدەکاتەوە و ئەمەش بەردەوام هیوا و ڕووناکایی بەرهەم دێنیتەوە...
دەرهێنەری فیلمی سینەمایی "شەقامی دوکتۆر قاسملوو"، ڕازاندنەوەی فیلمەکەی، یان باشترە بێژم بۆ سەر لە نوێ شلەقاندنەوەی گۆمی مەندی خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان، چیرۆکی ئەوینی "هاوار و هێرۆ" کە دوو ئەکتەری سەرەکی ئەو فیلمەن، دەکاتە هەوێنی فیلمەکەی و لەم نێوەدا زۆر داستانی پڕ لە کارەساتی نەبوونی، ترس، دڵەراوکە، جاشایەتی، دژبەری لەگەڵ جوانی و خۆشەویستی، نیشتمانپەروەری، نەداری و هەژاری لە پاڵ یەکدا دادەنێ، کەچی لە ئاکام دا ئەوەی دیباتەوە خۆشەویستی خاک و خەڵکە.
سەرەڕای دژواری و بێ دەرەتانی، نەبوونی پوڵ و کەرەستەی پێویست؛ بۆ ساز کردنی فیلمێکی ئەوتۆ، کە ساڵی ٢٠١١ و ٢٠١٢ لە هەرێمی کوردستان بەرهەم هاتوە، بە باوەڕی من دەرهێنەری توانیویەتی بەرگی کردەوە بە بەر خولیا و ئاواتی خۆیدا بکات و ئەوەی مەبەستیەتی وەکوو عەشقێک بۆ رێبەرەکەی، لە دونیای هونەر و سینەمادا تۆماری بکات...
لێرەوەیە کە دەبێ ئەم خاڵە لەبەر چاو بگیردرێ، شتێک هەیە لە رۆژهەڵات، کە ناهێڵی گوڵی هیوای میللەت بژاکێ، بەڵکوو بەردەوام هێزێک بوونی لە پانتایی کۆمەڵگادا هەست پێدەکرێ کە داوای ئازادی دەکات و ئامادەشە بۆ گەیشتن بە ئازادی نرخی زۆر پێشکەش بکات...
هەر بۆیە ڕەوتی ئاشنا بوونی دوو کارەکتەری سەرەکی لەو فیلمەدا، ئاوێتەی خەباتی رزگاریخوازانەی رۆژهەلاتی وڵات دەکرێ و بە بیرمان دێنێتەوە کە خەبات لە دژوارترین ساتەکان دا وەستان بە خۆوە نابینێ و خەباتکار خۆشەویستی گەل و خائین نفرەت لێکراوە!
هەوێنی ئەوینی "هاوار" كاراكتێری سەرەكیی فیلمەكە لەگەڵ "هێرۆ"یە، کە لە درێژەدا بە هەمان شێوە، ئەو ئەوینە دەبێتە تێشووی خەبات لە نێوان "هێرۆ ‌و هومایون" دا...
لەسەر یەک دەتوانم بێژم، ئەم فیلمە لەسەر رێبازی سووریالیستی بەرهەم هاتوە کە لەودا، پەڕژاوەتە سەر خەباتێكی نهێنی، مەدەنی و ئاشتیخوازانەی گەلێك كە ساڵانێكی زۆرە نیری تیرۆر و زۆرداری باڵی بەسەردا کێشاوە، لێ نەیتوانیەوە لە تێکۆشان بۆ رزگاری بیوەستێنێت و چۆکی پێدادات...
دەکرێ زۆر ڕاشکاوانە بێژم کە بەشداری ئەو وەچە نوێیەی خەباتی ئەم سەردەمەی کوردستان، ئەوانەی کە بە هۆئ ئازار و جەزرەبەی داگیرکەرەوە، پەڕیوەی دەرەوەی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون، سەرەکیتریین تایبەتمەندی فیلمی "شەقامی دوکتۆر قاسملوو" لە خۆ دەگرێ، کە لە چوارچێوەی ناوێکی ئەوتۆدا هەموو خەم، ئازار و هیواکانی میللەتێک بۆ ئازادی کۆ کراوەتەوە.
ئەو کەسانەی لەو فیلمەدا دەور دەبین، ئەکتەرگەلی کاراو دیاری دونیای سینەما و هونەری فیلم نین، بەڵام ئەو مرۆڤە ئاسایانەی کۆمەڵگان کە خۆشەویستی خاک و خەڵکیان لە هەناویان دا هەڵگرتوە. ئەمەش زۆر جار ختوولکەی هەست و هەناوی بینەرانی ئەو فیلمەکە دەدات، کە لەگەڵ ئەو ئاوات و ئازارانە ئاشنان.
ناوەرۆکی فیلمەکە، بینەرەکانی، ماتەمبار دەکات، هیوایان پێدەبەخشێ، دڵخۆشیان دەداتێ، لە هەمان کات دا ئەسرین بەسەر گۆنایان دا قەتارە دەبەستێ، بێئەوەی ئامادەی تەسلیم بوون بن. خەبات بۆ ژیانێکی باشتر لە سات بە ساتی ئەو فیلمەدا، سێبەری بەسەر سەرمانەوە لاناچێ!
پێم وایە ئەم بەرهەمە سینەماییە، دەتوانێ کاریگەری خۆی بە قوڵی لەسەر جەستە و رۆحی ئەوانەش بەجێبێڵێ کە نوقمی شادی و ئازادین، لەگەڵ ئەوەی کە رۆژ رەشیی، شەر و سەرکوتیان نەدیوە، بەڵام مرۆڤن و بە ئازاری مرۆڤەکان و دژواری ژیانیان تووشی ڕامان و ڕاچڵەکین دەبن.
ئالێرەوەیە کە دەبێ ئێمە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری و یارمەتیدەری بەرهەمێنەری ئەو فیلمە بین، بۆ ئەوەی خەڵکی جیهان تێبگەن کە هێشتا هەن کەسانێک لەم دونیادا کە بۆ رزگاری هەموو سەختییەک تاقەت دێنن، بەڵام ئامادە نین بۆ ملهوری و زۆرداری چۆک دابدەن.
ئەوە هیچ لەو راستییە ناگورێ، کە چ روانیین و رەخنەیەکمان لەسەر ناوەرۆکی فیلمی "شەقامی دوکتۆر قاسملوو"، هەیە، کەموکوڕی و هەڵەکانی چن، ئاخر خۆ دەبێ میللەتی مەش فێر بێ کە لەو دەرەتانە نوێییە بە قازانجی پرسی کورد لەم سەردەمەدا کەڵک وەرگرێ؛ ئەمەش بەوە دەکرێ کە هەوڵی بینینی ئەو فیلمە بدەین و زۆرترین بینەری بۆ کۆکەینەوە؛ بۆ ئەوەی میرزائیان بتوانێ لە کارەکەی بەردەوام بێ و لە داهاتوودا شتی باشتریشمان پێشکەش بکات.
گومانم نیە کە ئەمە وەفایەکە بۆ رۆحی بەرزی دوکتۆری شەهید و ئاوێتەکردنەوەی رۆحمانە بە دژوارییەکانی خەباتی ئەو کوڕ و کچە گیان لەسەر دەستانەی نێوخۆی وڵات، کە بەردەوام بێ هیوایی بۆ دوژمین بەرهەم دێنن.
با لە بیرمان نەچێ، "شەقامی دوکتۆر قاسملوو" پرۆژەیەکی نەتەوەییە و هەوڵیدانێکی پڕ واتایە بۆ ئەوەی دونیا گوێی کەڕی خۆی بکاتەوە و چیدی چاوەکانی لەسەر ئەو هەموو برین و ئازارانەی رۆژهەڵاتی کوردستان نەبەستێت.
ئەوەتا، دژبەرانی ئازادی، هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن؛ بۆ ئەوەی هاواری ئێمە نەبیسترێ، کەوایە لەم دۆخەدا "شەقامی دوکتۆر قاسملوو" دەرفەت و دەرەتانێکی لەبار و ئەمرۆییە، بۆ ئەوەی هاواری ئێمە لە دونیادا دەنگ بداتەوە و جارێکی دیکەش پرسی ماف و ئازادییە دێموکراتیکەکانمان بێکەوێتەوە رۆژەڤەوە، لەوە تێدەگەم کە ئەمە بە فیلمێک ناکرێ، بەڵام خۆ رێگایەکە و دەتوانێ لەم سەردەمەدا کەلێنێکی مەزن پڕ کاتەوە...
بێ گومان بۆ سەرخستنی ئەم هەوڵە، کەسانی وەکوو میرزائیان پێویستیان بە هاوکاری و پشتیوانی ئێمەیە.
ماوەتەوە بێژم، تاکوو ئێستا، فیلمی "شەقامی دوکتۆر قاسملوو" پاش بەشداریی کردنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گوتام ئێسکرین" لە ئۆکتۆبری ٢٠١٢دا، لە شاری نیۆیۆرک، لە لایەن بەرپرسی زانستگای هونەری سالفوردی بریتانیاوە رێزی لێنرا و هاوکات بۆ وەرگرتنی خەڵاتی "ئالومنا"ی ساڵی ٢٠١٣، کە تایبەتە بە دەرچوانی زانستگای هونەری سالفورد، لە بریتانیا، کاندید کرا.
پاش بڵاوبوونەوەی ئەو فیلمە، لە زانستگای سالفورد، دوکتۆر "مارتین هال"، بەرپرسی زانستگای سالفورد لە نامەیەکدا بە شێوەی فەرمی رێزی لە چالاکییەکانی فەتحی میرزاییان نووسەر و دەرهینەری فیلمی "شەقامی دوکتۆر قاسملوو" گرت.

No comments: